ئەدەبی زمان

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  4272 مشاهده

مەبەست بەم ئەدەبە ئەو گەوهەر و قسە جوانانەیە کە لە دوو لێوی شاعیر و ئەدیب و نووسەری ئەو قەومە دێتە دەرەوە و تەعبیر لە خەیاڵی نازکی عاتیفەیەکی بیروباوەڕیان ئەداتەوە. ئەمانزمانی زمانەکەیانن، بولبولی باخی ئەدەبیاتیانن، بۆیە وانە چونکە ئەو شتەی ئەوان ئەیڵێن شعوور ئەبزوێنێ، گیان ئەلەغزێ نێ. کە وا بوو ئەمان زمانەکە ڕایەنن و بەرزی ئەکەنەوە. دیسان ئەدەب وەکوو چۆن ئەمە ئەگرێتەوە ئەوەش ئەگرێتەوە کە هەر شتێک لە هەر زمانێکا و لە باری عیلمی، یا دەستکردی جوان، یا پیشەیەکی نایابا وترابێ. لەسەر ئەم قسەیە هەر شتێک شاپەڕی خەیاڵی شاعیرێک، یا دەستنەخشینی دەستڕەنگینێک، یا پیشەگەری پیشە سازێکی گەیشتبێتی، ئەدەبە و بە ئەدەب دائەنرێ.

مێژووی ئەدەب:

کە وترا مێژووی ئەدەب مەبەست عیلم و زانینێکە کە باس لە چۆنیەتی لۆغەت و زمان و شتی جوان و ئەو شیعر و نووسینە نەخشینانە ئەکا کە ڕۆڵەی ئەو زمانە لە لاپەڕی مێژوودا بۆ پاش خۆی هێشتووەتەوە باسی ئەو بەرزی و نزمییانەی ئەکا کە کارەساتی دەوران بەسەریا هێناوە. وەکوو ئەمە ئەگرێتەوە، ئەوەش ئەگرێتەوە کە دوان و قسە کردنە لە ئەحواڵی هەڵکەوتووانی ئاشنایانی قەڵەم و شیعر و زمان و هەڵسەنگاندنی دانرا و بیروباوەڕەکانیان لەگەڵ کار کردنی هەندێکیانا لەباری فیکر و پیشەدا. جا مێژووی ئەدەب ئا بەم مەعنایە شتێکی تازەیە و «ئیتالیایی»یەکان لە سەدەی هەژدەهەمی میلادیدا ئەم ناوەیان بۆ دانا، کە ڕۆژ هەڵات و ڕۆژاوا خۆیان لێک هەڵسوو و ئەم ناوەش کەوتە ناوەوە. هەر یەک لەم تاریفانە کە پیاو سەیری ئەکا، لەوانەیە مانعایەکی تایبەتی بێ بۆ مێژووی ئەدەب. ئەگینە بە جۆرێکی تێکڕایی تاریفی مێژووی ئەدەب: زنحیرە باسکردنێکە کە لەگەڵ زەمان و زمانا هاتبێت، باسی ئەو شتانە بکا کە لە کتێبەکانا نووسراونەتەوە، لەسەر بەردەکان هەڵکەنراون، لە لاپەڕەی ڕۆژنامەکانا خراونەتە بەر چاو. - کە دیارە ئەمانە تەعبیر لە عاتیفە و لە فیکر ئەدەنەوە - وە یا عیلم و هونەرێک بە پیاو نیشان ئەدەن، وەیا پەرێزە جارێ کارەساتێکن. هەروەها هەر لەژێر ئەم مانعایەدا ئەوەشی تێدایە کە باس لە زانا و حەکیم و کتێب دانەرەکانیش بکا و ڕێگە وپایەی هونەر عیلمەکەیانمان بۆ دەرخا. مەبەست لەمانەش هەموو هەر بۆ ئەوەیە کە پیاو بزانێ لە ڕەوڕەوەی ڕۆزگاری پێشوودا لە چ وەختێکا عیلم، یا پیشە، یا هونەر بەرزی و نزمی بەسەرا هاتووە.

کەڵکی مێژووی ئەدەب:

ئەمە ئاشکرایە کە مێژووی ئەدەب ئاشنایەتییەکی زۆری بە ژیانی قەومەوە هەیە؛ چونکە ئاگاداری پەیدا کردن بەسەر زمان و لۆغەت و ئەو شتانەدا کە لە کردەوەی ئەقڵ و دڵە یەکێکە لەو بناغە هەرە قاییمانە کە قەومێک یەکیەتی و شەرەف و مایەی شانازیی خۆی لەسەر دائەمەزرێنێ. ئەگەر قەومێکت بێبەش کرد لەو ئەدەب و عیلمانەی کە لە باوباپیریەوە بۆی ماوەتەوە و ناهۆمێدت کرد لە پەیڕەوی کردنی عەنعەناتی قەومی و ئەدەبی خۆی، ئەوە هیچت لەگەڵ نەکردووە تەنیا ئەوە نەبێ کە مەهارت کردووە و ڕایئەکێشی بۆ لای دیلیەتی هۆش و فیکر، کە ئەمە گەلێ خراپترە لە دیلیەتی سیاسی، چونکە نەخۆش کەوتن و بە سوخرە گرتنی لەش دوور نییە بە داو دەرمان چاک ببێتەوە، بەڵام هی فیکر و هۆش مردنێکە بۆ ئەو قەومە کە هیچ پزیشکێک ناتوانێ دەرمانی بکا.

بەشکردنی مێژووی ئەدەب:

مێژووی ئەدەبی برایەکی بڕبڕە پشتەی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەموو قەومێکە و بەبێ یەک نایانکرێت، بگرە مێژووی ئەدەبی لە چاو مێژووی سیاسیدا بەنرختر و بەکەڵکترە و مەسەلەکەیان وەکوو مەسەلەی فیکر و کردەوە و باوەڕ و هێز وایە. هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی گومانی تێدا نییە کە لە ئاژاوەی فیکرییەوە سەر هەڵئەدا؛ ئەمەش یەکەم جار لەسەر زمانی شاعیر و لە نووکی قەڵەمی ئەدیب و عالمەکانەوە دێتە بەرهەم، لەمانەوە وردە وردە بە هۆی نووسینەوەی نووسەرەکان و خوێندنەوەی خەتیبەکانەوە ئەتەنێتەوە بۆ مەردمی تر و ئینحا بزووتنەوە سەر هەڵئەدا. جا لەبەر ئەمە ئێمەیش ویستمان مێژووی ئەدەبی قەومی خۆمان کە «مێژووی ئەدەبی کوردی»یە بە گۆڕانی زەمان هاڵوهەواڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی بکەین بە سێ بەشەوە:

یەکەم: ئەدەبێکی زۆر کۆنی چیرۆکی و ڕاز و نیاز تا ئەگاتە سەد ساڵێک پاش سەرەتای سەدەکانی ناوەڕاست و تۆزێ پاش سەرەتای ئیسلامەتی.

دووەم: لە سەرەتای سەدەی حەوتەمی پاش میلادەوە تا ئەگاتە سەدەی حەڤدەهەمی میلادی، کە دووسەد ساڵێک دوای دوایی هاتنی سەدەکانی ناوەڕاست ئەکەوێ.

سێیەم: لە سەدەی حەڤدەهەمی میلادەوە تا ئیمڕۆژ.