ڕەگەزدۆزیی هاوتۆم

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  1323 مشاهده

جۆرێکی تر لە بابەتی ڕەگەزدۆزی ناتەواو، ڕەگەزدۆزی «هاوتۆم» ناو ئەبرێ. ئەم جۆرەیان لە بەلاغەی عەرەبیدا بە «مضارع» ناوی ئەبەن، گوایە لەیەک ئەچن، من بۆ ئەم چەمکە «هاوتۆم»م بەلاوە فراوانترە.

ئەمەش ئەوەیە کە لە ترۆمدا جیایی لە نێوانی دوو وشەکەدا هەبێ، بەڵام بە مەرجێ کە لەیەک پیت زیاتر نەبێ. وە ئەو دوو پیتەش لە شوێنی دەرچوونەکانیانا نزیکیان پێکەوە هەبێ.

ئەمەش ئەبێ بە سێ بەشەوە؛ بەشێکی ئەوەیە کە ئەو دوو پیتە لەسەرەتای وشەوە بن. وێنەی ئەمە وەکوو «زێوەر» ئەڵێ:

«تکا، شکا بە جارێ شەراب و شیشەیی دڵ»
«ئەسراری مەخفییاتم کەوتۆتە سەر زوبانم»

دوو پیتی «ت» و «ش» بە هەر جۆر بێ شوێنەکانیان پێکەوە نزیکە. ئەگەر بە حیسابی کوردی - ش بێ هەردووکیان لە پیتە بێدەنگەکانن.

ئەم هۆنراوە وەکوو ئەمەی تێدایە وێنەیەکیشە بۆ «پێچە و پەخشە»ی ڕێک.

وە یا ئەو دوو پیتە کەوتبنە ناوەڕاستی وشەوە. وێنەی ئەمەش وەکوو «مڵکە جوانڕۆیی» ئەڵێ:

«گێسۆ قەترانی جە هەر دوولاوە»
«کێشۆ پەی زاری ئەی جەرگ بڕاوە»

دوو پیتی «س» و «ش» لە ناوەڕاستی وشەدا لە جێگای یەک دانراون و شوێنەکانیشیان پێکەوە نزیکە.

وە یا ئەو دوو پیتی هاوتۆمە بکەونە ئاخری وشەوە، وێنەی ئەمەش وەکوو «وافی» ئەڵێ:

«گەر باب بڵێ بەزمە لە بام ئەم دەنگی تازە»
«بۆی دێنمەوە نەزمێ لە نەو تازە بە تازە»

ڕەگەزدۆزی مەبەستەکە لە نێوانی «باب» و «بام» دایە، کە دوو پیتەی «ب» و «م» لە ئاخری وشەکەدان و جێگای دەرچوونەکەیان پێکەوە نزیکە، چونکە هەردوو بە «لێو» ئەوترێن. ئەم دووەی لەگەڵ یەکا گۆڕیوەتەوە.