دولبەری شۆخ و نیگارم کە بە یەک غەمزەیی چاو
ئەرخەوان
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
2 دقیقه
1302 مشاهده
دولبەری شۆخ و نیگارم کە بە یەک غەمزەیی چاو
هەست و هۆش و دڵ و دینی کە ڕفاندم لە نکاو
خۆم دەپاراست و دەترسام لە هەموو ڕووداوێک
لە ووزەی من نەبوو دوبارە منی خستەوە داو!
هەر لە ئێستاوە بە هیوامە ئەگەر ڕێک بکەوێ
چی لە دڵمایە بڵێم پێی بە وتووێژی تەواو
بەسە ئازار و سزا و سەرکەشی بێ ئەندازە
بۆ فەرامۆشی دەکەی ڕۆژی جەزا خانە ڕماو
پێت بڵێم خزمەتی بێگانە چییە ئەنجامی
ڕووڕەشی و چاو لەبەری و ملکەچییە و قنگی دڕاو
ئەرخەوان بەم گوای سورت مەبە بایی لە بەهار
وێنەیێکە کەوەرت، گرتووە لە حوێنی ڕژاو
تەختی بقلیسە بەسەر مەرزی منا تێ دەپەڕێ
جێی نییە زۆر و کەمیش پێی بکەوێ تیشکی هەتاو
نەکو دڵگیر بێ لەوە شاهی سلێمان ڕۆژێ
لەشکری بێ بگرێ عەرد و سەما و ڕووبەری ئاو
هودهودی بادی سەبا بۆنی گوڵی پەخشان کرد
بەسەدان پیری بە ساڵا چوو هەموو بوونەوە لاو
چ بەراتێکە کە سوود بەخشە بە بەرکێ بکەوێ
شادمان بەختەوەرە دوورە لە ئاژاوە و داو
ئەم شەوە دوا شەوی شەعبانە ئەوند خۆت مەست مەکە
تا شەوی جەژنە دەڵێن دەنگی نەما تەپڵی دڕاو!