ڕەدوو

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  646 مشاهده

یەکێکی تر لە هونەری جوانکاری «ڕەدوو»ە. بەلاغەی عەرەبی بە «استتباع» ناوی ئەبا.

ئەمەش ئەوەیە کە تۆ مەتحی شتێک بکەی بە جۆرێ کە لەمەوە مەتحێکی تر بۆ شتەکە پەیدا ببێ. وەکوو «پیرەمێرد» ئەڵێ:

«هێندەت لە عومری جوانان هێناوە»
«کۆی بکەیتەوە و بینێ بەم لاوە»
«لەسەر عومری خۆت دایبنێ سەر جەم»
«دنیا پێت ئەڵێ پیرۆزە و بێ غەم»

ئەمەی بە «نالە پێ پانا» وتووە، گوایە مەتحی کردووە بە ئازایەتی. «نالە» بۆ خەڵک کوشتن بە ناوبانگ بووە. پیاوی وا مەتح هەڵناگرێ، بەڵام هۆنەر هەر ئازایەتیەکەی مەبەست بووە. وتوویە:

ئەگەر ئەو هەموو عومرەی ئەوان بێنی و بیخەیتە سەر عومری خۆت، ئەوەندە عومرت زۆر ئەبێ هەر نەبێتەوە. ئەم دنیایە پێت ئەڵێ: پیرۆزت بێ ئەم عومرە درێژە، بۆ خۆت بە ئاسوودەیی دانیشە.

لێرەدا مەتحی «نالە»ی کردووە بە ئازایەتی، لەم مەتحەوە مەتحێکی تری بۆ پەیدا بووە کە دنیا پێی وتووە بە ئاسوودەیی دانیشە، چونکە تۆ پیاو خراپان ناهێڵێت و ئەبێت بە هۆی چاکی دنیا!.