نەخش و جوانی

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  1545 مشاهده

هەر لەم بابەتی «دژیەک»ەدا شتێکی تر هەیە کە بەلای زانایانی بەلاغەوە بە «تەدبیح» واتە «نەخش و جوانیی» ناو براوە. وێنەی ئەمە وەکوو «گۆران» ئەڵێ:

«خەڵات کرا لەو ڕۆژەدا بە بەرگی سووری مەخمەڵی»
«دەنگ هات شەوێ بە شوێن ئەوا کە بۆی کرا بە ئەتڵەسی!.»

ئەمە هەڵئەگرێ کە دژیەکەکە بێ «طباق»، چونکە دوو دژیەکی کۆ کردۆتەوە، واتە دوو مەعنای بەرانبەر لە ڕستەیەکدا. وەکوو ئەمە هەیە ئەوەش هەر هەیە کە ئەم جۆرە دژیەکە بە نەخش و جوانی - ش ناو ئەنرێ؛ واتە لە شتێکا ئەبێ کە وەسپ یا خوسپی تێدا هەبێ، ڕەنگ و ڕەنگامەی تێدا بەکار بهێنرێ بە نیازی «درکە» یا «توانج پۆشی».

«هەڵۆ» بەگ یەکێک بوو کە لە ڕۆژی شەشی ئەیلوولی «١٩٣٠» لەبەر دەرکی سەرای سولەیمانیدا کوژرا. عەبدوڵڵا «گۆران» لاوانەوەیەکی بۆ دانا. ئەم هۆنراوەیە یەکێکە لەو پارچەیە.

لێرەدا ئەمە هەڵئەگرێ - بێجگە لە دژیەکیەکەی - کە «تەدبیجی درکە» بێ، چونکە ئەڵێ:

ئەو ڕۆژە کە هەڵۆ بەگ کوژرا بەرگی سوور کرا بە خەڵاتی - کە خوێنەکەیەتی و شەهید بوو -. هەرکە کەوتە شەوێ چوە بەهەشتەوە و بەرگی سەوزی ئەتڵەسی کرا بە بەرا. ئەتڵەس سەوزە. لێرەدا سوور و سەوزی کۆ کردۆتەوە. مەبەستی لە «سوور» درکەیە لە کوشتنی. مەبەستی لە «سەوز» درکەیە لە چوونە بەهەشت، چونکە جل و بەرگی ئەهلی بەهەشت سەوزە.

«درکە»ش ئەوە بوو: کە گوزارەیەک هەیە، وشەکە لە گوزارە ئەسڵیەکەی خۆی گوێزراوەتەوە بۆ گوزارەیەکی تر، لەگەڵ ئەوەشا ئەگونجێ بۆ ئەسڵەکەش؛ واتە نیشانەیەک لە ئارادا نییە بۆ ئەوە گوزارە ئەسڵیەکە مەبەست بێ.

«سوور» ڕەنگی سوورە «قرمز». «سەوز» ڕەنگی سەوزە «کەسک». خوێن ڕەنگی سوورە، بەرگی ئەهلی بەهەشت ڕەنگی سەوزە. لێرەدا نیشانە نییە کە سوور هەر ئەبێ سووری «مصطلح» بێ، وە یا «سەوز» ئەو سەوزە بێ کە لەناو زمانا باوە.

وە یا هەر لەم بەشەدا «ڕەنگنامە» بە جۆرێ «توانج پۆشی» بێتە پێشەوە. وەکوو لەم ڕستەیەدا ئەڵێ:

«لەو ڕۆژەوە کە گیای سەوزی ژیانم زەرد هەڵگەڕا، خۆشەویستی زەردەم پشتی تێی کردم، ڕۆژی ڕووناکم پەردەی ڕەشی بەسەردا هاتووە، ڕەشیی مووەکانم ڕوو بە ڕووی سپێتی بوونەوە، کەوتمە حاڵێکەوە کە دوژمن بەزەیی پیاما ئەهاتەوە. لەو ڕۆژەوە کە وام لێی هاتووە، ئیتر خۆزگە بە مردن ئەخوازم!».

لێرەدا ڕەنگەکان؛ سەوزی، زەردی، ڕەشی، سپێتی هەمووی هێناوە. «توانج پۆشی»یەکە لەم شوێنەدا لە «زەردی»یەکەدایە؛ «خۆشەویستی زەرد» دوو مەعنای هەیە؛ یەکێ نزیکەکە کە دۆستە گەنم ڕەنگە زەردبادامیەکەیەتی، یەکێ دوورەکە - کە زێڕە-. مەبەستەکە لێرەدا دوورەکەیە.

هەر لە بابەتی «نەخش و جوانی»یە، دوو مەعنا کۆ بکرێنەوە و بە دوو وشە گوزارشت لێی بدرێنەوە کە مەعنا ڕاستەقینەی وشەکان بەرانبەری بکەن. وێنەی ئەمە وەکوو «پیرەمێرد» ئەڵێ:

«بزەی پیرییە بە سەر و ڕیشم»
«گریانی خۆمە بە دەورەی ئیشم!»

هەرچەندە پیری بەرانبەری گریان نییە، بەڵام لە مەعنادا بەرانبەرە، چونکە گوزارشتی بە «بزە» لێی داوەتەوە - کە بزە بە مەعنا پێکەنینە، پێکەنین لە ڕاستیدا بەرانبەرە بە گریان. جگە لەمەش گەلێ پێکەنین ڕوو ئەدا بەرانبەر بە گریانی کەسێک، چونکە ئەم بەتەوسەوە بە گریانەکەی ئەو پێی ئەکەنی!. ئەمە بە «ایهامی تضاد»یش ناو ئەبرێ.