پاکژەیەک لەبارەی خواستنەوە
خواستن ئەبێ بە گەلێ بەشەوە:
بە ئێعتباری هەر دوو سەرەکەی - لێی خواستراو و بۆخواستراو - ئەبێ بە دوو بەشەوە.
بە چاو ئەو شتەوە کە لێی خواستراو و بۆخواستراوەکە تیایا هاوبەشن - کە ئەو شتە بەلای ئەهلی وەک یەکەوە بە «وجە الشبە». ناو ئەبرێ - ئەبێ بە دوو بەشەوە.
بەچاو لێی خواستراو و بۆخواستراو و کۆکەرەوەکەیان؛ واتە بە ئێعتباری ئەم سێیە ئەبێ بە شەش بەشەوە.
بە ئێعتباری وشەی «مستعار»ەکە ئەبێ بە دوو بەشەوە، واتە ئەسڵی و تەبەعی.
دیسان خواستن بە ئێعتبارێکی تر؛ جگە لە ئێعتباری ئەمسەر و ئەوسەر و کۆکەرەوە و وشەکە، ئەبێ بە سێ بەشەوە؛ «ئازاد، ڕووت، پاڵاوتە - مطلقة، مجردة، مرشحة».
ئەوەی کە بە ئێعتباری دوو سەرەکەی ئەبێ بە دوو بەشەوە، ئەوەیە کە دوو لایەکە، یا ئەگونجێ لە شتێکا کۆ ببنەوە. وەکوو ئەوە کە سەردارێک ئەڵێ:
«گومڕاکانمان هێنایەوە سەر ڕێگای ڕاست» واتە لە ڕێگا لایاندابوو، ڕێ بە دیێمان بۆ کردن بۆ ئەوە بێنەوە سەر ڕێگا ڕاستەکە. ئەوەش کە ناگونجێ کۆ ببنەوە، وەکوو شتێکی نەبوو وە یا نەبوونێک بخوازی بۆ بوونێک؛ واتە ئیستعارەی «معدوم» بکەی بۆ «موجود». دیارە هیچ کەڵکێک لەم ئیستعارەدا نییە و نابێ.
ئەوەی کە بە چاو «جامع - کۆکەرەوە» کە؛ واتە ئەو شتەی کە هەر دوو لای خواستنەکە تیایا هاوبەشن. ئەمەش یا کۆ کەرەوەکە لە چەمکی لێی خواستراو و بۆخواستراودا هەیە و داخڵە، یا نییە.
ئەوەی کە هەیە وەکوو ئەو وێنەیە کە ئەڵێ: «هەر دەنگێک ئەبیستێ بۆی باڵ ئەگرێتەوە!» باڵگرتنەوەی خواستووە بۆ هەڕاکردن. «کۆکەرەوە - جامع» لە نێوانی باڵگرتنەوە و هەڕاکردنا «غاردانە». ئەم غاردانە لە مەفهوومی باڵگرتنەوە و هەڕاکردنا هەیە.
ئەوەی کە نییە و داخڵ نییە، وەکوو خواستنی «پڵنگ» بۆ پیاوی ئازا و پاڵەوان، چونکە پاڵەوانی شتێکی عەرەزییە بۆ پڵنگ، پڵنگ خۆی دڕندەیەکە، پاڵەوانی لە خارجی ئەوایە.
ئەوەش کە بە چاو لێی خواستراو بۆ خواستراو و کۆکەرەوەکەیە، ئەبێ بە شەش بەشەوە. ڕوونکردنەوەکەی بەم جۆرەیە.
دوو سەرەکە ئەگەر «حسّی» بوون؛ واتە قەبارەکەیان هەبوو. کۆکەرەوەکە یا حسّییە وەکوو ئەڵێ: «کەڵەشێرە زێڕینی سەر خەزنەکە ئەیخوێند». لێی خواستراو - مستعارمنە - کە مشبەبە کەیە - کەڵەشێرێکی ڕاستەقینەیە. بۆخواستراو (مستعارلە) کە مشبەکەیە - کەڵەشێرە زێڕینەکەیە. کۆکەرەوەی هەردووکیان شکڵەکەیە. ئەمانە حسّین.
یا ئەو کۆکەرەوەیە «ژیری»یە وەکوو کابرا وتی: «کێچ نەیهێشت بخەوم هەتا ڕۆژم لە شەو سەندەوە!». مەبەستی ئەوەیە ئەو شەوە هەر لە سەرێوارەوە کێچ نەیهێشتووە بنوێ هەتا کەوتە ڕۆژ. لێرەدا لێی خواستراو - مستعارمنە، شەوەکەیە، بۆخواستراو مستعارلە - کە، دەرکەوتنی ڕۆژەکەیە. ئەم دووە هەر دووکیان حسّین، کۆکەرەوەکەیان؛ واتە جامع لە نێوانی ئەم دوو حسّییەدا، حەسانەوەیە، چونکە کە ڕۆژ بووەوە کێچ وازی لێی هێنا و حەسایەوە.
ئەگەر خۆ دوو لایەکە و کۆکەرەوەکە هەموو «ژیری» بوون وەکوو ئەڵێ:
«من چورتم دابوو لە ژێر خاکا، کێ منی هێنا بۆ ئێرە؟».
لێی خواستراو نوستنە، بۆخواستراو مردنە، کۆکەرەوەکە بێ ئاگایییە لە هەردووکیانا نوستن و مردن لە بێ ئاگاییدا وەکوو یەک وانە.
یا ئەگەر دوو لەیەکە یەکێکیان حسّی وە ئەویکەیان «عەقڵی» بوو. «حسّیەکە لێی خواستراو - مستعارمنە - کە بوو. وەکوو ئەڵێ: «شەکرێک بشکێنە». لێی خواستراوەکە شکاندنی شەکرە. ئەوە حسّییە، بۆخواستراو - مستعارلە - کە قسەکردنە، کۆکەرەوە لە بەینی ئەو دوو شتەدا گەشەیەکی ڕۆحییە بۆ گوێگران. ئەم دووەیان عەقڵین.
وە یا بە پێچەوانەوە بوو؛ واتە دوو سەرەکە حسّیەکەیان بۆخواستراو - مستعارلە - کە بوو. لێی خواستراو - مستعارمنە - کە لەگەڵ کۆکەرەوەکەدا «جامع» عەقڵی بوون. وەکوو ئەڵێ:«ئاو بە ئاوەدانیدا ئەڕوا»، «ئاو» بۆخواستراوەکەیە «حسّییە» «ئاوەدانی». لێی خواستراوەکەیە، کۆکەرەوەکە «تێری»یە. ئەم دووە هەردووکیان عەقڵین لە فهوومدا، چونکە مەبەست بە ئاوەدانی غەیری برسێتییە.
وە یا کۆکەرەوەکە هەندێکی «حسّی» و هەندێکی «عەقڵی» بوو. وەکوو ئەڵێ: «مانگێک دەرکەوت» مەبەستت ئینسان بێ لە جوانیەکەیا و لە دڵگیریەکەیا. دوو سەرەکە - کە ئینسان و مانگەکەیە - حسّین، کۆکەرەوەکە هەندێکی جوانییە - کە حسّییە - هەندێکی دڵگیریە - کە عەقڵییە.
ئەو «ئیستعارە»یەش کە وترا بە چاو وشەکە «مستعار»ەکە ئەبێ بە دوو بەشەوە. ئەمەش ئەوەیە: کە ئەگەر وشەکە ئیسمی جنس بوو وەکوو ئەو ناوانە کە ناون بۆ شت، خواستنەکە ئەبێ بە ئەسڵی و ڕەگەزی، وەکوو «شێر» ئەخوازرێ بۆ پیاوی ئازا. «ترسنۆک» ئەخوازرێ بۆ پیاوی نەترس و بێباک.
ئەگەر وا نەبوو ئەبێ بە تەبەعی و ڕەدوو. ئەمانەش بەهۆی کردەوە و موشتەقاتی کردەوە و پیتەوە. بۆ ئەم جۆرەیان من پێویست بە درێژەپێدان نابینم.
بەهۆی دوایی هاتنی دوو بابەتەی گوزارەکاری و ڕەوانکاریەوە شتێکی تر ماوە پێموایە باسی ئەوەش بکرێ:
بەلای هەموو زانایانی بەلاغەوە وایە کە خوازە و درکە پاراوتر و بەهێزترن لە دروست و دان پیانان؛ واتە «مجاز و کنایە». بەلێغ ترن لە «حقیقة و تصریح». ئەمەش بۆیە وایە چونکە وەکوو ئەوە وایە کە تۆ لە «ملزووم»ەوە بچیت بۆ «لازم» هەموو دەم کە مەلزووم هەبوو لازمیش هەیە، کە ئاگر هەبوو گەرمایی هەیە؛ کە مەجاز و درکە هەبوو دروست و دان پیانانیش هەیە. ئەمە وەکوو ئەوە وایە کە تۆ داوای شتێک بکەیت لەگەڵ ئیسبات و گواهیدا. بێگومان داواکردن لەگەڵ «بینة»دا بەهێزتر. لە داوایەک کە ئەوی لەگەڵ نەبێ.
هەروەها «خواستن»یش بەهێزترە لە وەک یەک، چونکە ئەم خواستنە - وەکوو وترا - بەشێکە لە خوازە، خوازەش بەپێزتر بوو لە «دروست». لە باسی «خواستن»دا قسە لە خزمایەتی وەک یەک و خواستن، وەک یەک و خوازە، خوازە و خواستن کرا، لە ئەنجامی ئەو باسانەدا دێنە سەر ئەوە کە خواستن بەهێزترە لە وەک یەک.