دژیەک

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  2883 مشاهده

یەکێکی تر لە هونەرەکانی جوانکاری «دژیەک»ە. لەم دژیەکەدا دوو شتی نەگونجاو ئەهێنرێن لە ڕەستەدا بەرانبەری یەک ئەوەستێنرێن بۆ ئەوە نەوس بە تاسەوە بۆی بشنێتەوە.

وەکوو ئەوە ڕووناکی بەرانبەر بە تاریکی، چاکە بەرانبەر بە خراپە، بەرزی بە نزمی، جوانی بەرانبەر بە ناشیرینی ڕائەگیرێن. ئەم دژیەکەش وا ئەبێ دوو «ناو» ئەبن، وەکوو «خادمتخلص» ئەڵێ: «ماسی لە خاکا مردووە، سۆنە لە ئاوا زیندووە». ماسی و سۆنەی بەرانبەر بە یەک داناوە و، هەردووکیان «ناو»ن.

وە یا دوو سفەت، وە یا ناو و سفەتێک. وەکوو «سەجادیاعلام» ئەڵێ:

«بەرانبەر داد ستەم ڕابوو، لە ڕووی چاکە خراپ وەستا»
«لەلای پاک پیس سەری هەڵدا، لە ڕووی ڕاستی درۆ هەستا»
«چ ڕووناکی، چ تاریکی، چ نزمی بێ وە یا بەرزی»
«بە خۆشی بێ وە یا تاڵی، هەموو ئەڕوا لەسەر ئەرزی»

تماشا ئەکەین خاوەن دەق بەرانبەر بە «داد»، «ستەم»ی داناوە، بەرانبەر بە چاکە «خراپە»، بەرانبەر بە پاک «پیس»ی داناوە - کە ئەمانە هەموو «ناو (اسم)»ن. بەرانبەر بە «ڕاستی» «درۆ»ی داناوە - کە «ڕاستی» ئیسمی مەعنا و لە حوکمی سفەتدایە، «درۆ» ئیسمە. «ڕووناکی و تاریکی»، «نزمی و بەرزی»، «خۆشی و تاڵی» ئەمانە هەموو ئیسمی مەعنان و بەرانبەری لە بەینی یەکا پێ کردوون.

مەبەستەکە ئەوەیە دوو شتی وا کە هەرگیز نەشێن ببن بە یەک و بخرێنە ڕستەوە و بەرانبەر بە یەک دابنرێن؛ واتە کە یەکێکیان هێنرا ئەویتریشیان هەر لە ڕستەکەدا دابنرێ. ڕستەش هۆنراوە بێ یا پەخشان.

هەروەها لەم بابەتی «دژیەک»دا بەرانبەری ئەکرێ لە نێوانی «وەرگرتن و وەرنەگرتن، ئیجاب و سەلب» وە «چەسپاندن و نەچەسپاندن - ئیسبات و نەفی»، وە «دوو کردەوە - فعل». وەکوو دیسان «خادمتخلص» ئەڵێ:

«وتم بەو شۆخی چاو مەستەی دڵارا»
«ئەچم بۆ چین، نەچووم، چووم بۆ بوخارا!»

بە ڕاستی ئەم هۆنراوە بۆ هەموو وێنەکانی دەست ئەدا؛ «چین» و «بوخارا» بۆ دوو ئیسم. «ئەچم» و «نەچووم» بۆ ئیجاب و سەلب. «نەچووم» و «چووم» بۆ ئیسبات و نەفی. «ئەچم» و «نەچووم» بۆ دوو فعلەکە.

وە یا هەر بۆ ئیجاب و سەلبی تەنها. وەکوو ئەڵێ:

«نازانن دیواخانی پاشا، ئەزانن ئاشخانەی پاشا!».

وە یا دوو مەعنا لە ڕستەیەک کۆ بکرێتەوە. وەکوو «ڕەمزیتخلص» ئەڵێ:

«لە گریەی زۆری من، خەندەی کەمی تۆ»
«هەموو دنیا بوەتە شین و ڕۆ ڕۆ!»

دوو مەعناکە لێرەدا لە ڕاستیدا ئەبێ بە چوار؛ زۆر و کەم، گریان و پێکەنین؛ جوانیەکە لەوەدایە کە «گریان» و «زۆری» بەرانبەر بە پێکەنین و کەمی داناوە. ئەمە بەو ناوەشەوە ناو ئەبرێ کە بۆنی دژیەکی لێ دێت.

وە یا بۆ بەرانبەری یەک شت بەرانبەر بە دوو شت ئەڵێ:

«پیری بە تەنیا ڕەحمەتە»
«پیری و فەقیری زەحمەتە»