بوونی پێویستە

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  897 مشاهده

یەکێکی تر لە هونەری جوانکاری وشەیی، ئەو بابەتەیە کە ئێمە بە ناوی «بوونی پێویستە» ناوی ئەبەین، بەلاغەی عەرەبی بۆ ئەم چەمکە «لزوم ما لایلزم»ی بۆ داناوە.

ئەمەش هێنانی شتێک لە هۆنراو وە یا پەخشانێکی ئەدەبیدا کە سەروادار بێ، ئەو شتە ئەگەر نەبێ سەروای هۆنراوەکە، وە یا سەروادارییەکە لەو پەخشانەدا بەو جۆرە دروست نابێ؛ واتە نە هۆنراوەکە ئەبێ بە هۆنراوێکی خاوەن سەروا، وە نە پەخشانەکە ئەبێ بە پەخشانێکی سەروادار. بە تایبەتی لە پەخشانەکەدا، چونکە ئەگەر ئەو شتە نەبێ پەخشانەکە ئەبێ بە پەخشانێکی تر، یا هەروا ئەبێ پەخشانێکی ئێعتیادی، یا ئەبێ بە پەخشانێک کە شێوەی سەروادارییەکەی جیا ئەبێ لەو شکڵە پەخشانە سەروادارە کە تۆ بینت پێوە ناوە و ئەتەوێ تایبەتیەکی جیاوازی هەبێ.

ئەو شتەش کە ئەڵێن بوونەکەی پێویستە، یا پیت و دوو پیتەکەیە کە پێش پیتی بناغەیی سەرواکە و سەروادارییەکە کەوتووە، یا جووڵان - حەرەکەیەکە - هەر لە پێش ئەو پیتی بناغەییەوە «روی».

ئەگەر ئەمانە نەبێ نە سەرواکە دێتە دەست لە هۆنراودا، وە نە سەروادارییەکە دروست ئەبێ لە پەخشانەکەدا.

بە وێنە لێرەدا «مەحوی» ئەڵێ:

«زەمانەی پڕ تەعەب دەتکاتە تیرۆک»
«لەتێ نانت دەداتێ دوو بەشی نۆک»
«پیاڵەی دیدە لەبڕێزە دڵا تۆش»
«بجۆشە سازی ناڵە هەم ببێ کۆک»

ئەو «و»ە کراوانە شتێکی پێویستە بەو جۆرە لە ئاخری هۆنراوەکانەوە ببێ، ئەگینا سەرواکە ڕێ ناکەوێ. نەبوونەکەی وە نەبێ پێویست بێ، بەڵام دروستکردنی سەرواکە ئەو پێویست نەبوونە وا لێی ئەکا کە هەر ئەبێ بوونەکە ببێ؛ واتە ئەو شتە کە مەرج نییە ببێ، ئەبێ ببێ، نابێ نەبێ.

وە یا «سالم» ئەڵێ:

«دەناسی قاتڵی دڵ گەر نگەە کەی سوویی موژگانت»
«ئەدا کە خوێنبەها سا بۆسەیی دەستم بە دامانت»
«تەواو نابێ لە سەودای عارزت بۆ دڵ گرفتاریی»
«لە دوای توڕڕە بەر بوو کەوتە ناو چاهی زەنەخدانت»

لێرەدا بۆ ڕێکیی سەرواکە «ا» و «ن»ەکە پێویستە، ئەگەر نەبێ سەروای هۆنراوەکە نابێ.

لە پەخشانیشا وەکوو ئەم پەخشانە کە ئەڵێ:

«کۆکەی کزی، چاوی بزی، دەستی دزی، لاقی خزی، ئەمانە وا بوون. بەڵام کە کەوتە ڕەوت، دانیشت و کەوت، بەو جۆرە خەوت!».

لەم دوو پارچە سەروادارەدا «ی» لە یەکەما و «ت» لە دووەما بوو بە پیتی بناغەیی بۆ سەروادارییەکە. «ز» لە یەکەما و «و» لە دووەما بوون بە شتێک کە بە بێ ئەوان ئەو سەروادارییە بەم جۆرە دروست نابێ. کەوابوو بوونەکەیان بوو بە شتێکی پێویست بۆ ئەم شوێنە.

بەڵێ ئەگەر ئەوانە نەبن سەروادارییەکە دروست ئەبێ، بەڵام بۆ شتێکی تر و جۆرە پەخشانێکی تر دروست ئەبێ، نەک بۆ ئەو پەخشانەی کە نووسەر شتێکی تایبەتی پێی مەبەستە.

 

لەگەڵ ئەمانەدا ئەبێ ئەوەش بزانرێ کە مەبەست لەم جوانکارییە بە هەر دوو بەشەکەیەوە - ئەوەیە کە وشە ئەبێ بکەوێتە شوێن گوزارە، فراوانیی و ڕێ و شوێنی گوزارەکە چۆنە وشەکە ئەبێ ئەو ڕێبازە بگرێ. ئەگەر هات و گوزارەکە کەوتە شوێن وشە، ئەوەی کە ڕەوانبێژی داوای ئەکا ئەوە دروست نابێ.

بەڵێ ڕاستە وشە بە هیچ جۆرە گوزارە پڕ ناکاتەوە، بەڵام ئەگەر ئەوەش بێت بە سەرا کە گوزارە بکەوێتە دووی وشە، ئەوە هەر بە تەواوی هەناوی جوانکاری ئەبڕێ!. وەکوو ئەوە تەماشا ئەکەی هەندێ لە هۆنەران پێش دانانی پارچە هۆنراوەکەی دێنێ چەند وشەیەک بۆ سەرواکەی ڕیز ئەکا و پاشان بە زۆر گوزارەی تێی ئەترنجێنێ!.

دێنێ لە پێشا چەند وشەیەکی وەکوو «بار، تار، خار، دار، زار، شار، کار،... هتد» دائەنێ و پاشان هۆنراو لەسەر ئەم وشانە - کە کردوونی بە سەروا - دائەنێ و بە زۆر گوزارە ئەخاتە ناو هۆنراو و سەرواکانەوە! گومانی تێدا نییە ئەمە ئەو پاراوی و جوانکارییە کە ئەبێ هەبێ لە زمانا، نابێ.

وەکوو ئەم دەستوورە هەیە کە ئەبێ وشە شوێنی گوزارە هەڵبگرێ، نابێ مرۆڤ بێ ئاگا بێ لەوەش کە بڵێ مادام وشە شوێن هەڵگری گوزارەیە، من دێنم وشەکە بە زۆر ئەخوێنمەوە بەسەر گوزارەکەدا. ئەمەش هەر نابێ. وشە و گوزارە وەکوو گوڵ و گوڵدان وانە، گوڵی جوان ئەبێ لەناو گوڵدانی جوانا بێ.

کە وا بوو وەکوو پەندە کوردییەکە ئەڵێ: «نە، شیش بسووتێ و نە کەباب!» ئەبێ گوڵ، گوڵی بوێ.