دزی لە هۆنراودا

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  837 مشاهده

لەم باسی جوانکاری وشەییەدا شتێکی تر هەیە کە بە تەواوی ئاشنایەتی بەم شوێنەوەیە. ئەوەش باسی دزیی کردنە لە هۆنراو، وە یا پەخشاندا.

کابرا دێنێ هۆنراوی یەکێکی تر ئەکا بە هی خۆی و ناوی خۆی لێ ئەنێ، وە یا تۆزێ سەر و گوێلاکی ئەکا و ئەڵێ ئەمە هی منە!. هەروەها لە پەخشانیشا ئەم ئیشە ئەکرێ. ئەم هی یەکێکی تر بە هی خۆ کردنە لە دزی ماڵ و سامان خراپترە، چونکە فیکر دزین، دزینی مێشکێکی ڕۆحییە، ماڵ دزین سامانی ماددییە، ڕۆح لە ماددە بەنرخترە.

بەڵام ئەگەر گوزارەیەک دوو وشەی هەبوو، هۆنەرێک وشەیەکی بەکار هێنا و هۆنەرێکی تر وشەکەی تری، ئەمە بە دزی دانانرێ. وە یا ڕێ ئەکەوێ دوو هۆنەر - با لەیەک سەردەمیشا بن - لەوانەیە ئاگاشیان لە یەک نەبێ، هەر دووکیان، دوو گوزارە، وە یا یەک گوزارە دێ بە دڵیانا و هەر یەکە بە چەشنەی خۆیان گوزارشتی لێی ئەدەنەوە، ئەمەش وەنەبێ بە دزی ناو ببرێ، بەڵکوو بەوە ناو ئەبرێ کە دوو کەس زەینیان بۆ یەک شت وەکوو یەک بووە. دیسان ئەگەر دوو کەس شتێکیان وت، واتە زەینیان بۆ یەک شت وەکوو یەک ڕۆیشتبوو، هی دووەم گوزارشتی بۆ شتەکە لەوانە بوو بەهێزتریش بێ، وە لەوانەش بوو هەر لە یەکەمیش وەرگرتبێ، دەست پێشکەری هەر بۆ ئەوەی یەکەمە.

ئەگەر دوو کەس مەعنایەکیان وەرگرت، ئەوەی دووەم یا ئەمەیە وەرگرتنەکەی بە پێزترە لە هی یەکەم، یا وەکوو ئەو وایە، یا لە خوار ئەوەوەیە. ئەوەی یەکەمیان بە باش ناو ئەبرێ و ڕەخنە ڕووی تێناکا، ئەوەی دووەم، واتە بەرهەمەکەی، ڕەخنە کەمتر ڕووی تێئەکا، بەڵام دەست پێشکەری هەر بۆ یەکەمە، ئەوی سێیەم بە تەواوی ئەبێ بە هێلانەی ڕەخنە.

دیارە ئەم بەشکردنە بەم جۆرە وەکوو بۆ گوزارە وایە، بۆ وشەش هەر وایە. لەگەڵ ئەمانەشا هەموو دەم داهێنان باشترە، تا بەدوو کەوتن و شوێن هەڵگرتن.