کۆکردنەوە لەگەڵ بەشکردنا

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  622 مشاهده

بەشێکی تر هەر لەم بابەتە لە جوانکاری گوزارەیی «کۆکردنەوە» لەگەڵ بەشکردنا - الجمع مع التقسیم.

ئەمەش ئەوەیە کە چەند شتێک لە ژێر حوکمێکا کۆ بکرێتەوە و پاشان بەش بکرێن. وێنەکە وەکوو ئەوە: ساڵێکی زۆر تووش بوو، کابرایەکی کورد لێیان پرسی ئیمساڵ چۆن بوون؟. وتی:

«چۆن بووین؟ لەو ڕۆژەوە کە زستان دەستی خۆی وەشان، زیندەماڵ و مەردەماڵ گوڵۆڵەیان کەوتە لێژی؛ مەڕوماڵات قڕی تێی کەوت، گزرە و پاوان خورا، گەوڕ و کادان چۆڵ بوو، دار و پەردوو سووتا، گا و گۆتاڵ فەوتا، چی ما؟!.»

لێرەدا چەند شتێکی بە دوو ڕەستەی کورت کۆ کردۆتەوە - کە زیندەماڵ و مەردەماڵە -؛ کۆی کردوونەتەوە لەژێر یەک حوکمدا - کە فەوتان و تیاچوونە -. پاشان ئەو تیا چوونە - کە حوکمەکەیە - بەشی کردووە و ئەڵێ: زیندەماڵ - کە مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵە - فەوتاون و قڕیان کرد بە هۆی بەفرو سەرمای ئەو زستانەوە. مەردەماڵ - کە دار و پەردووە - هەر لەبەر ساردی زستانەکە هەمووی سووتێنرا، کاوگزرەیە درا بە ماڵات هەر کەڵکی نەبوو!.

***

ئەمجا پێچەوانەی ئەمەش هەر لە جوانکاری گوزارەیییە؛ واتە بەشکردنی چەند شتێک و لە پاشا لە ژێر یەک حوکمدا کۆ بکرێنەوە.

وێنە وەکوو «شێخ ڕەزا» ئەڵێ:

«وەختی شەڕ شێرن لە بۆ دوژمن، لە سیلما شیری پاکن بۆ خۆیان»
«وا بووە عاداتی ئەجدادی کرامیان، ماوەتە و بەم جۆرە بۆیان»

باسی یەکێ لە عەشرەتەکانی کوردی کردووە ئەڵێ: سفەتی ئەوانە لە کاتی شەڕا وەکوو شێر وانە، پەلاماری دوژمن ئەدەن هیچیان ناهێڵن، لە کاتی ئاسایشیشا شێرێکی پاک و خاوێنن بۆ خۆیان، واتە بە ڕەحم و بە هاری کاری - ن بۆ خۆیان، ئەم ڕەوەشتە هەر لە باو و باپیرانەوە ماوەتەوە بۆیان.

یەکەم جار سفەتەکانی بەش کردووە کە؛ ئازایەتیانە بەرانبەر بە دوژمن و بەزەیی و دڵپاکییە بۆ خۆیان لە بەینی یەکا، پاشان کۆی کردوونەتەوە لەژێر یەک حوکمدا - کە ڕەوشت و عادەتە -؛ واتە ئەم ڕەوشتەیان هەر لە باو و باپیرەوە هەبووە.