خوازە

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  2619 مشاهده

خوازە وە یا خوازمان لە دەستووری زمانی کوردیدا ناون بۆ ئەو واتایە کە لە زمانی عەرەبیدا بە

«مەجاز» گوزارشتی لێی دراوەتەوە.

هەروەها درکە، وە یا «گۆشە»ش دیسان لە زمانی کوردیدا لە باری ڕەوانبێژییەوە بەکار ئەهێنرێ بۆ ئەو چەمکە کە لە زمانی عەرەبیدا بە «کنایە» ناوی دەرکردووە.

وشە ناتوانێ بە تەواوی لە دایەخی گوزارە دەربێت؛ واتە گوزارە فرەیە و وشە کەمە. لەبەر ئەمە، وە لەبەر ئەوە کە وشە لە کاتی دانانیا بۆ یەک شتی تایبەتی دانراوە، پاشان پێویست زۆر بووە، وشە نەبووە کە بۆ ئەو پێویستە دابنرێ، بە ناچاری هێنراوە ئەو وشەیە کە لە کاتی خۆیا بۆ شتێکی تایبەتی دانراوە گوێزراوەتەوە بۆ ئەو شتە پێویستە کە داهاتووە. لەم گواستنەوەیە خوازە و درکە پەیدا بووە.

کەوابوو خوازە و درکە خزمایەتیەکەیان لەم شوێنەوە دەستی پێکرد؛ واتە لە شوێنی کەمیی وشە و زۆریی گوزارەوە ئاتاج بوون بە وشە پەیدا بووە.

ئەمجا جیایی لە نێوانیشیانا ئەوەیە کە:

ئەو وشەیە لە کاتی خۆیا بۆ گوزارەیەکی تایبەتی دانراوە، ئەو گوزارەیە بووە بە گوزارەیەکی ڕاستە و ڕاستی وشەکە، ئێستە کە هێنراوە و گوێزراوەتەوە بۆ گوزارەیەکی تر، ئەو ڕەستەیە کە ئەو وشەیە تێدایە، وا پیشان ئەدا کە گوزارە بۆ گوێزراوەکە «لازم-پێویست»ی وشەکەیە، وە دانەر، وە یا تۆیش مەبەستتان گوزارەی دووەمە؛ واتە گوزارە بۆ گوێزراوەکە، لەگەڵ ئەوەشا وشەکە ئەگونجێ بۆ گوزارەی یەکەمیش؛ واتە گوزارە بناغەییەکە. ئەم گونجانەش، بەو جۆرە کە نیشانەیەکی تایبەتی لە ئارادا نەبێ بۆ ئەوە کە وشەکە ڕاستەوڕاست ڕووبەڕووی گوزارە ئەسڵیەکە بکاتەوە.

بەمە خوازە و درکە لێک جیا ئەبنەوە؛ جیابوونەوەکەش بەو جۆرەیە ئەگەر لە ڕستەکەدا نیشانە هەبوو بۆ ئەوە گوزارە ڕەسەنیەکە مەبەست نەبێ، واتە هەروا وشەکە بە ڕووتی لە نێوانی گوزارە ڕەسەنی و بۆ گوێزراوەکەدا مایەوە، ئەوە ئەو وشەیە ئەبێ بە خوازە. ئەگەر ئەو نیشانەیە نەبوو؛ واتە شتێک لە ئارادا نەبوو کە وشەکە ببڕێ بەسەر گوزارە ڕەسەنیەکەدا و بیچەسپێنێ بەوەوە، ئەوە ئەبێ بە درکە.