سەروادار

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  2979 مشاهده

«سەروادار» لە گوزارشتی زمانی عەرەبیدا بە «سجع» ناوبراوە. «سەروا»ش هەیە کە لە شێوەی عەرەبیدا بە «قافیە» ناوی دەرکردووە. بە پێویستی نازانم شەرحی ئەم چوار وشەیە لێرەدا، کە ئەمانە بە چ جۆر و لە چ ڕوویەکەوە کراون بەناو بۆ ئەو چەمکانە؟. هەر ئەوەندەیە ئەڵێم «سەروادار» «سجع» و «سەروا» «قافیە».

ئەم سەروادارییە، واتە ئاوازەکەی، گەشەیەکی نەفسیی ئەدا بە گوێگر، بە جۆرێک ئەیداتێ و بۆی ئەشنێتەوە لە وانەیه خۆی لەبیر بچێتەوە!.

دیارە ئەم سەروادارییە لە ئاخری ئەو ڕستانەوە ئەبێ کە پەخشانەکە دروست ئەکەن. ئەم هونەری سەروادارییە هی پەخشانە، وەکوو «سەروا» هی هۆنراوە.

ئەبێ چەند شتێک لەم سەروادارەدا بێتەدی. ئەبێ وشەکانیان نەرم و نیان و ناسک بن، ئەبێ ئەو ڕستانە ڕووبەڕووی یەک بوەستن و ئاخرەکانیان لە پیتە دەنگدار و بێدەنگەکانا یەک ئاوازەیان هەبێ، ئەبێ بە جۆرێ بن، کە لە پێشا گوزارە ئامادە کرابێ و پاشان خرابنە قاڵبی وشەکانەوە، ئەبێ ئەو ڕستانە کە سەرواداریەکەیان دروستکردووە ئاشنایەتیان پێکەوە هەبێت، نابێ لەیەکدا بپچڕێن.

هەموو لەبەر ئەمانەیە بۆیە «سەروادار» کەوتۆتە ناو چوارچێوەی هونەری جوانکاری وشەییەوە.

بێجگە لەمانە چەند دەستوورێکی تر لەم سەروادارییەدا هەیە و ئەبێ بە چەند بەشێکەوە.

بەشێکی ئەوەیە کە خاوەنی «کێش»ە و سەروای تێدا نییە، بەشێکی پێچەوانەی ئەوە، واتە سەروا هەیە و کێش نییە.

بەشی یەکەم - کە کێشدار و بێ سەروایە - وەکوو ئەڵێ:

«گیانی بە دەنگ و باسی گەلێ عیلمی بە نرخ گەشاندۆتەوە، پاشان پێی ناوەتە مەیدانی هۆنەران و کەوتۆتە ڕەوتەوە».

لێرەدا نە «گەشاندۆتەوە»، نە «کەوتۆتە ڕەوتەوە» لەهەموو لایەکی سەروادارییەکەدا وەنەبێ بەک بن، بەڵکوو جیان، هەرچەندە درێژەکان لە کێشدا هاوشانی یەک ئەکەن، ئەوەش مەبەستی ئەم بابەتە نییە.

بەشەکەی تر کە پێچەوانەی ئەوەی یەکەمە؛ واتە سەروا هەیە و کێش نییە، ئەمەشیان ئەبێ بە سێ بەشەوە:

«هاوسەر - مطرف»، «هاوکێش - متوازن»، «هاوڕوو - متوازی».

«هاوسەر» ئەوەیە کە چەند ڕستە و بەندێکە بە شوێن یەکدا دێن، لە پیتی دواییدا وەکوو یەکن، بەڵام لە لایەن ژمارەی پیت و کێشەوە جیان. وەکوو ئەڵێ:

«پێشەنگی کاروانی دوورناسان، خەرقەپۆشی ئاهەنگی مەی نۆشان، شەیدا بە نووری پاکی یەزدان، مەفتوون بە سۆزی ناڵەی دەروێشان.»

لێرەدا لە دوو پیتی دواییدا وەکوو یەکن، کە هەموویان «ا، ن».، بەڵام لە کێش و ژمارەی پیتەکانا جیان.

«هاوکێش» چەند سەروایەکن لە چەند ڕستەیەکی بەشوێن یەکدا دروست ئەبن. لە کێشدا ڕووبەڕووی یەک ئەوەستن، بەڵام لە پیتی بنچینەییدا جیائەبنەوە. وەکوو ئەڵێ:

«ئەو نازدارەی ئاهوو نیگارە، لەناو شەپۆلی شەوی بەهارا، کە گزنگی دا بە بێ ترس و لەرز، دای لە دیمەنی گوڵاڵەی گەشاو. ڕەنگ و بۆ دایگرت ئاسۆی زمناکۆ، لەهەر لایە هات دەنگی فریوە!».

ئەمانە کێشیان هەیە، بەڵام لە پیتی بنچینەییدا جیا بوونەتەوە. وا دێتە بەرچاو کە گوایە لەبەر ئەوە لە پیتی بنچینەیی یەکدا جیا بوونەتەوە، لە کێشەکەشا هەر جیا بوونەتەوە!. لەگەڵ ئەوەشا وا نییە!. لەگەڵ ئەوەشا وا نییە.

ئەم هاوکێشە تایبەتی نییە بە پەخشانەوە، بەڵکوو لە هۆنراویشا دێتەدی. کە ئەڵێن: هۆنراو، نەک هۆنراوی جووت سەروا، بەڵکوو لە هۆنراوێکی نێوانی جامەدا، وە یا هەر تاقانەدا. وەکوو «سافی» ئەڵێ:

«لەو دڵارامە بپرسن وا دڵ، ئارامی نەما»
«جارێکی چارێکی دەردم کا، دەخاڵەت بەو دەکەم».

«هاوڕوو». ئەم بەشە ئەوەیە کە سەرواکان لە دوایی ئەو ڕستانەوە دێن کە بە شوێن یەکدان. ئەمانە لە هەموو ڕوویەکەوە ڕێکن؛ لە کێش و ژمارەی پیت و تەنانەت لە پیتی پێش پیتی بنچینەییشدا هەر یەکن. پیتی بنچینەیی ئەوەیە کە سەرواکە لەسەر ئەو ڕاوەستاوە. وەکوو ئەڵێ:

«کانیاوی بەفراوی سەر چیاکان بە خوڕ لە کاتی بەهارا ئەڕژێنە خوارەوە، گوڵ ئاوی شەکراوی سەر گۆنایان وەکوو مرواری لە ساتی نیگادا ئەکەوێتە زارەوە!».

کەوابوو بە جۆرێکی تێکڕایی «سەروادار» لە چوار بەشی سەرەکیدا جێگای خۆی کردەوە.

***

گەلێ جاری واش ئەبێ کە سەروادار لە پەندی پێشینان و چیرۆکی ئەفسانەییشدا دێنە دی. وەکوو لە پەندی پێشینانا ئەڵێ:

«بووکەکەی پەنا دیواریت، ڕۆژ هەموو ڕۆژ بەتاڵیت، بە شەو ناو ماڵ ئەماڵیت»
«بووکێکمان هەیە ناشی و نەزانە، تاوێ هۆڕ ئەکا، تاوێ هەمانە»
«نان جۆ، دۆی ترش، ئەخۆی بخۆ، ناخۆی چش!».
«وەختی ئیش و کار ئەمانکەی بە یار، وەختی چز و بز ئەمانکەی بە دز!».
«سوورەی مل پانە، مووچەی تۆ هەر دوو نانە».
«بڕوانە هام سەران، بزانە چێش مەکەران».
«هەر دەونە و ئەبێ بە دار، لە بنیا دائەنیشن فەقیر و هەژار».

لە چیرۆکیشا وەکوو ئەڵێ:

«ئەو ڕۆستەمی داستانە، ئەو پاڵەوانی زەمانە، گورزی هەڵسووڕاند و دایهێنا، لەگەڵ ئەستێرانی جووت ئەکرد، پرزی ئاگری لێی دەباری، کە لێی داخستی، جووتە چۆکێکی ئەو تۆی لە دەفەی سنگی دا، یەکێ ئەو تۆی لێی بەردا، گاسنی تەورێزێ پێی سوور بکرێتەوە!».