ڕەگەزدۆزی ڕەدوو

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  1585 مشاهده

جۆرێکی تر لەم ڕەگەزدۆزی ناتەواوە ڕەگەزدۆزی «ڕەدوو». بۆ ئەم چەمکە گوزارشتی عەرەبی «لاحق»ی بۆ داناوە. ئەو گوزارشتەی کە من ئەیڵێم ئەوەیە کە یەکێ لە پیتەکان شوێن ئەوی تر ئەکەوێ. شوێن کەوتن، زمانی کوردی «ڕەدوو»ی پێ ئەڵێ.

ئەم بابەتەش ئەوەیە کە دوو پیتەکە جێگای دەرچوونیان جیابێ، کەوابوو بە ڕەگەزدۆزی ڕەدوو ناو ئەبرێ.

ئەمەش دیسان ئەبێ بە سێ بەشەوە؛ یا ئەمەیە پیتەکە لەسەرەتای وشەکەوە ئەبێ، یا لە ناوەڕاستیا، یا لە ئاخرەوە ئەبێ.

وێنە بۆ ئەوە کە دووپیتەکە جێگای دەرچوونیان جیابێ وەکوو «نالی» ئەڵێ:

«ئەلا ئەی ئاسکی ناسک بە باسک»
«شکاندت گەردنی سەد شێری شەرزە»
«ئەلا ئەی نازەنین ئاهوو بە باهوو»
«دڵی سەییادی خۆت هێنایە لەرزە»

تەماشا ئەکەین وشەکانی ئاسک، ناسک، باسک، ئاهوو، باهوو هەموو ڕەگەزدۆزییە ناتەواوەکەیان گرتۆتەوە.

«ء، ن، ب» بەچاو پیتەکانی عەرەبییەوە جێگای دەرچوونیان لەدەم جیایە. بەچاو کوردییەوە «ئا» پیتی دەنگدارە، ئەوانیتر هەموو بێدەنگن. دیسان جیا بوون لەیەک.

بەشی دووەم ئەوەیە کە پیتی ڕەگەز دروستکەرەکە لە ناوەڕاستی وشەکەوە بێ. وێنەی ئەمەش وەکوو «میرزا مارف» ئەڵێ:

«ئەڕۆن ئێوە بە بێ باکی بەناو مێرگ و گوڵی دەشتا»
«ئەخۆن شیرە، ئەکەن جەولان بە بێ پەردە لە بای وەشتا»

وێنەکە لە دوو وشەی «ئەڕۆن»، «ئەخۆن» خۆی نواندووە. دوو پیتی «ر» و «و» لە شوێنی یەک دانیشتوون و جێگای دەرچوونیشیان لەدەم دوورە.

بەشی سێیەم کە پیتەکە لە ئاخرەوە بێ. وێنەی ئەمەش وەکوو «ڕەمزی» ئەڵێ:

«ئەمیر هەستا لە جێگای خۆی، ئەمین بوو لەو سەرا پەردە»
«ئەوی لێی بوون نەما چاریان، خزانە ناو تەپ و هەردە!»

وێنەکە لە بەینی دوو وشەی «ئەمیر» و «ئەمین» دایە، کە دوو پیتی «ر» و «ن» لە جێگای یەک دانیشتوون و شوێنی دەرچوونیشیان لە زار دوورە لەیەک.