ڕێبازی کەلامی
یەکێکی تر لە هونەری جوانکاری گوزارەیی «ڕێبازی ئەهلی کەلام»ە. واتە لەسەر ڕێبازی ئەو دەستەیە کە قسە لە زاتی خواو سفەتەکانی خواوە ئەکەن. ئەمەش ئەوەیە کە تۆ داوای شتێک ئەکەی، بەرەنگارت ئەبن ئەڵێن وا نییە، تۆیش بەڵگەی بۆ دێنیتەوە بۆ ئەوە باوەڕەکەی خۆت بچەسپێنیت.
وێنەی ئەمە وەکوو لە کابرایەکی کوردیان پرسی خوا چەندە؟. وتی: هەر یەکێکە. وتیان بە چیدا ئەیزانی؟. وتی: بە ئاشەکەی ماڵی لالەما. وتیان: چۆن؟. وتی:
«ئاشەکەی لالەم تا هەر هی خۆی بوو، باش ئەگەڕا، لەو ڕۆژەوە بوو بە شریک لەگەڵ حەمەی میروەیسدا ئیتر پەکی کەوت! ئەم دنیایەش ئەگەر خوا، یەکێکی تری لەگەڵ بوایە هەر لە زووەوە ئەم دام و دەزگایە تێک ئەچوو!».
تەماشا ئەکەین کابرا بەڵگەی هێناوەتەوە بۆ چەسپاندنی قسەکەی خۆی - کە یەک بوونی خوایە - لەسەر ئەو ڕێگایە کە زانایانی زانیاری «کلام و الهیات» بەڵگە دێننەوە بۆ چەسپاندنی بیر و باوەڕی خۆیان. لەگەڵ ئەوەشا ئەم کابرا کوردەوە نەبێ ئاگای لە بەزمی کەلام و لەو زانیارییە هەبێ، بەڵام چەشەی سادەی خۆی وای لێی کردووە کە ئەو وێنەیە بێنێتەوە بۆ پتەوکردنی مەبەستەکەی خۆی.
هونەرێکی تر لە جوانکاری «لێی کردنەوە»یە. زانایانی بەلاغەی عەرەبی بە «تفریع» ناوی ئەبەن.
ئەمەش ئەوەیە کە تۆ حوکمێک بۆ شتێک دائەنی، لەو حوکمە حوکمێکی تری لێی ئەکەیتەوە و ئەیدەی بە شتێکی تر. وەکوو ئەمە هەیە ئەوەش هەر لەم بابەتەیە کە حوکمێک ئەدەی بە شتێک، لە پاشا حوکمێکی تری لێی ئەکەیتەوە و ئەیدەی بە شتێکی تر.
وێنە بۆ یەکەم وەکوو «بێخود» ئەڵێ:
لێرەدا حوکمەکە بارانەکەیە کە داویە بە شتێک وەکوو تێراوکردنی ئەرزەکە بێ. جا ئەم بارانە کە ئیشەکەی ئەوە بووە ئەرزەکەی پاراو کردۆتەوە، ئەوەشی هەر کردووە کە ئاشەکەی «وڵووبە»شی خستۆتە گەڕ. ئەم حوکمەی دوایی لەوەی پێشوو بوەتەوە. «وڵووبە» دێیەک بووە لە بناری شاری سولەیمانی.
وێنە بۆ دووەمیش وەکوو «فانی» ئەڵێ:
لێرەدا هۆنەر وەسفی دۆستی کردووە. ئەڵێ: کە قسەم لەگەڵ ئەکەی، قسەکانت وەکوو شەکر وایە بۆم، دڵیشت لەگەڵما پاکە، وەکوو ئاوێنەیەکی ساف وایە هیچ خەوشێکی بە سەرەوە نییە. واتە دڵ و زمانت لەگەڵما پاکە.
حوکمێک - کە زمانپاکیەکەیەتی لەگەڵیا - بۆی ساغ کردۆتەوە، ئەمجا لەمەوە لقێکی تری لێی کردۆتەوە ئەڵێ دڵیشت بەو جۆرە لەگەڵما پاکە.