هەر درۆ ئەوڕۆکە ژینە، هەربژی یاخوا درۆ

هەر بژی درۆ
از کتاب:
دیوانی موخلیس
اثر:
مخلص (1910-1985)
 5 دقیقه  1081 مشاهده
هەر درۆ ئەوڕۆکە ژینە، هەربژی یاخوا درۆ
بۆ بەشەر بویتە خەزینە، هەربژی یاخوا درۆ
هەر درۆیە کارەبای دێهاتی وا ڕۆن کردووە
لۆکس و فانۆس چ نینە، هەربژی یاخوا درۆ
دێ نییە ئەوڕۆ لە دێهاتان کە ئاویژگە نەبی
دەغڵ و دانی زۆر بچینە، هەر بژی یاخوا درۆ
هەر تەرەکتۆرێ درۆیانە دەسووڕێ ڕۆژ و شەو
جۆت و جۆتیار لێ کەتینە، هەربژی یاخوا درۆ
سەیری دەڕاسەی درۆیان چۆن تەبارەی دایتە بەر
چەندە پان و چەند بەرینە، هەربژی یاخوا درۆ
کاک سەپان وەتێلە کێشمان، وا لەماڵ دانیشتوون
ئەو مەم و ئەو خوشکە زینە، هەربژی یاخوا درۆ
پاش ئەوەی ئاو هاتە دێهات، هیچ نەهات هەڵناگری
سەیری جۆخینیان ببینە، هەربژی یاخوا درۆ
بۆ هەژاران وا لەدێهات، خەستەخانە ئیش دەکات
کا ئەوەی خاوەن برینە؟ هەربژی یاخوا درۆ
وا خەریکن هەرچی دێیە جادەیەکی بۆ ببەن
تا بڵێی پان و بەرینە، هەربژی یاخوا درۆ
هەرچی ماڵ بی نابی سەییارەی خسوسیی پێ نەدەن
تۆزی ڕێگا بەس ببینە، هەربژی یاخوا درۆ
بەسیە تاکەی وا لە خانووی خشت و قوڕ ئەوها دەژین
خانووەکەی خۆت هەر وەشینە، هەربژی یاخوا درۆ
وا موهەندیس دێتە دێهات جێ قەسری دیاری بکا
جێ بناغەی هەڵقەنینە، هەربژی یاخوا درۆ
قەسرکان هەرکە تەواو بوون، مۆدەیان ڕاکشێنە نێو
کاکی خۆم خۆت ڕاوەشینە، هەر بژی یاخوا درۆ
هەرکە وەقتی حەفلە هات، عالەم لە دێیان دێنە شار
عاشقی حەرد وەزوینە، هەربژی یاخوا درۆ
دەچنە پێش دەست ئەو کەسەی دەستەبەری ئەو کارەیە
بەو جلی وا پینە پینە، هەر بژی یاخوا درۆ
کەس لەوانەی خاوەنی فلسێک نییە بۆ شار کەدێ
قەرد لەبۆی ئەسبابی ژینە، هەربژی یاخوا درۆ
ڕۆژی جومعەی ڕەمەزان کۆبوونەوەی ئەو حەفلەیە
دۆر کوتان و هەرپەڕینە، هەربژی یاخوا درۆ
ئەو برا و خوشکانە وەک بزن و تەگە تێک بەردەبن
مرقە مرق و.... هەربژی یاخوا درۆ
پێشڕەوی چینی ژن و چینی پیاو لەو حەفلەیە
کەسک و زەرد و سەر سپینە، هەربژی یاخوا درۆ
پاش ئەوەی شایی تەواو بوو یێک بە یێک پێیان دەڵێ
کاک فڵان شاباشی بینە، هەربژی یاخوا درۆ
هەرچی پێویست لەبۆ سندووقی حیزبی دادەنێن
هەربژی و هەر ئافەرینە، هەربژی یاخوا درۆ
باسی کشت و کاڵ دەکەن تا پارەکەی وەردەگری لێی
بەو قسە جەرگی بڕینە، هەربژی یاخوا درۆ
ئیشی خۆیان هەرکە دیت ئەوجا خەتیبی بانگ دەکەن
پێی دەڵێن خوتبە بخوێنە، هەربژی یاخوا درۆ
بەو زمانی لووس کەوا دێ دەست دەکاتە خوێندنەوە
ڕوو لە دونیای پشت لە دینە، هەربژی یاخوا درۆ
بۆنی ئینسانییەت و دین ناکرێ لەو خوتبەیە
گوێ بدە سەر هەرتەکینە، هەربژی یاخوا درۆ
هەرچی خۆی و نەفسی و شەیتان ئارەزوویان بێ دەڵێ
تەرکی دین و خوێن مژینە، هەربژی یاخوا درۆ
بەر لە پێغەمبەر چ دینێکیان بوو ئەویان دەوێ
ئاگری نەورۆز ببینە، هەربژی یاخوا درۆ
عالەم و خۆیان سووتاند ئاگری نەورۆزیان چییان
دووکەڵی تاریک و شینە، هەربژی یاخوا درۆ
ئەو هەموو عالەمەیان چۆن کردە ئاردی نێو دڕک
شێخ عەواسیان جێ نشینە، هەر بژی یاخوا درۆ
سەیری ڕێگایان بکە هەر باربەکۆرە، دێ لە ڕێ
ڕۆژ و شەو هەر تێک پەڕینە، هەربژی یاخوا درۆ
چەند کەشەنگ و چەندە برسی و چەندە تینوونە دەڕۆن
دەنگی منداڵ و گرینە، هەربژی یاخوا درۆ
جەیش و قووەت چوو لەبۆ هەرجێ قیامەت دێتە وێ
گوێ بدێ گریان و شینە، هەربژی یاخوا درۆ
هەر درۆیە وا دەسووڕێ دین و دونیا تێک دەدا
دوژمنی دونیا و دینە، هەربژی یاخوا درۆ
موسڵ و هەولێر و کەرکوک و سلێمانی هەموو
جێ قنارە و سەربڕینە، هەربژی یاخوا درۆ
ئەو درۆی ئەو کارەساتەی کرد بە ئێمە، پێوەیە
بچتە لای مەککە و مەدینە، هەربژی یاخوا درۆ
تا ئەوێش تێک بەربدا ئێکجاری دونیا پیس بکا
بۆ فەساد برسی و خورینە، هەربژی یاخوا درۆ
ڕووی زەمینی گرت درۆ، ڕۆیی گەیشتە ئاسمان
وا لەلای مانگ دابەزینە، هەربژی یاخوا درۆ
بۆ درۆ هەر سەگ دەنێرێ بچتە ئاسمان تێ بگە
چوونە ئاسمان سەگ وەڕینە، هەربژی یاخوا درۆ
ئەی براکەی دین پەرست و باب موسڵمان و عەزیز
خەونی بێبەر بەس ببینە، هەربژی یاخوا درۆ
بەربدە یێقەی درۆزن موچەخۆری بۆ مەکە
موچەکەی کوژران و خینە، هەربژی یاخوا درۆ
ئەو کەسانەی ئەمن و تۆیان پێدەوێ بۆ دین نییە
هەرلەبۆ تێکدانی دینە، هەربژی یاخوا درۆ
بۆ دیارنین بێنە مەیدان گەفکەری ئێمەی هەژار
هەستە دوژمن هەر قەنینە، هەر بژی یاخوا درۆ
کا ئەوەی دەیویست ئێمە لێ بخا و دەرمان بکا
خوا هەیە ئێوە چ نینە، هەربژی یاخوا درۆ
ئەو کەسەی کوورەی درۆیانی دەجۆشاند کێوە چوون
عالەمێک سوتای ئەوینە، هەربژی یاخوا درۆ
ئەو کەسەی دوونێ دیار بوو کەوتووە ئەوڕۆ لەماڵ
چاوەکەی حیزت هەڵینە، هەربژی یاخوا درۆ
ئەو کەسەی ئەو عالەمەی تێکدا لەبۆچی نامرن
هەر خەریکی زۆر وەڕینە، هەربژی یاخوا درۆ
عەیبە وەک خاتوون لەبەر چاوی خەڵک خۆت بادەدەی
دوژمنیشت وا خەنینە، هەربژی یاخوا درۆ