هەموو سۆزی دەروون هەست و ئەڤینە
یاسای سروشت
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
1 دقیقه
804 مشاهده
هەموو سۆزی دەروون هەست و ئەڤینە
دڵی دڵدار کە کورەی ئاگرینە!
ئەمە یاسای سروشتی ڕۆژگارە
لە ئادەم تاکوو ئێستا چین بە چینە!
نەکەی لەم ڕۆژگارە دڵنیا بی
بەراتی ژان و فرمێسک و گرینە!
کەسێک هۆگر نەبوو بۆ بەد ڕەوشتی
شیاوی ڕێزە، جێگای ئافەرینە
لە بۆ چاکە کەسێ گیانی بەخت کا،
سولەیمانێکە خاوەن سەد نگینە!
گومان ناکەم چ تاوانم هەبێ من
زەمان بۆ چی لەگەڵ من وا بە قینە؟!
لە زیندانی ئەڤین هەر کەس وەکوو مەم
کە بەندی داوی زولفی خاتو زینە
بە یادی چاوی لەیلا بۆیە مەجنوون
کە چۆلی نەجدی لا وەک شانشینە
ئەوەی دڵداری بۆ خۆی کردە پیشە
چ دەربەست شین و شایی و مەرگ و ژینە
نەچی بۆ دیتنی دولبەر لە شەو دا
ترسناکە هەمووی بۆ سەو کەمینە!
لە لووتکەی بەرزیا هەرکەس کە سەرکەوت
گومانی ناوێ دوایی دا بەزینە
ئەوەی ڕۆژێک لە ژین دا پێکەنی بێ
سزای ئەولای کەمی ساڵێک گرینە!