ڕووتەوەکردن

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 7 دقیقه  889 مشاهده

یەکێکی تر لە هونەری جوانکاری گوزارەیی «تەجرید»ە. ئەم تەجریدە بەلای منەوە و لەم بابەتەدا بە «ڕووتەوەکردن» چاکتر دێت هەتا تەجرید.

دوور نییە ئەو ڕەخنەیە بگیرێ کە لە باسی «خواستن» دا. «تەجرید» بە «ڕووت» گوزارشتی لێی درایەوە، بۆچ لێرەدا ئەبێ «ڕووتەوە کردن» بێ؟. خۆ بانێک نییە و دوو هەوا!.

ئەڵێن ئەم تەجریدەی کە لێرەدا هەیە غەیری تەجریدەکەی ئەوێیە؛ ئەو لەوێدا ڕووت بوو لە هەموو شتێک، بەڵام ئەمی ئێرە - وەکوو باسی ئەکەین - ڕووتی ئەکەینەوە لەو شتانەی کە هەیەتی، ئەو بەرگەی لێی دائەکەنین و بەرگێکی تری ئەکەین بە بەرا. کەوا بوو بۆ ئەم شوێن «ڕووتەوە کردن» زیاتر جێگای خۆی بوو تا «ڕووت». ئەتوانم بڵێم گوزارشتی کوردییەکە ڕەوانتر بوو تا گوزارشتی عەرەبییە کە، کە لە هەر دوولا هەر بە «تەجرید» ناوی بردووە!.

جا ئەم «ڕووتەوەکرنە»ش ئەوەیە کە:

شتێک هەیە سفەتێکی هەیە، تۆ لەو شتە مەوسووفە بەو سفەتەوە شتێکی تری لێی وەر ئەگرێ، کە وەرگیراوەکەش. هەر وەکوو ئەو مەوسووف بە سفەتەوە ئەمیش سفەتێکی وەکوو سفەتەکەی ئەوی تێدا بێ. ئەم ئیشەش کە ئەیکەی بۆ هووشەکاری و موبالەغەیە.

ئەم «ڕووتکردنەوە»یە بەم ناساندنە ئەبێ بە چەند بەشێکەوە. بەشێکی ئەوەیە کە بەهۆی «هۆ»یەکەوە بێ. وەکوو ئەوە کە ئەڵێ:

«من بەهۆی تۆوە دۆستێکی تری گیانی بە گیانیم هەیە». ئەمە ئەوە ئەگەیەنێ کە «تۆ» بەرانبەر بە من سفەتێکت هەیە کە دۆستایەتیەکی گیانی بە گیانیتە لەگەڵ منا، ئەوەندە ئەم سفەتەت توند و تیژە لەگەڵما ئەتوانم هەر بە هۆی تۆی مەوسووف بەو سفەتەوە دۆستێکی تری وەکوو تۆم هەبێ:

بەشێکی تر لەم «ڕووتکردنەوە»یە ئەوەیە کە دێنی «لەوچوون - مشبەبە» و «لێی چوون - مشبە» ێک دروست ئەکەی، بە تەواوی بۆنی لێی چوونەکە ئەنی بە لەوچوونەکەوە. بە وێنە وەکوو «حەریق» ئەڵێ:

«ئەگەر ڕووت نا لە شێخم تۆ لە بۆ نەو مەتلەبەت گیانا»
«ئەبێ وا بزانی پرست ڕووی لە بەحری قولزمە جانا»

ئەمە موبالەغەیە لە شێخەکەیا، کە پڕە لە هەموو مەعنەویاتێک. واتە: تۆ، کە پرسیارت لەوە، ئەبێ وا بزانی کە پرسیارەکەت ڕووی لە دەریاری قولزمە، چونکە دەریای قولزم شەپۆل ئەدا، ئەمیش وایە!.

ئەم جۆرە شتانە لە زمانی کوردیدا زۆرن. جا، یا بە کورتی، یا بە درێژی. کابرا وەسفی مەلایەتی مەلایەک ئەکا ئەڵێ: «ماشەڵا پڕە، شەپۆل ئەدا» مەبەستی ئەو ئەوەیە کە زۆر عالمە، وەکوو بەحر شەپۆل ئەدا.

بەشێکی تر لەم بابەتی «ڕووتەوە کردنە»ە ئەوەیە کە شتێک هەیە مەوسووفە بە سفاتی گەلێ شتەوە، تۆ دێنی ئەو سفەتانە - کە هەر یەکە هی شتێکن - هەموویان ئەدەی بەو تاقە مەوسووفە - کە تۆ ئەتەوێ -. لە دانی ئەم هەموو سفەتانە بەو، شتێکی تر دێتە ناوەوە کە هەرگیز نابێ شتی وا هەبێ، بەڵام تۆ مەوسووفێکی وا دروست ئەکەی لە نەبوون، بە مەرجێکیش مەوسووفەکەی تۆ ئەگەر ڕووتی بکەیتەوە لەو هەموو سفەتانە، خۆی شتێکی زۆر بێ نموود و ئعتیادی دەر ئەچێ. وێنە ئەمە وەکوو ئەو بڕە هۆنراوە کە «ناڵی» بە سەرو گوێلاکی کەرەکەیا وتوویەتی. ئەڵێ:

«من کەرێکم بوو، چ پەیکەر، تەی کەری هەوراز لێژ»
«سینە پان و مووچە کورت و شانە بەرزو گوێ درێژ»
«بن زک و جەبهەت سپی، کلک ئیستر و دامەن سیا»
«یەککە تازو سیپڕو دووباد و شەش دانگ و درێژ»
«کەلە وەک جەڕەی شەرابی پڕ نشات و تەڕ دەماغ»
«شێری نەڕ، ئاهووی بەڕ، گورگی سەغەر، قەمچی نەچێژ»
«مل عەلەم، شیرین قەلەم، ئاهوو شکەم، مەیموون قەدەم»
«سم خڕو کلک هەڵگر و مەنزڵبڕ و عارەق نەرێژ»

تەماشا ئەکەین لەم هۆنراوانەدا گەلێ وەسفی هێناوە، کە هەر یەکە بەجیا هی مەوسووفێکە، ئەم هەموویانی هێناوە داویە بە یەک مەوسووف - کە کەرەکەیەتی -. دیارە کەرێکی وا هەر نییە و نەبووە. ئەگەر ئەم سفەتانەی لێی لابەری کەرێکی قوڕ بەسەری لاواز ئەمێنێتەوە، کە کەرە!. ئەمانەی کە کردووە بۆ هۆشەکاری و مبالەغەیە.

بەشێکی تر لە «ڕووتکردنەوە» ئەوەیە کە تۆ بێنی لە جێگایەکی تایبەتیدا شوێنێکی تایبەتی تر دروست بکەی و بیدەی بەو کەسەی کە ئەتەوێ. وەکوو ئەڵێ:

«لەناو سێ دەری کۆشکی ئازادیدا بە دڵنیایی دانیشتووە».

تەماشا ئەکەین لەناو ئەو کۆشکەدا - کە کۆشکی ئازادییە - شوێنێکی تری تەرخان کردووە. ئەمە بۆ زۆر هووشەکارییە لە ئازادی و کامەرانی، مەعنای ئەوەیە کە لە هیچ ڕوویەکەوە ناتەواوی نییە، وەکوو ئەوە وایە کە تۆ بەشێک لە کرۆکی شتێک وەر بگری.

دیسان هەر بەشێکە لە «ڕووتکردنەوە» کە لە ڕێگای دەرەکەوە بۆ مەبەستەکە بچێت. وەکوو لەم وێنەیەدا کە «بێخود» ئەڵێ:

«ئەی شۆخ و شەنگی سەراپەردەکەی جەماڵ»
«ئەی وەرگری کاسی مەلاحەت لە دەستی ئەهلی کەماڵ»
«نەیدیوە کەس لە تۆ زیاتر لەم دەیرە کۆنەدا»
«لابێ لە ئاوی دەستی بەخیل و ئاوابێ دەستی بەماڵ»

تەماشا ئەکەین لەم وێنەیەدا ئەڵێ:

تۆ ئەو کەسەی کە ئاوت لە دەستی چرووک وەر نەگرتووە، دەستی خۆت هەموو دەم ئاوەدانە بە ماڵ بۆ ئەوە بیدەی بە خەڵک. مەعنای وایە: ئاوی، کە لە دەستی چرووک وەر نەگرتبێ، ئەبێ هەر لە دەستی ئینسانی بەخشەندەی وەر گرتبێ.

بەخشندەیەکی لە دۆستەکەی داتاشیوە و ئاوی بەخشندەیی لە دەستی ئەو کەسی دووەمە وەر گرتووە. ئەمەشی کە کردووە لە ڕێگای درکەوەیە؛ چونکە ئەو کە ئەوەی بۆ چەسپاند کە ئاوی لە دەستی چرووک وەر نەگرتووە ئەمەی بۆ ساغ کردەوە کە ئاوی لە دەستی بەخشندە وەرگرتووە، ئەمەش ئاشکرایە کە لەو بەخشندەیە وەرگرتووە، کەوا بوو ئەو ئاو لێی وەرگیراوە بوو بە بەخشندەکە.

لێرەدا کەسێکی تر دروست بوو - جگە لە دۆستەکەی - بۆ موبالەغە. کە وردیشی ئەکەیتەوە هەر دوو کەسەکە هەر دۆستەکەیەتی؛ یەکێکی لە ڕاستیدا هەر ئەوە، یەکێکی تری ئەوەیە کە لەم ڕێگایەوە دایتاشیوە!. وەکوو وترا ئەمە هەر بۆ هووشەکارییە لە ناساندنی دۆستیا.

***

هەر لەم بەشی جوانکاری «ڕووتکردنەوە»یەدا یەکێکی تر ئەوەیە کە قسە لەگەڵ نەفسی خۆیا بکا؛ واتە خۆی بکا بە یەکێک و لەگەڵیا دەست بکا بە ئاخاوتن. وێنەکەی وەکوو «سەلام» ئەڵێ:

«دڵە! کوورەی خەم کۆمەڵێ زووخاو سادەی خورۆشێ»
«مووشە دەمەکەی هەناسەی پڕتاو دەخیلە جۆشێ»

ئەمە لێرەدا هەرچەندە وتوویە «دڵە»، بەڵام ئەم دڵە دڵی خۆیەتی و قسەی لەگەڵ خۆی کردووە. وە یا هەر لەم وێنەیە یەکێکی تر ئەڵێ:

«ئەگەر ئەتەوێ دڵت ڕەحەت بێ»
«نانت جۆیین بێ و خوڵقت گەنمین بێ»

ئەمەش هەر قسەکردنە لەگەڵ خۆیا.

***

بەشێکی تر لەم «ڕووتەوە کردن»ە ئەوەیە کە شتێک هەیە سفەتێکی خۆی هەیە، تۆ دێنی ئەو سفەتە لەو وەر ئەگری و ئەیکەی بە سفەت بۆ شتێکی تر. وێنەی ئەمە وەکوو «مفتی زەهاوی» لە بارەی «مەلا عەبدوڵڵای جەلی زادە» وە وتوویە:

«کاکەوەڵڵا گوێ خێلە بۆ قسەکانی من!».

ئەمە لە مفتییان پرسیوە کە مەلاعەبدوڵڵا گوێ بۆ قسەکانی تۆ ڕائەگرێ؟. ئەویش ئەو وەڵامەی داوەتەوە!.

«خێل»ی شتێکە بۆ «چاو» ئەوترێ و سفەتی ئەوە و شتێک بە دووشت ئەبینێ. ئەم سفەتە بۆ چاو وەنەبێ زۆر جوان بێ. کەچی ئەو هاتووە ئەم سفەتەی داوە بە گوێ، کە ئەوپەڕی جوانیی لێرەدا دەر ئەکەوێ. مەعنای وایە کە ئەو ئەوەندە بە ئارەزووە بۆ وەرگرتن و بیستنی قسەکانی من، هەر قسەیەکم کە کرد دەنگ ئەداتەوە لە گوێدا و بیستنەکەی بۆی لە باتی یەکجار ئەبێ بە دووجار!.