بەشەکانی خواستن

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  2880 مشاهده

بەشەکانی خواستن زۆرن، بەڵام لە هەموویان بە دیمەنتر ئەمانەن:

«مصرحة، مکنیة، مجردة، مرشحة» بە ئیعتبارێکی تر هەر لە ناو ئەمانەدا سێ بەش دانراوە:«مطلقة، مجردة، مرشحة». بابەتی هەرە باوی ئەمانە «مصرحة» و «مکنیة»یە. لەمەودوا بە درێژی قسەیان لێوە ئەکەین.

«خواستنی - مصرحة»- کە من بەلامەوە «خواستنی بێ پەنا» وە یا «ئاشکرا»یە. لە هەمان کاتا ئەم «مصرحة»یە «تحقیقیە»شی پێ ئەوترێ، ئەوەیە؛ ئەوەی کە ئەوترێ «لەوچوون - مشبەبە»، واتە «لێی خواستراو - مستعارمنە» کە بێ، وە لە مولائیماتی «لێی چوون - مشبە» واتە «بۆخوستراو - مستعارلە» کە لە ڕستەکەدا هەبێت.

وێنەکە وەکوو «وەفاییتخلص» ئەڵێ:

چاوەکەم ئیمڕۆ لە گوڵشەن گوڵ بەعیشوە خۆی نواند
نەک نەمەکگیر بم، بە مەرگی تۆ قەسەم هیچ نەمدواند

لێرەدا «لێی خواستراو - لەوچوون» هەیە کە «گوڵ»، «لێی چوون - بۆخواستراو» هەیە کە «یار»ە و ناوی نەهێناوە. لە مولائیماتی بۆ-خواستراو - کە یارە - عیشوە و خۆنواندنە. ئەم مولائیماتەی داوە بە لێی خواستراوەکە - کە گوڵەکەیە لە گوڵشەندا - بۆ ئەوە بەو جۆرە خۆی بنوێنێ.

«ئیستعارەی مکنیة» - کە من بەلامەوە «خواستنی بەپەنا» وە یا «بە درکە»یە- لە هەمان کاتا ئەم «مکنیة»یە «تخیلیة»شی پێی ئەڵێن. ئەوەیە: ئەوی کە ئەوترێ «لێی چوون - مشبە»، واتە «بۆخواستراو - مستعارلە» کە بێ، وە لە مولائیماتی «لەوچوون - مشبەبە» واتە «لێی خواستراو - مستعارمنە» کە لە ڕستەکەدا هەبێت. وێنە وەکوو «نالیتخلص» ئەڵێ:

گوڵ کە یاخی و دەم دڕاو بوو کەوتە لافی ڕەنگ و بۆی
باغەبان گوێ گرت و دایهێنا بە دەستی بەستە بۆی

یاخی بوون و دەم دڕاوی لە وەسفی مرۆڤە - کە ئەم مرۆڤە «لێی خواستراو - مستعارمنە» کەیە- هۆنەر لێی خواستراوەکەی نەهێناوە، بەڵکوو وەسفەکەی هێناوە و داویە بە بۆخواستراو، «مستعارلە» کە «گوڵ»ە -، واتە خواستوویە بۆ ئەو. هەروەها «گوێ» و «دەستی بەستە»ش.

دیسان «سەجادیشخص» ئەڵێ:

شنەی ئەگریجەی نازدارانی کورد
لەشکری گوڵی بە تاڵانی برد

لەشکر وشەیەکە تەنیا بۆ ئادەمیزاد دانراوە، هۆنەر هێناویە داویە بە «گوڵ». لەو لاشەوە تاڵانکردن «کردەوەیە»، لە کاتی دانانی زمانا هەر بۆ ئادەمیزاد دانراوە، ئەو هێناویە داویە بە «شنەی ئەگریجە» کە ئەم شنەیە لە نازدارانا هەیە و نازدارانیش ئادەمیزادن، واتە ئادەمیزاد تاڵان ئەکا. لە هەر دوو بارا وەسفی لێی خواستراو - مستعارمنە دراوە بە بۆخواستراو - مستعارلە.

ئینجا «ئیستعارەی مجردة، وە یا تجریدیة» کە بەلای منەوە «خواستنی ڕووت» بۆ ئەم بەشە ئەشێت.

ئەمەش ئەوەیە: کە خواستنەکە بەرانبەریی بکا بە شتێک کە ئەو شتە لە مولائیماتی مستعارلە کەیە، واتە بۆ خواستراوەکەیە. وەکوو ئەڵێ: «دەستی بڵاوە» واتە بەخشەندەیە و شت زۆر ئەدا بە خەڵک «بڵاویی» خواستووە بۆ بەخشندەیی، پاشان بڵاوییکە بوو بە سفەتی «دەست»ەکە - کە ئەم دەستە موناسبە لەگەڵ بەخشندەییدا. وە یا وەکوو «موخلیستخلص» ئەڵێ:

بارانی خوانی ئەڕژێتە ناو دەشت
پێکەنینی خۆی دەشتی کرد بە وەشت

مەبەست ئەویە کە بەخشندەیە. «خوان»ی خواستووە بۆ بەخشندەیی، پاشا وەسفی کردووە بە «باران»، کە ئەم بارانە ئاشنایەتی هەیە لەگەڵ بەخشندەییدا.

«ئیستعارەی مرشحة» کە بەلای منەوە «خواستنی پاڵاوەتە» بۆی بەکارە.

ئەمیش کە: خواستنەکە بەرانبەریی بکا بە شتێک کە ئەو شتە لە مولائیماتی «لێی خواستراو - مستعارمنە» کە بێ. وەکوو ئەڵێ:

«دینی فرۆشت بە دینار، بەڵام بازرگانیەکی ڕەنجەڕۆ بوو»

فرۆشتنی خواستووە بۆ گۆڕینەوە، ئینجا لە فرۆشتنەکە شتێکی هێناوە کە لەگەڵ فرۆشتنا پێکەوە بیانکرێ، شتەکەش سوود و تجارەتەکەیە.

بە کورتی لەم چوار بەشەدا ئەوەی کە زیادە بووە لە مولائیماتی «مصرحة و مکنیة»، ئەگەر زیادەکە لە مولائیماتی «لێی چوون - مشبە» کە بوو ئەوە ئەبێ بە خواستنی ڕووت - ئیستعارەی تجریدیة. ئەگەر زیادەکە لە مولائیماتی «لەوچوون - مشبەبە» کە بوو ئەبێ بە خواستنی پاڵاوتە - ئیستعارەی ترشیحیة. ئەگەر بەرانبەریی نەکرد لەگەڵ هیچ یەک لە مولائیماتی لێی خواستراو و بۆخواستراودا ئەبێ بە خواستنی ئازاد - ئیستعارەی مطلقة.

وا ئەبێ خواستنی ڕووت و پاڵاوتە پێکەوە کۆ ئەبنەوە. وەکوو «غەرقیتخلص» ئەڵێ:

«غەرقی سلاحە ئەو بەچکە شێری ئێمەیە گەر سەیری کەی»
«مووی سەر مل و کەللەی وەها ڕژاوە تەواو وەسفی شۆڕەبی ئەکا»

ئەم هۆنراو گەلێ شتی لە ڕووی خواستنەوە تێدا هەیە، بەڵام ئەوەی مەبەستی ئێمەیە «غەرقی سلاحە»- کە هی ڕووت، تجریدیەکەیە -، چونکە لە مولائیماتی بۆخواستراوەکەیە، ئەو بۆخواستراوەش «بەچکە شێرە» کەیە. «مووی سەر و مل و کەللەی» هی پاڵاوتەکەیە، چونکە لە مولائیماتی لێی خواستراوەکەیە، ئەو لێی خواستراوەش شێری ڕاستەقینەیە.

ئەبێ ئەوەش بزانرێ کە خواستنی پاڵاوتە پاراوتر و پتەوترە لە هی ئازاد و ڕووت - لە مطلقة و مجردة -، وە یا لە ڕووت و پاڵاوتە - تجرید و ترشیح -، چونکە ئەم پاڵاوتەیە بە تەواوی هووشەکاری و موبالەغەکە دروست ئەکا.