دان بە پێویست

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  787 مشاهده

یەکێکی تر لە جوانکاری گوزارەیی «دان بە پێویست»ە. بەلاغەی عەرەبی بۆ چەمکە «القول بالوجب»ی بۆ داناوە. من لە ڕەوانبێژی کوردیدا بەو ناوەوە ناوم بردووە. مەبەست لەم چەمکەش ئەوەیە کە:

کەسی یەکەم هەیە، واتە «متکلم». کەسی دووەم هەیە، واتە «مخاطب». کەسی دووەم شتێک ئەڵێ و ئەو شتە بە «تەوزیم - واجب» ئەزانێ، کەسی یەکەم دان بەو تەوزیمدا بنێ، واتە «اعتراف»ی پێی بکا.

ئەمەش دوو جۆرە؛ جۆرێکیان ئەوەیە:

سفەتێک کە لە قسەی غەیردایە درکە بێ لە شتێک کە حوکمێک چەسپاندوویە بۆ ئەو شتە. تۆ دێنی ئەو سفەتە لە قسەی خۆتا دائەنێ بۆ غەیری ئەو شتە، ئیتر بێ ئەوە خۆت لەوە بگەیەنی کە حوکمەکە بدەی بە غەیرەکە یا نەیدەی.

وەکوو ئەوە کە لە وەختی خۆیا «خلەپەزە»ی هەمەوەند ناکۆکی هەبوو لەگەڵ «حەمە پاشای» جاف و جافەکانا. دەستەی حەمە پاشا لەو دەشتی گەرمیانە بوون. دەستەی خلە پەزەش چووبوون بۆ ئەوبەری «سیروان». ئەمجا خلەپەزە وتبووی:

«شەرتە ئەگەر چووینەوە ئەوانەی کە بە سەربەرزی لەوێدا دانیشتوون بەسەر شۆڕی دەریان کەین!».

حەمە پاشا وتبووی: «ئەمە قسەیە!. سەربەرزی هەر بۆ ئێمەیە».

لە عبارەتی پێشوودا سفەتێک هەیە کە «سەربەرزی»یە کەیە، کەوتۆتە ناو قسەکەی خلە پەزەوە. ئەم سفەتە «درکە»یە لە شتێک - کە دەستەی حەمە پاشایە - حوکمێک دانی ناوە بەو شتەدا حوکمەکە دەرکردنی دەستەی حەمە پاشایە لە گەرمیان.

ئەمجا حەمە پاشا هاتووە سفەتەکە - کە سەربەرزییە کەیە، داویە بە بەرەی خۆی، ئیتر بەلای ئەوەدا نەچووە حوکمەکە - کە دەرکردنەکەیە - بیدا بە بەرەی خلە پەزە، یا نەیدا!.

جۆری دووەم ئەوەیە کە وشەیەک لە ڕەستەی یەکێکی ترا هەیە - واتە کەسی دووەم «مخاطب» - بیبڕی بە سەر ئەو مەعنایەدا کە کەسی یەکەم

«متکلم»ەکە مەبەستیەتی. بەڵام ئەبێ کاتێ کە کەسی دووەمەکە وەڵامی کەسی یەکەمەکە ئەداتەوە وشەکەی ئەو ببڕێ بە سەر غەیری ئەو مەعنایەدا کە مەبەستی بووە، ئەبێ شتێک لە ڕەستەکەی ئەمدا هەبێ کە پەیوەندی بە وشەکەوە هەبێ.

وێنەی ئەمە وەکوو «محەممەد ڕەمزی» ئەڵێ:

«من بێمە لاتان بارگرانێکم بە سەرتانەو»
«وتی بارت گرانە بەو دیاریەی وا بە سەرمانەو»

وشەی «بارگران» کە لە ڕەستەی کەسی یەکەمدایە مەبەستی ئەرک و زەحمەتە بە سەریانەوە، ئەویتر وشەکە ئەبڕێ بە سەر بارگرانی بۆیان بە هۆی دیارییەکەوە کە لەگەڵ خۆی بردوویە بۆیان.

وشەی «دیاری» پەیوەندی هەیە لەگەڵ بارگرانیدا!.