کۆکردنەوە و بڵاو کردنەوە و دابەشکردن

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  721 مشاهده

لە هونەری جوانکاری گوزارەیی یەکێکی تر «کۆکردنەوە و بڵاو کردنەوە و دابەشکردنە - الجمع و التفریق و التقسیم»؛ واتە کۆکردنەوەی دەستەیەک، ئەمجا بڵاو ئەکرێنەوە و پاشان دابەش ئەکرێن. وێنەکە وەکوو لەم پارچەیەدا هەیە:

«زستان درێژەی کێشا، ئالیک نەما، بەرخە جوانەکە لەبەر برسێتی خەوی لێکەوت، لە خەویا وا:

بەهار هات، بەرغەل لە کۆز دەرچوو، لەبەر برسێتی و خۆشیی هاتنی بەهارەکە کەسیان، کەسیان نادوێنن. لەناو ئەو بەرغەلەدا هەندێکیان گەمە و یاری ئەکەن، هەندێکیان لەبەر بێ هێزی شلەپەتە بوون.
ئەوانەی گەمەیان ئەکرد کەوتنە ناو ئەو قەرسیل و سێپەڕەی بەهارەوە، ژیانیان بوو بە ژیانێکی شادمانی، ئەوانەش کە بێ هێز و لاواز بوون نەیانتوانی خۆیان بە بەهەشتی ئەو بەهارە شاد بکەنەوە، بە ناچاری قەساب هات و سەری بڕین، کەوتنە دۆزەخی بە تەواوی لە ناو چوونەوە! ئەمجا ڕاچەنی چ لە ترسا، چ لە خۆشا!»

تەماشا ئەکەین بەرغەل لە کۆز دەرچوون، بوون بە دوو دەستەوە؛ دەستەیەکیان کەوتنە یاری، دەستەیەکیان کەوتن، ئەوانەیان کە هێزیان تێدا هەبوو کەوتنە ناو بەهەشتی ژیانەوە و مانەوە، ئەوانەیان کە لاواز بوون کەوتنە بەر دەستی قەساب و چوونە دۆزەخی نەمانەوە!.