نیشتمانی شیرینم
چارەنووسی کورد
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
2 دقیقه
1058 مشاهده
نیشتمانی شیرینم،
تۆی هیوا و شادی ژینم
خۆشەویستیی تۆ تەنیا،
بە منی بەخشی هیوا!
من زۆر هیوا بڕاو بووم
ناکام و کاڵ و خاو بووم
خۆشەویستی و دڵداری
خستمیە ڕێی هوشیاری
کاتێ لە خەوی مەستی
هاتمە ناو کۆڕی هەستی
سەرنجم دا لە هەرلا،
هەر خۆم بینی بە تەنیا
لە گێتی پان و بەرین
من بێ بەش مابووم لە ژین
مەرجم کرد لەگەڵ یەزدان
سوێندم خوارد بە کوردستان
ڕۆژ و شەوم نەسرەوم،
دەبێ منیش سەرکەوم!
بە فرمێسکی مرواریم،
تاری ڕشتەی هەژاریم
خەم و پەژارە و تاسە،
لەگەڵ بۆ سۆی هەناسە
لە گڕی ناخی دەروون
لە قۆڵایی دەریای خوون
گەوهەرێکی نرخدار،
بێنمە بەر چاوی کڕیار!
پارچە پارچە شیعری جوان
بهۆنمەوە بێ وچان!
بیفرۆشم بە یەکجاری
بیبەم بۆ لای کڕیاری
پوول و دراو وەر بگرم
چەکی شەڕی پێ بکڕم
بیدەم بە تۆپ و تفەنگ
بۆ پێویستی ڕۆژی جەنگ!
بی بەخشم بە کوڕی لاو
لەگەڵ جوانترین سڵاو!
ئەو مافم بۆ وەردەگری
ئەو لێم دەکا بەرگری
ئەو خوێنی خۆی دەڕژێنێ
ئەو تۆڵەم بۆ دەستێنێ
سوێندم بە نیشتمانە
بەڵێنێکی مەردانە!
تا گیان مابێ لە لەشم
لە کردەوەت هاو بەشم!
تاکوو ئەو ڕۆژە دەمرم،
دەست لە خەبات هەڵ نەگرم!
لەگەڵ لاوانی نەبەرد
بگەڕێم لە دەشت و هەرد
ئەو بە چەک، من بە پێنووس
تا دەگەینە چارە نووس
چارەنووسێک پڕ داد بێ
کوردی تێدا ئازاد بێ!