ڕەگەزدۆزیی گوێزراوە

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  1032 مشاهده

ئەگەر ئەو دوو وشەیە کە ڕەگەزدۆزیەکەیان دروست کردووە - پیتەکانیان تێک چووبوون، واتە ڕیزیان تێک چووبوو، من بە «گوێزراوە» ناوی ئەبەم، هەرچەندە بەلاغەی عەرەبی «تجنیس القلب» ناوی ئەبا. وێنەی ئەمەش وەکوو «نالی» ئەڵێ:

«خاترێکی شۆخ و خۆش و بێ غەم و جەمعم هەبوو»
«ئێستە بۆ زوڵفی کەسێ مەشقی پەرێشانی دەکا»

لێرەدا ڕەگەزدۆزییەکە لە نێوانی دوو وشەی «شۆخ» و «خۆش» دا. دروست بووە، چونکە پیتی هەردوو وشەکە بە تەواوی گوێزراونەتەوە و شوێنیان گۆڕاوە.

وە یا هەر لەم بابەتە «حەمدی» ئەڵێ:

«ئەگەر ئەو دوژمنە وەک مار لەسەر کلک ڕابوەستێ بۆم»
«بە شیرینی و خۆشی وا ئەکەم تا ماوە ڕام بێ بۆم»

وێنەکە لێرەدا لەبەینی دوو وشەی «مار» و «ڕام» دایە کە بە تەواوی هەڵەوگەڕاونەتەوە.