خۆگێلکردن

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  884 مشاهده

یەکێکی تر لە جوانکاری گوزارەیی «خۆگێلکردن»ە. ئەم چەمکە لە گوزارشتی عەرەبیدا پێی ئەڵێن «تجاهل العارف». لام وایە خۆگێل کردن چەمکەکە زیاتر ئەدا بە دەستەوە. ئەمەش ئەبێ بە چەند بەشێکەوە. بەشێکیان ئەوەیە کە:

شتێک هەیە ئەیزانێ بەڵام خۆی لێی گێل ئەکا!. ئەم خۆگێل کردنەش یا لەبەر ئاە و دەردێکە کە دڵی بەو مەبەستەوە بەندە و لەبەر دڵ برینداری نایەوێ ناوی بێنێ، وە یا لەبەر ڕێ گومکێ ئەم ئیشە ئەکا.

وێنەی ئەمە وەکوو «مەحەممەد ئەمین خدر» - کە پشت ماڵەیەکی جاف بووە و - قسە لەگەڵ شارەزوور ئەکا و ئەڵێ:

«وتم شارەزوور! چیت لێ قەوماوە؟»
«کێ تۆی کردووە بە بەحر و ئاوە؟»
«بۆم بگێڕەوە سەرانسەر ئەحواڵ»
«لە داخت دڵم بوو بە کۆی زوخاڵ»
«گەلی «پاشارێ» تا سەر سوورە جو»
«تیایا ئەوەزی کۆماران کۆ، کۆ»
«کوا؟ دوانزە هەزار عێلی کوردەوار»
«گشت بەسەر تۆدا ئەیکرد ڕاگوزار»
«کوا؟ دوانزە هەسوون ماڵە میرانت»
«کوا؟ سەدای تەپڵی سەر کۆمارانت!»

بەشێکی تر لەم گێل کردنە هووشەکاریەکی زیاد لە ئەندازەیە. وێنەی ئەمە وەکوو «سالم»ی سنە لە وەسفی دۆستیا لە کاتێکا کە پێکەنیوە ئەڵێ:

«ئەو زەردە خەنە غونچە بوو پشکووت؟»
«بۆن و ڕووناکی کەوتە دەم و ڕووت»
«یا خۆ ئاسمان بوو چەخماخەی لێدا؟»
«عالەم بەجارێ بوو بە مامت و مەبهووت»

وە یا هووشەکاری لە خوسپدا. وەکوو «شێخ ڕەزا» ئەڵێ:

«چەرمی ڕووی هێند قایمە شمشێری میسر نایبڕێ»
«گەر بە کەوشی کەی دەمێنێ تا قیامەت نادڕێ!»

وە یا لە سەرسامی لە خۆشویستندا - «التدلُّه في الحب» - مەبەست ئەوەیە ئەوەندە خۆشی ئەوێ، خۆی تێدا ون کردووە و خۆی ئەکا بە نەشارەزا!.

وێنەیەک لەم بابەتە وەکوو «نووحی» ئەڵێ:

«کۆترەکانی چۆل بە لەنجە وەک یار»
«پۆل پۆل وەستاون، دوورن لە ئەغیار»
«نازدارەکەی من کەوتۆتە ناوتان»
«کۆتر، ئینسانە؟ ئێوە و خواتان!.»

لێرەدا لەبەر زۆر دڵبەند بوون بە یارەوە، خۆی گێل ئەکا و ئەڵێ: کۆترەکان! ئەو نازدارەی من کە کەوتۆتە ناوتان، سوێندتان ئەدەم بە خوا ئەوە لە ئێوەیە؟ یا ئینسانە!.