وڵات هەی وڵات کەینێ بتبینم

وڵات هەی وڵات
از کتاب:
دیوانی موخلیس
اثر:
مخلص (1910-1985)
 3 دقیقه  915 مشاهده
وڵات هەی وڵات کەینێ بتبینم
دەست لە هەیاسەی پشتت وەرینم
من جێگەی پێشوم شۆڕە زەردکەیە
ئەو شۆڕە زەرتکەی کە ندێناوەیە
دێیەکی زۆرە، زۆر خۆش هەوایە
ئاوەکەی شۆری وەک دەرمان وایە
پیشەی کوردانە لەوێ وابووە
هەرکەس مەڕدابێ بۆ قەراج چووە
من وەک ئێستا کووم، هەر بە مناڵی
خاک ونەتەوەم کەوتە خەیاڵی
دیتم کە خاک و نەتەوەی واچاک
بویتە ژێردەستی دوژمنی ناپاک
دڵ چرای بەزم و ڕەزمی کوژراوە
بۆیە هەموو دەم تەنیا و داماوە
بەڵان کەزانیم ڕێی دەرچوون دوورە
بەخۆم خۆم ون کرد غەم بوو بە شوورە
وام نەکرد بچمە بەندی و تەویلە
دوژمن پێم خۆش بی پێم بڵێن: دیلە
خۆم تەوانەدا زۆر بە دەست و برد
گەرچی هەژار بووم خوێندنم دەکرد
***
وڵاتمان خۆشە هیچ عەیبی نییە
بستە خاکێکی بێ فایدە نییە
یا کشت و کێڵە یاخۆ پاوانە
یا ڕەز و باخە یا دارستانە
ئەو فائیدانەی لەسەر پشت هەنە
سەیری نێوزگی یەکسەر مەعدەنە
وڵاتی ئێمە وەک دار گوڵ وایە
گوڵ بۆ بێگانە، خار بۆ ئێمەیە
بێگانە وایکرد نابێ وەتەنمان
بەزمانی کوردی بدوێ لەگەڵمان
بست بە بست خاکمان کەشفی کرایە
نموونەی ئێستا لە ئەوروپایە
شەقڵی کردووە شەقڵی مەشکێنە
لەخۆت خۆش ببە ئەوجا بشکێنە
بەبەردی خۆمان سەرمان ئەشکێنێ
بەنەوتی خۆمان ئەمان سوتێنێ
دەمان خنکێنێ بە دیجلە و فورات
ویجدان چۆن وایە خوا لەناوت بات
هەروەکوو زێروو دەمژیتن خینمان
دەرناکەویتن جێگەی برینمان
وڵات هەی وڵات کەینێ بتبینم
دەست لە هەیاسەی پشتت وەرینم
ڕوومەتت ماچ و نێو دەمت بۆن کەم
بە دیتنی بەرزیت چاوی خۆم ڕۆنکەم
وڵات هەی وڵات لەناوەڕاستت
دەشتی هەولێر و چیای بەڕاستت
سەیری کێوان کە کژی بوواران
دڵ دەلەرزێنن هەروەک نازداران
هێندە جێ زەردە، هێند جێ سوورە
هێندە جێ سەوزە، هێندە جێ مۆرە
هێندە جێ ئاگر، هێندە جێ نوورە
پاک و خاوێنی وەک کێوی توورە
هێندە جێ سپی، هێندە جێ شینە
چۆن تەخمین بکەی هەوراز تەخمینە
بەهەشتی کوردان دامەزراوە ڕێک
بیری نایگاتێ هیچ موهەندیسێک
دەشتی قەراجی دەشتێکی پانە
جێی ڕاوکەران و چاو غەزالانە
سەیری بوواران چەند ڕەنگاوڕەنگە
شۆقەی بووکانە پڕ شۆخ و شەنگە
چین چین تەماشا هۆبە و ڕەشماڵە
ئەو هەموو هۆبە پڕ کچ و کاڵە
ئەو کیژی ڕووگەش وەک خونچەی سەحەر
هەرچی دەبینی مەیلت دەچێتە سەر
هەر لە دووکچان ئەمن عەوداڵم
بێ کچ و کاڵان بێدەنگ و لاڵم
بچینە خۆشناوان سەرسووڕ دەمینێ
خۆت گەر بێیەوە دڵ جێ دەمینێ
ئەو ڕەز و باغی وا ناسک و نازدار
ئەو کێوی بەرزی هەزار بە هەزار
ئەو میوەهاتی لەوێی بار دەکەن
لوبنان و تائیف شەرمەزار دەکەن
وڵات هەی وڵات کەینێ بتبینم
دەست لەهەیاسەی پشتت وەربینم
ڕوومەتت ماچ و نێو دەمت بۆنکەم
بە دیتنی بەرزیت چاوی خۆم ڕۆنکەم