لێی وەرگرتن

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  958 مشاهده

بە هۆی ئەم باسەوە چەند بابەتێکی تر لە هونەری جوانکاری وشەیی سنگ دێنێتە پێشەوە، چار نییە هەر ئەبێ لەم شوێنەدا باسکرێ.

یەکێک لەوانە:

«لێی وەرگرتن»ە.

لێی وەرگرتن وشەیەکە بۆ هەموو شت ئەبێ؛ واتە شتێکی گشتییە، هەر شتێکی ماددی، یا مەعنەویی لە شتێکی تر وەربگیرێ، هەر لێی وەرگرتنە. بەڵام لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە هۆنەر، وە یا نووسەر هەندێ وشە بە گوزارەکەیەوە لە شتی تر وەرئەگرێ و ئەیخاتە ناو بەرهەمەکەی خۆیەوە.

ئەمە بەلای زانایانی بەلاغەی عەرەبییەوە بە «اقتباس» ناو براوە. اقتباس - یش هەر بۆ ئەو چەمکەیە کە وترا. وەکوو لەوێدا لە گوزارەی گشتییەوە گوێزراوەتەوە بۆ تایبەتی، لە کوردییەکەشا لە «کلّی»یەوە گوێزراوەتەوە بۆ «جزئی».

جا ئەم لێی وەرگرتنە ئەوەیە کە بەرهەمی کەسێکی تایبەتی شتێکی تر بخاتە ناو خۆیەوە، بەڵام نەک بەو ناوەوە کە ئەمە لەوە، واتە باسی خاوەنی لێی وەرگیراوەکە نەکا، چونکە ئەگەر باسی کرد، وە یا ناوی هێنا، ئەمە بە چەمکی لێی وەرگرتن ناو نابرێ، بەڵکوو ئەبێ بە «تێهەڵکێش».

لێی وەرگرتن لە هۆنراو و لە پەخشانیشا ئەبێ، وەرگرتنەکەش تەنیا بۆ جوانکردن و پیرۆزکردنی بەرهەمەکەیە، هی ئەو کەسە کە وەریئەگرێ.

دیسان لەگەڵ «تێهەڵکێش»دا بەوەش هەر جیا ئەبێتەوە کە وەرگرتنی تێهەڵکێش لە نیوە هۆنراو کەمتر نییە، هی «لێی وەرگرتن» پارچەیە. وە لەما، هێما ناکا بە لێی وەرگیراوەکە. زیاتر ئەم لێی وەرگرتنەش هەر ڕووبەڕووی «قرآن» و «حدیث» ئەبێتەوە.

جا وێنە بۆ ئەم لێی وەرگرتنە لە هۆنراودا، کە لێی وەرگیراوەکە «قرآن» بێ. وەکوو «حیرەت» ئەڵێ:

«عیلاجی من لە ساحەی مێحنەتا «صبر جمیل»ە.»
«دەلیلی من خوایەکە، کەوا «نعم الوکیل»ە.»

لە «حدیث»یشا هەر وەکوو ئەو ئەڵێ:

««الجنە حفە بلمکارە» نمایانە لە ڕووتا»
«نییە ناهەق ئەگەر دایم هەڕا کەم من بە دووتا»

لە پەخشانیشا وەکوو ئەم دەقە کە ئایەتێکی «قرآن»ی تێدایە و ئەڵێ:

ئەوانەی کە ڕێگای چاکەیان گرتووە، ئەو چاکە کردنە وەنەبێ هەر بۆ خەڵک بێ، بەڵکوو نەفعەکەی بۆ خۆی زیاترە؛ «ان احسنتم احسنتم لانفسکم» خراپە کردنیش ئەگەر بیکا بۆ خۆی ئەگەڕێتەوە «ان اسأتم فلها».

وێنەی ئەوەش کە «حدیث» بخاتە ناو پەخشانەکەیەوە وەکوو لەم دەقەدا، کە ئەڵێ:

«بەنی ئادەم نابێ هەروا بزانێ کە گیانلەبەرێکە و هیچی تر، بەڵکوو گیانلەبەرێکە - جگە لە مێشکەکەی - هەموو «کان» ێکیشی تێدایە «الرجال معادن»، لە ئەرزا ئاسن و گۆگرد و خوێ و شتی تر هەیە، لەمیشا هەیە.