مەیگێڕ بە چاوی مەست و شەڕفرۆش
مەیگێڕ
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
1 دقیقه
999 مشاهده
مەیگێڕ بە چاوی مەست و شەڕفرۆش
لە کۆڕی بەزمت نەمکەی فەرامۆش
دەمێکە پەستی دەستی ڕۆژگارم،
مات و سەر سامی چەرخی بەدکارم!
دەمەوێ ساتێ دوور بم لە پەستی
کات ڕابوبرم بە شادی و مەستی
هێندەش مەست نەبم کە پێی سەرخۆش بم
نەک بۆ کەسێکی دی شەڕفرۆش بم!
بنۆشم جامی مەی ڕەنگ ئەرخەوان
ئاشنا دەبین بە یەک بێ گومان
گۆرانی بێژی بە ئاوازی چەنگ،
مەی گێڕ ببەخشێ پیاڵەی گوڵ ڕەنگ!
ئەم بە ئاوازی نەواو قەتار،
ئەو زە نازکی و بەلانجە و بە لار!
ئەم بە قژی زەرد بە چاوی کەژاڵ
ئەو بە سۆزی نەی بە دەنگی شمشاڵ
گاهـ بۆ تەماشا، دەمێ گوێ دێر بم
دەمەوێ ژیان لەگەڵ تۆ فێر بم
تۆ بە پێکەنین بە غەمزە و بە ناز
منیش بە هیوا و ئاوات و نیاز!
ئەمە سەرەتای ساڵی تازەیە،
خۆشی من و تۆ، بێ ئەندازەیە!