فریشتەی جوانی، شۆخی پەری ڕوو
فریشتەی جوانی
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
1 دقیقه
1053 مشاهده
فریشتەی جوانی، شۆخی پەری ڕوو
داد لە دڵداری، وای لە دەستی تۆ
نێچیرت کردم بە نیگای چاوت
خستمتە بەندی پەرچەمی خاوت
خۆ ڕزگار بوونم یەکجار مەحاڵە
گەیشتن بە تۆ خەون و خەیاڵە
تۆ کە هەمیشە بە شادمانی
لە پلەی بەرزی و شۆخی و جوانی
دەڵێی پەروەردەی بەهەشتی خوایی
لە بەرز فڕین لاف و دارایی
منیش کۆست کەوتووی چاڵی خەمباری
لەو پەڕی ڕووتی و لاتی و هەژاری
ئای لە دڵداری دەردی گرانە
تایبەتی بۆ من کە بێ دەرمانە
ئاسمان و ڕێسمان لە من ڕووی داوە
گەیشتن بە تۆ خەیاڵی خاوە!