هووشەکاری

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 8 دقیقه  1056 مشاهده

یەکێکی تر لە هونەری جوانکاری گوزارەیی «هووشەکاری»یە. ئەم بابەتە لە بلاغەی عەربیدا بە «مبالغة» ناو براوە.

ناساندنی ئەم بابەتەش ئەوەیە کە سفەتێک بۆ شتێک بوترێ پێچەوانەی ڕاستیی بێ، بەڵام ئەبێ نەختێکیش بە ڕێ و جێ بێ، لەوانە نەبێ کە بە تەواوی درۆ بێ. جا لەبەر ئەمە ئەبێ بە سێ بەشەوە؛ یەکەم «تبلیغ»، دووەم «اغراق»، سێیەم «غلو». ئەمانە لە گوزارشتی عەرەبیدا وا ناو براون.

یەکەم، کە «تبلیغ»ە. من لێرەدا ئەوەندە لەسەر ئەمانە ناڕۆم کە ئاشنایەتییان بە چەمکەکانیانەوە چوونە، بەڵکوو هەر لەسەر وەرگێڕاوی حەرفی ئەڕۆم و ئەمەیان بە «ڕاگەیانن» ناو ئەبەم.

ئەم سێیەش ئەگەر ئەو سفەتە بە ئەقڵ و بە عادەتی ڕێ ئەکەوت و ئەشیا، ئەوە

«ڕاگەیاندن»ە، ئەگەر بە ئەقڵ ئەبوو بەڵام بە عادەت ڕێ نەئەکەوت ئەوە «اغراق»ە - کە من بە «ڕۆچوون» ناوی ئەبەم -. ئەم دووە بەلای ئەهلی بەلاغەوە - بە تایبەتی جوانکاری - وەرئەگیرێن. «غلو»ە، - کە من بە «لەڕێ دەرچوون» ناوی ئەبەم -.

لێرەدا ئەبێ ئەوەش بزانین: مەبەست بەوە کە ئەو شتە ئەچێتە دڵەوە، یا ناچێت. وە یا عەقڵ و عادەت وەری ئەگرێ یا نایگرێ، ئەمە بەچاو زانیاریی جوانکاری و ئعتباراتی هۆنەرانەوەیە، بەلای زانیاری «ڕەوانکاری»یەوە هەموویان دروستن، چونکە ئەم جۆرە شتانە بە لای ڕەوانکارییەوە لەسەر مەعنای حەقێقی ناڕۆن، بەڵکوو لەسەر خوازە و درکە و خواستن و ئەو جۆرە شتانە ئەڕۆن. کە ئەوانەی تێدا هەبوو ئیتر هۆنراوەکە بچێتە ژێر خێوەتی عەقڵ و عادەتەوە، یا نەچێ زانیاری ڕەوانکاری هەر وەری ئەگرێ، چونکە ئەو ئەو جۆرە شتانەی ئەوێ. لەبەر ئەمە گەلێ شت ئەبێ «جوانکاری» وەری ناگرێ، کەچی «ڕەوانکاری» باوەشی بۆ ئەگرێتەوە.

ئەمجا بەشی یەکەم - کە «ڕاگەیاندن»ە -. وەکوو ئەوە کە «شێخ ڕەزا» ئەڵێ:

«کەڵەشێرێ بە ڕەزا لازمە کرماشانی»
«زیرەک و چابوک و دەم گەرم و دڕ و شەڕانی»
«کەڵەشێرێ کە قەپی گرت لە بناگوێی کەڵەشێر»
«پڕ بە دەم بیپچڕێ وەک سەگی هەورامانی»

بەڵێ لێرەدا ئەم سفەتانە بۆ ئەو کەڵەشێرە وتراوە لەوانەیە تۆزێ دوور بن لە حەقێقەتەوە، لەگەڵ ئەوەشا ڕێیان تێی ئەچێ، چونکە ئەم وەسفانە هەموویان عەقڵ و عادە وەریان ئەگرێ. لەناو کورددا ئەو کەڵەشێرانە کە شەڕانین پێیان ئەڵێین کەڵەشێری کرماشانی. جا ئەم جۆرە کەڵەشێرانە کە بۆ شەڕە کەڵەشێر ڕائەگیرێن ڕاستە زیرەکن، خێران، دەمیان گەرمە، چونکە لە مەیدانەکەدا هاتووچۆی زۆر ئەکەن. ڕاستە لەکاتی شەڕە کەڵەشێرەکەدا، کەڵەشێری ئازا کە پەلاماری کەڵەشێرێکی تر ئەدا، برینداری ئەکا و گۆشتی لێی ئەکاتەوە، تا وای لێی ئەکا ئەیبەزێنێ.

دەی ئەم جۆرە شتە هەم عەقڵیش وەری ئەگرێ، هەم عادەتیش.

بەشی دووەم - کە «ڕۆچوون»ە -، بەلای عەقڵەوە ئەگونجا، بەڵام بە ڕەوشت و عادەت کەمتر ڕووی ئەدا. وێنەی ئەمە وەکوو «کوردی» ئەڵێ:

«لە میوانخانەما ئیمشەی ئەگەر میوان نەبێ دەمرم»
«کە چەژنی من بە میوانە، خودا چەژنم بدە و نەمرم»
«ئەگەر ئەو هەر نەهات و من بە تەنها مامەوە لێرە»
«ئەوی نۆشی ئەکا گیانە، ئەنێرم بۆی، بمێنم یا وەکوو بمرم»

ئەمە بەلای عەقڵەوە هیچی تێدا نییە کە گیانی خۆی بۆ ئەو میوانە بنێرێ؛ واتە لە دووری ئەو سوێی بێتەوە، بەڵام ئەمە کەم ڕێکەوتووە، بەڵکوو ئەم جۆرە شتانە هەموو، وەیا ئەم گوزارشتانە لە هووشەکاری هۆنەرانە!.

وە یا «حەمدی» ئەڵێ:

«لە عەکسی دەستی ڕەنگینت دڵی پەیمانە ڕەنگینە»
«لە خۆشیی لێوەی شیرینت مەی و مەیخانە ڕەنگینە»
«کە ئەسراری دەمت بادی سەبا بۆ غونچەیی هێنا»
«فەرەح کەوتە دڵی ئێستا گوڵە و خەندانە ڕەنگینە»

ئایا ئەمە وایە کە شەرابی ئاڵی ناو پەیمانە ئەو ڕەنگە شەرابیەی لە عەکسی خەنەی دەستی ساقیەوە وەر گرتووە؟. ئایا ئەمە وایە کە، لەبەر خۆشیی نشۆی ئەو شەرابە، ئەوان ڕەنگین بووبن؟! ئایا ئەمە ڕاستە کە بای سەبا قسەی نهێنی مرواری ئامێزی ئەوی گەیاند بە غونچە و غونچە لە خۆشیا دەمی کردەوە و دەستی کرد بە پێکەنین؟!.

بەڵێ! عەقڵ دوور نییە ئەمانە وەربگرێ، بەڵام هەرگیز عادەت وا نەبووە. ئەتوانم بڵێم ئەمە بەر «مستحیل» کەوتووە و لەوانەیە بەر بەشی سێیەم بکەوێ. هەر چەندە ئەتوانرێ بوترێ کە بەر بەشی سێیەم زیاتر ئەکەوێ بۆچ لێرەدا هێنرایەوە؟.

ئەڵێم بەر بەشی سێیەمیش ئەکەوێ، ئەگینا ئەگەر زیاتر ورد بکرێتەوە لایەنی بەشی دووەمی زۆرترە تا سێیەم. بەڵام بۆ باسی «جوانی بایس» پڕ بە پێستیە.

بەشی سێیە - کە «لە ڕێ دەرچوون»ە - ئەوەیە کە، نە بە عەقڵ و نە بە عادەت نەئەبوو. وێنەکەی وەکوو «حاجی قادری کۆیی» ئەڵێ:

«کە هەستا قامەتی بەرزی، لە فەرقی تا وەکوو ئەرزی»
«پەرێشان زوڵفی سەد تەرزی، بە یەکدا داڕژا و لەرزی»
«حەیای چوو چەتری تاوس، بارەگاکەی شەعشەعەی ڕۆژیش»
«کەمەندی توهمەتەن، زنجیری داود، گورزی گۆدەرزی»
«هەڵیدا زۆڵفی چەوگانی کوورەی خورشیدیدا بەر شەق»
«لەوێدا چەند مەلائک بوون سەمایان کرد لەسەر ئەرزی»
«دەقێقەیێک بێ سەری موویی لە زوڵفی وەر گەڕێ دەردەم»
«لەگەڵ سوبحی قیامەتدا دەکا بێ تەقیە سەر بەرزی!»

تەماشا ئەکەی هووشەکاری وا نە عەقڵ و نە عادەت و نە واقع هیچیان وەری ناگرن!. ئەمە ئەبێ کە زوڵفی لە تەوقە سەریەوە تا کەڵەمووستی پێی درێژ بێ و پەخش و بڵاو ببێتەوە بەسەر لەش و لاریا، بەڵام لە کوێ ئەمە ئەبێ کە کوورەی پڕتاوی ڕۆژ و چەتری هەزار ڕەنگەی کلکی تاوس لەبەر دیمەنی بڵاو بوونەوەی ئەو زوڵفە حەیایان بچێ؟!.

سەرەڕای ئەمەش کەمەندی توهمتەن و زنجیری داودی پێغەمبەر و گورزی گۆدرزی پاڵەوان ئەوانیش هەر لەبەر ئەوە زوڵفە خۆیان بشارنەوە!

سەیرتر لەمانە ئەڵێ کاتێ کە سەری بادا، زۆڵفەکانی کرد بە گۆچان و چوو ڕۆژی دایە بەر شەق!. چەند مەلایەکەیەک لەوێدا بوون وەکوو هارووت و مارووت هێنانیە خوارەوە، لەسەر ئەرز دەستیان کرد بە سەما کردن!. هەر تۆزێ سەری یەکێ لە مووەکانی سەری، جیا ببێتەوە لەوانیتر و هەڵبگیرێتەوە قیامەت بەرپا ئەبێ و لەگەڵیا ئەکەوێتە بەربەرەکانێ!.

ئەمانە کە ئەم وتوونی ئایا وابە؟. دیارە مەگەر هەر بەر ئەوە بکەوێ کە قسەیەک هەیە ئەڵێ: «لە هۆنەرانا ئەوی درۆزنتر بێ هۆنەرترە!». وە یا ئەڵێ: «تۆ جانەوەرێکی وایت، تەنانەت ئەوانەش کە هێشتا نەکەوتوونەتە سکی دایکیانەوە هەر لێت ئەترسن!».

لەگەڵ ئەمانەشا ئەم هووشەکارییە، بە تایبەتی بەشی سێیەم، هی وای هەیە تا ئەندازەیەک بە جێیە؛ واتە شتی وا ئەخرێتە پاڵی لەوانەیە بە هۆی ئەو شتەوە تۆزێ نزیک ببێتەوە لە ڕاستیی. وەکوو ئەوە کە ئەڵێ: «دارەکە لەبەر وشکی لەوانە بوو ئاگری تێی بەر ببێ، با ئاگریشت پێوە نەنایە». دار خۆی لە خۆیەوە ئاگر ناگرێ، بەڵام وشەی «لەوانەیە» تۆزێ نزیکی خستۆتەوە لە ڕاستیی.

وە یا لەبەر جوانیی ئەندێشەکە، گوێگر زیادە شەوقێکی بۆ پەیدا ئەبێ. وەکوو لە وەسفی «ماین» ێکا ئەڵێ: «لەگەڵ مانگدا چەپۆکانی ئەکرد» ئەمە هووشەکارییە بۆ غارکردنی پڕ تاوی ئەو ماینە، کە دەستەکانی لە وەختی غاردا ئەوەندە زیاد بەرز ئەکاتەوە ئەیانگەیەنێتە ئاسمان و لەگەڵ مانگدا چەپۆکان ئەکا! دیارە ئەمە ئەو پەڕی هووشەکاریەکی وایە نە عەقڵ و نە عادەت هیچیان وەری ناگرن، بەڵام لەبەر جوانیی وشەکانی و پێ خۆشبوونی گوێگر بۆی، تۆزی نزیکی خستۆتەوە لە ڕاستی.

وە یا ڕێ ئەکەوێ لەبەر نزیکی لە ڕاستی و جوانیی خیاڵەکە، هووشەکارییەکە ئەخەنە قاڵبێکی شیرینترەوە. وەکوو ئەڵێ:

«بە ئەستێرەی شەو ئاسمانی تاریک بزمارڕێژ کرا»
«برژانگی چاوی منیش بەوانەوە توند شەتەک درا!»

ئەمە دەردەدڵ لەوە ئەکا کە پەژارە نەیهێشتووە بخەوێ، کە نەنووستووە شەوەکە هەر زۆر درێژ بوەتەوە و ڕۆژ نەبوەتەوە. ئەویش بەو هۆنراوە وتوویە:

ئەو شەوە هەر ڕۆژ نەدەبووەوە، چونکە وای لێی هاتبوو ئەستێرەکان وەکوو بزمار کوترابوون بەناو تاریکی شەوەکەدا، جووڵەیان نەئەکرد. برژانگی چاوی منیش بەسترابوو بەو ئەستێرانەوە، پێڵوەکانم نەئەنیشتنە سەر یەک تا خەوم لێی بکەوێ!.

ئەستێرە بوو بێت بە بزمار و کوترابێت بە ئاسمانا و برژانگیش بەسترابێ بەو ئەستێرانەوە. ئەمە نە عەقڵ قەبووڵی ئەکا و نە شتی واش هەبووە، بەڵام جوانیی خەیاڵەکە تۆزێ نزیکی ئەخاتەوە لە ڕاستیی.

وە یا هەر لە «ڕێ دەرچوون» ێکی مەقبووڵە هەندێ لەو شتانە کە بۆ گاڵتە و گەپ و ڕابوارن ئەوترێ. وەکوو ئەوە کابرا ئەڵێ: «هەر لە دوێنێوە سەرخۆش ئەبووم، ئەگەر ئێستە بیر لەوە بکەمەوە کە سبەینێ عەرەق ئەخۆمەوە!»

دیارە ئەمە هەمووی هووشەکارییەکی وایە نە عەقڵ قەبووڵی ئەکا، وە نە شتی واش ڕوو ئەدا، بەڵام پێکەنین و گاڵتەیەک بە هۆی عبارەتەکەوە دێتە ناوەوە نزیکی ئەخاتەوە لە ڕاستیی.