خواستن

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  3920 مشاهده

ناساندنی خواستن ئەوەیە کە وشەیەک لە شتێکا بەکار هێنراوە کە ئەو شتە چوێنراوە بە گوزارە ڕەسەنی وشەکە لەبەر پەیوەندییەکی لێکچوون - مشابە.

جا لەبەر ئەمە ئاشنایەتی لە نێوانی «وەک یەک - تشبیە» و «خواستن - ئیستعارە»دا ئاشنایەتییەکی بەهێزە، چونکە خواستن لە وەک یەکە بەهێزەکەوە دروست ئەبێ؛ واتە ئەو وەک یەکە کە هەر «لەوچوون - مشەبە» کە و «لێی چوون - مشبە» کەی تێدایە، کە ئەمە «لێی خواستراو - مستعارمنە» و «بۆخواستراو - مستعارلە» ئەگرێتەوە.

لێرەدا ئەگەر هات و «لێی چوون - مشبە» کە نەوترا، وە یا لە دڵا نەبوو، بەڵکوو هەر «لەوچوون - مشبەبە» کە وترا، وە یا ئەگەر «لەوچوون» نەوترا «لێی چوون» ئەوترێ، ئەوەندە هەیە پەیوەندییەکی لەوچوونەکەی ئەدرێتێ. ئەمە ئەبێ بە «خواستن». وەکوو «نالیتخلص» ئەڵێ:

دەست بەندیانە دێن و دەچن سەرو و نارەوەن
یا حەڵقەیانە سۆفی مل خوار و مەندەبوور

هاتوچۆکردن و گەڕان ئیشی مرۆڤە، هی دارو دەوەن نییە، هۆنەر هێناویە سەرو و نارەوەنی چواندووە بەو مرۆڤ و کوڕانە کە سەما ئەکەن و دێن و دەچن. هاتوچۆکردن لە ئیشی لەو چوونەکەیە، ئەو ئەم سفەتەی هێناوە داویە بە لێی چوونەکە، بەم جۆرە کردوویە بە خواستن.

ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە خواستن لەگەڵ «خوازە - مجاز» ئەبن بە خزم، چونکە خوازە کە دوو بەشی هەبێ؛ خوازەی زمانی - لوغەوی، خوازەی ژیری - عەقڵی. زمانییەکە دوو لقی لێ ئەبێتەوە؛ یەکێ خواستن، یەکێ خوازەی بەرەڵا - مجازی مرسل. کەوابوو خواستن و خوازە لە خێزانی بنەماڵەیەک بوون. جگە لەمەش، خواستن لە ڕاستیدا «خوازەیەکی زمانی - مجازی لغوی-»یە، چونکە لە خواستندا «لەوچوون - مشبەبە» ئەوترێ و بۆ ئەم لەوچوونە دانراوە، نەک بۆ لێی چوونەکە کە «مشبە» کەیە.

پێش ئەوە کە بەدرێژی باسی جیاوازی خوازە و خواستن بکەین لەبەر ئەوە کە دۆستایەتیەکەی وەک یەک و خواستن توندوتیژە، باسی ئەو هەنگاوانە ئەکەین کە شاهەنگاون بۆ جیابوونەوەی ئەو دووە:

١- وەک یەک دوو پایەی بناغەیی هەیە؛ لەوچوون و لێی چوون، خواستن هەر یەکێکی هەیە.

٢- لە وەک یەکدا ئەگونجێ لێکچوونەکە بوترێ، بەڵام لە خواستندا بە هیچ جۆر نابێ بوترێ.

٣- لە وەک یەکدا شتێکی ئاشکرایە کە لەوچوونەکە -مشبەبە- زەقترە، بەڵام لە خواستندا ئەو زەقیە نامێنێ، بەڵکوو تێکڵاوی پەیدا ئەبێ، لەم تێکڵاوییە ئەم سەر و ئەوسەری دوو شتەکە زیاتر لێک نزیک ئەبنەوە.

٤- وەک یەک و خواستن هەردوولایان ڕووە و مەڵبەندێک ئەڕۆن بۆ ئەوە هەردووکیان تیایا هاوبەش بن، ئەوەندە هەیە لەجۆری ڕێگاکانیانا جیائەبنەوە.

لە خواستندا لێی خواستراو -مستعارمنە، واتە مشبەبە، بۆ خواستراو - مستعارلە، واتە مشبە، هەیە، وەکوو لەوچوون و لێی چوون -مشبەبە و مشبە- لە وەک یەکدا هەیە. ئەم لێی خواستراو و بۆ خواستراوەش هەر یەکێکیان لە ڕستەکەدا ئەبن. ئەوەندە هەیە ناو نەبردنەکەی وەنەبێ کۆسپ بێ بۆی و لە پایەیەتی بخا، هەروەها ئەبێ نیشانەیەکی دیار لە ڕستەکەدا هەبێ بۆ ئەوە گوزارە ڕاستەقینەی وشەکە مەبەست نەبێ.

دیسان بە هیچ جۆر نابێ ئەوزار و لێکچوون لە ڕستەکەدا هەبێت، پەیوەندی لە نێوانی لێی خواستراو و بۆخواستراودا هەیە، ئەوە لە بیر ئەبرێتەوە کە لێکچواندنی مەعنەوی لە نێوانی لێی خواستراو و بۆخواستراودا هەیە، چونکە ئەویسترێ ئەو دووە لە یەک بۆتەدا قاڵ بکرێنەوە، نەک بچوێنرێن بە یەک و وەک یەک پەیدا ببێ.

دوور نییە بوترێ ئەم ناساندنە بۆ خواستن بەم جۆرە لەوانەیە وای لێ بکا لەگەڵ درۆدا جیا نەکرێنەوە و یەک بگرنەوە!

ئەڵێن ئەو ڕستەیە کە خواستنی تێدایە، وە یا بڵێین «خواستن»، بە دوو شت لە درۆ جیا ئەبێتەوە، یەکەم بە «تاویل» و بەرپەرچدانەوە، واتە داوای ئەوە ئەکرێ «مشبە» کە - کە بۆخواستراو - مستعارلە - کەیە لە ڕەگەزی «مشبەبە» کەیە، واتە لە جنسی لێی خواستراو - مستعارمنە - کەیە. دیارە درۆ ئەم داخوازیەی تێدا ناکرێ. دووەم نیشانەیەک هەیە لە ئیستعارەکەدا کە تۆ داوای زاهرەکە ناکەی، لە درۆدا ئەم شتە نییە.