گونجاو بۆ یەک

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  954 مشاهده

ئەم «چاولەیەک»ەش چەند شتێکە، یەکێک لەوانە «گونجاو بۆ یەک»ە؛ واتە «تناسب و توفیق».

ئەمەش ئەوەیە کە دوو مەعنای نەگونجاو کۆ بکرێنەوە لە دوو ڕستەدا، ئەمەش بە ڕێکەوتی شوێنەکە بێ، نەوەک بە هۆی دژایەتیەوە بێ. کە کۆ کرانەوە لە دوو وشەکەدا، گوزارەی وشەکان لەگەڵ یەکا بگونجێن. وەکوو وێنەکە ئەڵێ:

«ڕۆژ لە ڕۆژدا و مانگ لە مانگدا لە گەڕانا بوون»
«گەلاوێژ لە مانگدا و ژین لە حەفتەدا لە سەمادا بوون»

وێنەکە لە ڕۆژ و مانگ و گەلاوێژ دایە؛ ڕۆژ کوورەی ڕۆژ مەبەستە، هەر چەندە بە ڕۆژی بەرانبەر بە شەویش ئەوترێ. مانگ ئەو مانگەیە کە لە شەوا هەڵدێت، هەر چەندە بە «٣٠» ڕۆژەکەش هەر ئەڵێن مانگ. «گەلاوێژ» ئەو ئەستێرە ڕووناکەیە کە لە شەوی «٤٦»ی هاویندا لە شوێنی خۆی ئەکەنرێ، وە گۆڤارێکی کوردی ئەدەبیش بووە کە هەر بە مانگێ جارێ لە بەغدا دەرچووە.

گەلاوێژی ئەستێرە ڕێکەوتی لەگەڵ مانگ و ڕۆژدا هەیە چونکە هەموویان ڕووناکن، بەڵام گەلاوێژی گۆڤار ئەو ڕێکەوتەی لەگەڵیانا نییە، چونکە ئەوان لە ئاسمان و ئەم لە ئەرز، ئەوان ئەو ڕووناکییە ڕواڵەتیەیان هەیە ئەم نییەتی. وە یا هەر لەم ڕووەوە «نالیتخلص» ئەڵێ:

«گریانی من و خەندەی ئەتۆ ئێستە ئەشوبهێن»
«بەو مەوسمی بارانە کە وا خونچە ئەپشکووت»

ئەم هۆنراوە بۆ گەلێ لە هونەرەکانی ڕەوانبێژی دەست ئەدا، هەر یەکە بە پێی جێگای خۆی.

***

جۆرێکی تر لەم «چاولەیەک»ە، ئەوەیە کە ڕستەکە بە جۆرێ دابڕێژرێ دواییەکەی لەگەڵ سەرەتاکەیا گونجایشێک لە بەینیانا هەبێ. ئەمە «تشابهی ئەتراف»یشی پێی ئەڵێن. وێنە وەکوو «نالیتخلص» ئەڵێ:

«فەرشی پڵاسە، دۆشەکی خاکە، سەرینی بەرد»
«بێ تووک و ڕووت و قووت و فەقیر قەلەندەرە»

سەیر ئەکەی فەقیر و قەلەندەر لەبەر بێ نەواییان فەڕشیان هەر پڵاسە.