دوو سەروا

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  3250 مشاهده

یەکێکی تر لە هونەری جوانکاری وشەیی بابەتی «دوو سەروا»یە. ئەم بابەتە بەلاغەی عەرەبی بە «تشریع» ناوی ئەبا، بەڵام من لە گەلێ ڕووەوە «دوو سەروا»م بۆ ئەو چەمکە بەلاوە باشترە هەتا وشەی «التشریع» بۆی؛ واتە بۆ چەمکەکە.

جا ئەم دوو سەروایەش ئەوەیە کە هۆنراوەکە لەسەر دوو سەروا دابمەزرێ، واتە ئاخری هۆنراوەکان بە جۆرێ بن کە وشە، وە یا ڕستەی پێش وشە و ڕستەی دوایی ئەوانیش سەروایان هەبێ. ئەمجا لەسەر هەر یەک لە سەرواکانا ڕاوەستی، ئایا سەروای دوایی بێ یا سەروای پێش دوایی بێ مەعنا تەواو بێت و هیچ ناتەواوی تێدا نەبێ.

تەنانەت زیاد لەو ناساندنەکە زانایانی بەلاغە کردوویانە، من ناساندنێکی زیاتری ئەخەمە سەر، کە ئەمە زیاتر هەر لە ڕەوانبێژی کوردیدا ئەبێ. ئەوەش ئەوەیە:

ئەگەر هۆنەر ویستی لەسەر یەکێ لە سەرواکان ڕاوەستێ، ئەوا ڕاوەستاو کە، کەرتەکانی جیا کردەوە ئەوانەی پێشوو خۆیان کێشی تەواو و گوزارەی تەواو و سەروای تەواویان ئەبێت. کەرتەکانیش کە بخرێنە سەر یەک، ئەوانیش وەکوو ئەسڵەکە کێش و گوزارە و سەروای تەواویان ئەبێت.

ئەم جۆرە هۆنراوانە بەلای منەوە ئەو هۆنراوانەن کە پێیان ئەڵێن «زیادکراو - مستزاد». جا وێنە بۆ ئەمە وەکوو «ناڵی» ئەڵێ:

«ئەی تازە جەوان پیرم و ئوفتادە و کەوتووم
تا ماوە حەیاتم»
«دەستێ بدەرە دەستی شکستەم کە لە دەس چووم
قوربانی وەفاتم»
«تۆ یوسفی نەو حوسنی لەسەر میسری جبنانی
من پیرم و فانی»
«لەم کولبەی ئەحزانە نە زیندووم و نە مردووم
هەروا بە تەماتم»
«فەرقێکی نەکرد نەفسی نەفیسم بە عنایەت
وەحشی لە ولایەت»
«ئەم گۆشەی وێرانەیە هەر مامەوە وەک بووم
وەیشوومی وڵاتم»
«ئەی قوببەی «طیبە» کە دەڵیی حوققەی «طیبی»
ماوای حەبیبی»
«میسکینم و بەو خاکە عەترناکەوە هاتووم
بەو بۆنەوە هاتم»

ئەمانە لێرەدا هەموو دوو سەروان. ئەگەر بڵێ:

«ئەی تازە جەوان پیرم و ئوفتادە و کەوتووم»
«دەستێ بدەرە دەستی شکەستەم کە لە دەس چووم»

کێش و گوزارە و سەروایان تەواوە و هیچ ناڕێکیەک پەیدا نابێ و یەکێک لە هەشت کێشەی عەرووز پڕ ئەکاتەوە.

ئەگەر خۆ کەرتەکانیشیان بخرێنە سەر، دیسان کێش و گوزارە و سەروا تەواوە و ئەکەونە بەر کێشێکی تر لە هەشت کێشەکە.

ئەگەر کەرتەکانیش بخەیتە سەر یەک، ئەوانیش بۆ خۆیان کێش و گوزارە و سەروایەک بۆ خۆیان دروست ئەکەن.

وەکوو ئەوە بڵێی:

«تا ماوە حەیاتم، قوربانی وەفاتم»
«من پیرم و فانی، هەر وا بە تەماتم»
«وەحشی لە ولایەت، وەیشوومی وڵاتم»
«ماوای حبیبی، بەو بۆنەوە هاتم»
***

هەرچەندە لە بارێکی ترا ئەم دوو سەروایە ئەڵێن ئەوەیە کە هۆنراو لەسەر کێشی عەرووز بڕوا، ئاخری نیوە هۆنراوەی دووەم دووپات کرابێتەوە، پێش ئەو سەروایەک هەبێت، هەموو چامەکە لەسەر ئەو و پێش ئەو بڕوا. ئەمە لە دوو لاوە ناتەواوی تێدا ئەبێ.

یەکێ ئەوە کە نیوە هۆنراوەی یەکەم لەسەر کێشێک ئەڕوا و هی دووەم لەسەر کێشێکی تر. ئەمەیان چاوی لێ ئەپۆشرێ، چونکە مەرج نییە هەر دوو نیوە هۆنراو بە یەک کێشدا بڕۆن.

دووەم ئەگەر ڕێک و پێکی مەعنا لەم بابەتی دوو سەروایەدا بە مەرج بگیرێ - وەکوو بەلای هەندێ لە زانایانی بەلاغەوە مەرجە - ئەو ڕێکوپێکی مەعنایە نایەتە دی.

جا وێنە بۆ ئەم بابەتە وەکوو «زێوەر» ئەڵێ:

«با نەچێتە لای ڕەقیبان یار ئەنیسی خانە بێ»
«لازمە ئەو ئاسکە لەو لا نەبێ، لەو لا نەبێ»
«دیدە وەختێ تۆی لە لا حازر نەبێ وا حەز ئەکا»
«بۆ نەزەر لەعل و دووڕی یەکتا نەبێ، یەک تا نەبێ»
«عارفی حەقبین چ باکی زینەت و ئاڕایشە»
«وای ئەوێ ناو شار و ناو دێ وا نەبێ، دێوانە بێ»
«دۆستی و خزمی نەماوە بۆ ڕەفێقی خۆی فەلاح»
«حەز ئەکا بەو شەرتە ئەر بێگانە بێ، بێگانە بێ»