دوولانە

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  674 مشاهده

بە لای منەوە یەکێکی تر لە هونەری جوانکاری گوزارەیی ئەو بابەتەیە کە من بە «دوولانە»ی ناو ئەبەمم. ئەمەش خوسپ و وەسپێکە کە هۆنەر وەسفی دۆستێکی ئەکا؛ دێنێ نیوە هۆنراوەی یەکەم بە جۆرێک دائەڕێژێ کە پڕیەتی لە خوسپ و بە جۆرێک دێتە بەرچاو کە هەمووی جنێو و ناشیرینیە. کە نیوەی دووەمی بە شوێنا دێت سەیر ئەکەی وەکوو ئاشکرایێک وایە بۆ نیوەی یەکەم و نیوە یەکەمەکە بە وەسپ - مەدح دەرئەچێ. وێنەی ئەمە وەکوو «مەلاغەفووری»ی حافزی سابڵاخی ئەڵێ:

«تا بژیم تێت ئەبڕم خاوەنی جوانی و دەسەڵات:»
«چاوی ئاوات و هیوا، ئەی گوڵی سەر تۆپی وڵات»
«دا دەمرکێ گوڵی دڵ تاوێکی لێی خەم چ دەبێ:»
«بەسەری نووکی زمانم لەسەری پەنجەی پات»
«ڕۆژی هەڵکەوتە دەسابێ دڵەکەم تێت ڕاکەم:»
«بە ترومبێلی فیداکاری بەرەو کۆڕی خەبات»
«یاری شیرین دە وەرە، تا زووە لێت نەچووە:»
«تەمەنی جوانی بژین پێکەوە، تاکەی بە تەمات؟.»

من ئەم جۆرە بابەتە بە شتێکی سەربەخۆی ئەزانم؛ جەختی خوسپ نییە بە وەسپ، چونکە سفەتی خوسپ لە نیوە هۆنراوەی پێشوودا وەنەبێ هەبێ تا تۆ وەسپی لێی وەربگری، بەڵکوو سفەتە خوسپەکە زەق دیارە و هەیە. دیارە جەختی وەسپیش نییە بە وەکوو خوسپ. گەڕانەوەش نییە، چونکە نوکتەی تێدا نییە. کەوا بوو شتێکی سەربەخۆیە؛ «خوسپ و وەسپ»، یا «دوولانە».