کۆکردنەوە لەگەڵ بڵاوکردنەوەدا

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  561 مشاهده

یەکێکی تر لە هونەری جوانکاری گوزارەیی «کۆکردنەوە لەگەڵ بڵاوکردنەوەدا - الجمع مع التفریق»ە ئەمەش ئەوەیە کە دوو شت بخرێنە ژێر خێوەتی یەک مەعناوە، لە پاشا جیا بکرێنەوە لەو هۆیەدا کە یەکی خستوون. وێنە وەکوو «زێوەر» ئەڵێ:

«دڵی زارم وەکوو ئاگر بە دایم کاری سووتانە»
«کەچی ڕووی یار وەکوو ئاگر هەموو دەم وا بە تابانە».

لێرەدا دڵی خۆی و ڕوومەتی یاری چواندووە بە ئاگر، لە پاشا جیایانی کردۆتەوە بەو، کە لێکچوونەکە لە ڕوومەتی یارا شەوق و بریسکەکەیە، وە لە دڵی خۆیشیا کڵپە و بڵێسەکەیە!

وە یا «ناڵی» ئەڵێ:

«مەکە لۆمەی پەشێوی دڵ کە ئەمشەو»
«پەشێواوە لەبەر پەرچەم پەشێوان!»

هێناویە دڵی خۆی و پەرچەمی یاری خستۆتە ناو پەشێواوییەوە، پاشان جیای ئەکاتەوە بەوە ئەڵێی لێکچوونەکەیان ئەوەیە کە پەشێواویەکە لە دڵا نارەحەتییە، لە پەرچەما جوانییە!