چاوەڕوانی

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  956 مشاهده

یەکێکی تر لە جوانکاری گوزارەیی «چاوەڕوانی»یە. ئەم گوازرشتە لە عەرەبیدا «ارصاد»ی پێی ئەڵێن، هەروەها «تسهیم»یشی پێی ئەڵێن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە گوایە ڕستەکان لە ڕێکیدا بە ئەندازەی یەکن.

جا ئەم «چاوەڕوانی»یە ئەوەیە بە جۆرێ ڕستەکان دابڕێژرێن کە بە هۆیەوە چاوەڕوانی دواییەکەشی بکرێ، واتە لە پێش دوایی هاتنی ڕستەکەدا شتێک هەبێ کە پەیوەندی لەگەڵ ئاخرەکەدا هەبێ، وەکوو بڵێت شاترێکە بۆ ئەو و تروسکەیەکە بۆ ئەوە ئەو پیشان بدا. بە وێنە وەکوو ئەڵێ:

«لە سایەقەی ساماڵی ئاسمانی مەریواندا گوڵوپێکی کارەبا. لە لالەزاری پڕنیگاری دەوری زرێباردا بولبولێکی خۆش نەوا!»

تەماشا ئەکەی لە پێش «کارەبا» و «خوش نەوا»- کە ئاخری ڕەستەکانن - «گوڵۆپێکی» و «بولبولێکی» داناوە، کە ئاخرەکان ئەوان ئەدەن بە دەستەوە و ئەوانیش ڕێگایەک ڕوون ئەکەنەوە بۆ پیشاندانی ئاخرەکە.

وە یا ئەڵێ:

«لە دیمەنی بەهارە ڕەشماڵی کۆچەری کۆچەران و چووزەرە ڕێواسی ناو کەما و لۆی کۆسەران»- کۆسەران کورتکراوەی «کۆساران»ە.

هەر لە سەرەتاوە گوێی بۆ ڕائەگرێ و لە هەر وشەیەکیا چاوەڕوانی وشەکەی دوایی ئەکا. ئەمە بە چاو گوێگرەوە. بە چاو ڕستەکەشەوە کۆچەری بۆ کۆچەران و کەما و لۆ بۆ کۆسەران پێرەوێکن.