جوانی بایس

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 8 دقیقه  4530 مشاهده

جوانی بایس واتە «حسن التعلیل»یەکێکە لە بابەتەکانی «ڕەوانبێژی» و لە بەشی «جوانکاری»؛ لەو بەشە کە جوانکردنی وتە و ڕستە ئەگرێتەوە، کە ئەیگرێتەوە لە لایەنی ڕوخسار و ناواخن و ئاوەڕۆکیەوە.

جوانی بایس لە خودی خۆیا ئەوەیە کە «سەبارەت - عیللەت» ێکی بە ڕێ و جێ بهێنرێ بۆ «خاسەوێژی - وەسفی»شتێک کە ئەو خاسەوێژییە لە بناغەدا خاسەوێژی شتەکە نەبێت؛ واتە غەیر حەقێقی بێ، بەڵام ئەو داواکردنە و ئەو بۆهێنانە بە شێوەیەکی جوان و شایان بێت.

کردنی ئەم ئیشەش بۆ ئەوەیە کە پاراوی و جوانیەکیتر بدا بە ڕستە و هۆنراوەکە؛ دانێکی وا کە دڵ و مێشک زیاتر پێی بگەشێتەوە و ببووژێتەوە.

ئەم جوانی بایسەش ئەکرێ بە چوار بەشەوە؛ چونکە ئەو خاسەوێژییە کە ئەویسترێ بکرێ بە سەبارەت، یا هەیە و گومانێک لە بوونەکەیدا نییە و مەبەست ئەوەیە باسی سەبارەتیەکەی بکرێ، وە یا نییە و شوێنی گومانە و ئەویسترێ بوونیەتیەکی بۆ دروستبکرێ و بهێنرێتە ناوەوە و بکرێ بە چەخماخەی شتەکە.

ئەو بەشەیان کە وا هەیە و گومانی تێدا نییە و مەبەست ئەوەیە باسی سەبارەتیەکەی بکرێ، یا ئەمەیە بە ڕەوشت و بە عادەتیی نابێ بە سەبارەت هەرچەندە لە ڕاستیدا خاڵی نییە لە سەبارەتیەتی - عیللەت-. وە یا ئەبێ بە سەبارەت بەڵام مەبەست ئەوەیە کە سەبارەتە ڕەگەزی و نەژادیەکەی ببێ بە سەبارەتێکی دووەمین، وە یا بە واتەیەکی تر ببێ بە غەیر حەقێقی بە پێی ئەو شوێنە.

ئەو بەشەشیان کە نییە و ئەویسرێ بوونیەتیەکی بۆ دروست بکرێ، ئەمیش واتە خاسەوێژییەکە یا ئەشێ و ئەگونجێ، یا ناگونجێ ناشێ.

 

ئەمجا بەشی یەکەم؛ واتە ئەو بەشەیان کە وا خاسەوێژییەکە هەیە و گومانی تێدا نییە و مەبەست ئەوەیە باسی سەبارەتیەکەی بکرێ، وە بە ڕەوشت و بە عادەتیی نابێ بە سەبارەت، وە یا ناویسترێ بکرێ بە سەبارەت، هەر چەندە لە ڕاستیشدا خاڵی نییە لە سەبارەتیەتی. وێنەکەی وەکوو «نالیتخلص» ئەڵێ:

لە ترسی تەلعەتت ڕۆژ هەر وەکوو شێت
بە ڕووزەردی هەڵات و کەوتە کێوان!

هاڵاتن و ئاوابوون بۆ ڕۆژ خاسەوێژییەکە و هەیە. بەڵام لە ڕواڵەتا سەبارەتیەکی بۆ دەرناکەوێ، هەرچەندە لە ڕاستیدا خاڵی نییە لە سەبارەت، هۆنەر هێناویە سەبارەتیەکەی بەوە هێناوەتەوە کە هەڵاتن و زەردبوونەکەی لە ترسی پڕتەوی ڕوومەتی دۆستەکەیەتی.

سەبارەتی ڕاستەقینەی ئەم خاسەوێژییە - کە ئاوابوونەکەیەتی - لەبەر سووڕانەوەی ئەرزە، بەڵام ئەوە ناهێنرێتە بەرچاو، بەڵکوو سەبارەتەکەی ئەکرێ بە ترسی زۆر پڕتەوی ڕوومەتی دۆستی ئەم.

بەشی دووەم؛ واتە ئەو بەشەیان کە خاسەوێژییەکە هەیە و ئەبێ بە سەبارەت، وەلێ مەبەست ئەوەیە کە شتێکی تر بکرێ بە سەبارەت بۆ ئەوە سەبارەتە بناغەییەکە ببێ بە سەبارەتێکی دووەمین، وە یا غەیر ڕاستەقینە و غەیر حەقێقی.

وێنەی ئەمەش وەکوو «سالمتخلص» ئەڵێ:

«لەسەر سەبزەی چەمەن یاری سوهاقەددم کە جیلوەی کرد»
«لە سەجدەی خاڵی لالێوی بنەوشە گەردنی خەم بوو!»

گەردن خەم بوون و چەمانەوەی وەنەوشە خاسەوێژییەکی بێگومانە و بۆی هەیە، کە سەبارەتەکە ڕاستەقینەکەی قورسبوونی سەرەکەی و بێهێزی قەفەکەیەتی. هۆنەر چاو لەوە ئەپۆشێ، خاسەوێژیەکی تر ئەکا بە سەبارەت کە کڕنووشبردنیەتی بۆ خاڵی لالێوی دۆست، خاسەوێژییە بناغەییەکە چووە پلەی دووەمین و بوو بە خاسەوێژیەکی غەیر ڕاستەقینە و غەیر حەقێقی.

بەشی سێیەم؛ واتە ئەو بەشەیان کە خاسەوێژییەکە نییە و گومانی تێدا هەیە و ئەویسترێ بوونیەتیەکی بۆ دروستبکرێ و بکرێ بە خاسەوێژی. وە ئەم بە خاسەوێژی کردنەشی ئەگونجێ و ئەشێ.

وێنەکەی وەکوو «مەجدیشخص» ئەڵێ:

«میننەتی ئیحسانی واشیم وا لە سەر ئەی ئەهلی شەرق»
«ترسی ئەو بوو ڕستگار بوو چاوەکانی من لە غەرق»

«واشی» کەسێکە قسە دێنێ و ئەبا، واتە «قسەچن». قسەچن هیوای چاکەی لێ ناکرێ، بەڵام هیچ دووریش نییە کە چاکەیەکیش بکا. چ قەیدی هەیە با بیکا! ئەیکا بە خاسەوێژی و بە پێچەوانەی مەردمی تر ئەبزوێتەوە و ئەڵێ:

خەڵکینە! بزانن کە من چاکەی قسەچنم لەسەرە، چونکە من لەبەر دووری یارم ئەبوایە بگریامایە، لە ترسی ئەوە کە نەوەک ئەو من لەو جۆشی گریانەدا ببینێت و بچێت ئەم گریانە بە بارێکی ترا بگێڕێتەوە بۆ خۆشەویستەکەم هیچ نەگریام، لە نەگریانەکەم چاوەکانم بۆ مایەوە، چونکە ئەگەر بگریامایە ئەوەندە ئەگریام تا چاوەکانم لە ناو دەریای فرمێسکدا نوقم ئەبوون و ئەخنکام.

لێرەدا هۆنەر خاسەوێژیەکی دوور لە ڕاستەقینەی داوەتی - کە چاکەکردنی قسەچنە - وە ئەگونجێ و ئەشێ.

وە یا لەم ڕەستەیەدا کە ئەڵێ:

«دوژمن چاکتر مامۆستایە!»

چەشنی شتە و خاسەوێژییە دوور لە ڕاستەقینەکەی ئەدرێتێ، چونکە لە ترسی ئەو، پیاو ئەکەوێتە خۆی و بێوەی ئەبێ لە خراپەی.

بەشی چوارەم؛ واتە ئەو بەشەیان کە خاسەوێژییەکە نییە و بە تەواوی گومانی تێدا هەیە، وە ئەویسترێ بوونیەتیەکی بۆ دروست بکرێ و بکرێ بە خاسەوێژی، لەگەڵ ئەوەشا کە ناگونجێ بەڵام هەر ئەکرێ. وێنەش بۆ ئەمەیان وەکوو «بێخود» ئەڵێ:

«ئەگەر جەوزا نیازی بەندەگی شۆخی لەسەر نەبوای»
«نەدەبینرا کەمەربەستە لەسەر ئەو ئەوجی ئەفلاکە!»

«جەوزا» -کە دووپەیکەرەیە - چەند ئەستێرەیەکن لە وێنەی دوو مناڵی ڕووتدا، شوێنەکەی شوێنی ئەستێرەی «عەتارد»ە، وە ناوی مانگی سێیەمی دوانزە بوورجەکەشە. بەهەر چوار دەوری ئەم جەوزایەدا چەند ئەستێرەیەک ئاخڵەیان داوە بە دەوریا و بوون بە وەکوو پشتێن بۆی - کە بەمانەش ئەڵێن «نطاق الجوزا».

جا ئەڵێ ئەگەر ئەستێرەی جەوزا مەبەستی بەندەگیی ئەو شۆخە - کە یارەکەمە -ی لەسەرا نەبوایە، بەو جۆرە پشتێنی بەندەگی لەو سەرەوە نەئەبەست، بە چەشنێکی وا کە هەموو کەس بیبینێ!.

لێرەدا خاسەوێژییەک - کە خزمەتکردنی ئەستێرەی جەوزایە بە یار - نە، شتێکە ببێت، وە نە، ئەشگونجێت. هۆنەر وەکوو چۆن ئەیەوێ بوونەتیەکی بۆ دروست بکا، بەو جۆرە ئەشیەوێ بڵێ ئەشگونجێ! بوونیەتیەکەی بەوە پێک دێنێ کە ئەڵێ:

نابینی وا بەو جۆرە کەمەربەستە و بە بێ هەست بۆ خۆی لەو سەرەوە ڕاوەستاوە، ئەم ڕاوەستانەی بەو دیمەنە ئەوە بۆ ئەو خزمەتەیە!.

وە یا «تاهیربەگشخص» ئەڵێ:

«فەلەک زانی کە دەشکێ ڕەونەقی بازاڕی مانگ و ڕۆژ»
«شکاندی پەنجەکەم تا من نەنووسم وەسفی ڕوخساری!»

تاهیربەگ لە «ڕاو»دا بووە، دەمانچەیەکی تەقاندوە، بە ڕێکەوت داویە لە پەنجەیەکی خۆی برینداری کردووە و بەڵکوو سەری پەنجەکەی پەڕیوە. شکانی پەنجەکەی بەهۆی گوللەی ئەو دەمانچەیەوە بووە. کەچی هێناویە خاسەوێژییەکی تری بۆ دروست کردوە ئەڵێ:

گەردوون بۆیە پەنجەی منی شکاند بۆ ئەو بوو کە وەسفی ڕوخساری یار نەنووسم! چونکە ئەگەر بمنووسیایە مانگ و ڕۆژ ئیتر ئەو ڕەواجەیان بۆ نەئەمایەوە کە مەردم باسی جوانیان بکەن!.

 

شتێکی تر هەیە بە تەواوی وەنەبێ جوانی بایس بێ، وە وەنەبێ ئەویش نەبێ؛ جوانی بایس نییە بە تەواوی، چونکە بەر ئەو بەشانە ناکەوێ، ئەویش نییە چونکە لەو ئەکا.

هۆیەکەش ئەوەیە کە ئەو نییە و لەو ئەکا ئەوەیە کە لەمەدا گومانێک هەیە و لەسەر ئەو گومانە داڕێژڕاوە. لێرەدا شێرگیرە لەسەر ئەوە کە بیخاتە بەر ئەو بابەتی جوانی بایسەوە، گومانەکەش پێچەوانەی ئەو داواکارییەیە. ئەمە هەبوو بە ناچاری ئەوترێ ئەمە وەکوو پاشکۆیە بۆی؛ واتە پێوە لکێنراوە.

جا وێنەی ئەمە وەکوو «پیرەمێردشخص» ئەڵێ:

هەوری بەهاران ئەگرێ بە تاو
بۆیە وا ئەکا بە دەرد و زووخاو؟
لەیلی شاردۆتەو لە لای «شندروێ»
دڵی پڕ ئەبێ و بۆی ئەگرێ لە نوێ!

ئەڵێ هەوری بەهاران بۆیە بە تاو، تاو دێنێ و دەرد و زووخاو هەڵئەڕێژی، چونکە لەیلی - دۆستی لە سەر شندروێ لای عەبابەیلە- شاردۆتەوە؛ واتە مەزارەکەی لەوێدایە، جارجار دڵی پڕ ئەبێ لە قوڵپی گریان و بۆی ئەگری!.

بارانی هەور لەبەر ئەوە نییە، کە دۆستی لەیل، لەیلی لە کێوی شندروێیە، بەڵکوو لەبەر تەبێعەتی هەورەکەیە، بەڵام ئەم ئەیکا بەوە کە دۆستی لەوێیە. ئەم داواکردنەشی ئەو جۆرە گومانی تێدا هەیە، بەڵام لەسەری هەر ئەڕوا بۆ ئەوە بیکا بە ڕاست و لەو گومانە دەرچێ!