جەختی وەسپ بە وەکوو خوسپ

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  601 مشاهده

یەکێکی تر لە هونەری جوانکاری گوزارەیی «جەختی وەسپ بە وەکوو خوسپ»ە. بەلاغەی عەرەبی بە «تاکید المدح بما یشبە الذم» ناوی ئەبا. منیش لە ڕەوانبێژی کوردیدا بەو ناوەوە دامناوە.

ئەم هونەرەش دوو جۆرە؛ جۆرێکیان - کە ئەمەیان ڕەنگبێ چاکتر بێ - ئەوەیە کە سفەتێکی خوسپ لە شتێکا نییە، لەمە وەسپێک جیا بکەیتەوە بۆ ئەو شتە. گوایە وای دابنێ کە ئەم وەسپە لە ناو خوسپەکەدایە. وێنە وەکوو «شێخ ڕەزا» ئەڵێ:

«لە سەخاو و لە کەرەمدا، لە فەساحەت لە ئەدەبدا»
«یەکە بازە لە سەفەردا، یەکە تازە لە «حضر» دا»
«تاقە عەیبی کە هەبێ هەر ئەوەیە کە تاقە کەسە»
«لە هەموو خاکی عەرەبدا و لە هەموو شاری عەجەمدا»

سەیر ئەکەین هێناویە وەسفی ئەو دۆستەی خۆی کردوە بەو هەموو وەسفانە کە کردوویەتی. ئەمجا هاتووە جەختی کردۆتەوە بە شتێک کە لە شێوەی «استثنا» دایە، ئەم جیاکردنەوەش وا لە پیاو ئەکا کە خوسپە، کەچی واش نییە، بەڵکوو جەختی وەسپەکەیە و وەسپەکەی زیاتر چەسپاندووە. چونکە ئەڵێ:

لە هەموو وڵاتاندا ئەو یەکەم کەسێکە کە ئەو هەموو سفەتانەی تێدا هەبێ، یەعنی ئەم تاقە کەسیەی بۆ ئەو هەموو سفەتەچاکانەی لێی کردووە بە عەیب! دیارە عەیب بوونی ئەم سفەتانەش ماحاڵە، چونکە ئەم سفەتانە زیاتر پایەی مەوسووفەکە بەرز ئەکەنەوە.

چەسپاندنی ئەم جۆرە شتانەش لە مەعنادا وەکوو ئەوە وایە کە تۆ شتێک ببەستی بە مەحاڵەوە، شتێکیش کە بەند کرا بە مەحاڵەوە، خۆی بە مەحاڵ دەرئەچێ!. بەڵکوو لێرەدا وای لێی دێتەوە کە تۆ داوای شتێک بکەی بە بەڵگەوە؛ چونکە پێچەوانەی داواکەی بەستووە بە مەحاڵەوە، شتێکیش کە بەسترابێ بە مەحاڵەوە، بە مەحاڵ دەرئەچێ.

کە واتە نەبوونی عەیبەکە شتێکی زۆر دیارییە و ئەو سفەتانە هەموو لەودا هەن بە بێ گیر و گرفتی.

جۆرەکەی تر ئەوەیە کە سفەتێکی مەدح بۆ شتێک دابنێ، پاشان شتێکی وەکوو «استثنا» بێنێتەوە، پاش ئەو سفەتێکی مەدحی تر بۆ شتەکە دابنێ. وێنەی ئەمەش دیسان هەر وەکوو «شێخ ڕەزا» ئەڵێ:

«صلاح الدین کە ئیسلامی گەیاندە پایەی ئەفلاک»
«ئەمە وابوو، ئەوەند بوو، ئەو لە زومرەی کوردی خۆمان بوو»

تەماشا ئەکەی سفەتێک - کە بەرزکردنەوی ئیسلامە - داویە بە صلاح الدین، پاشان وشەیەکی داناوە کە «ئەوەند بوو»یە، ئەمە وەکوو «استثنا» وایە، پاش ئەو سفەتە مەدحێکی تری داوەتێ، کە ئەڵێ ئەو پیاوە لە نەتەوەی کورد بوو.

ئەم جۆرەیان لە هەموو شتێکا وەکوو یەکەمەکە وایە، ئەوەندە هەیە لێرەدا سفەتە خوسپەکە نییە تا وەسپەکەی لێی دەرکەی بۆ مەوسووفەکە، یا بۆ مەمدووحەکە.