جۆرەکانی خوازە

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 6 دقیقه  3821 مشاهده

پاش ئەوە کە خوازە و درکە لێک جیا بوونەوە، ئەبێ ئەوەش بزانرێ کە خوازە لەسەر دوو، وە درکە لەسەر سێ جۆرە.

دوو جۆری خوازە یەکێکیان «ژیری-عەقڵی»یە، یەکێکیان «زمانی-لوغەوی»یە.

ژیرییەکە ئەوەیە کە کردەوەیەک بدرێتە لای شتێک، وە یا یەکێک کە لە ڕاستییدا ڕەوا نەبێ بدرێتە لای ئەو. وەکوو ئەوە کە ئەڵێی «زانکۆیەکم دانا». ئەو کەسە کە ئەوە ئەڵێ ئەمە شتێکی ڕاستە کە ئەو بووە بە هۆی دروستکردن و جێبەجێ بوونی زانکۆکە، بەڵام لە ڕوویەکی ڕاستیەوە ڕێکخستن و پێکهێنانەکەی، مامۆستا و کرێکارەکان بوون و ئەوان ئیشەکەیان بە تەواوی هێناوەتە ئەنجام.

جا ئەم جۆرە خوازەیە پێی ئەوترێ خوازەی ژیری چونکە ژیرییەکە ئەم جۆرە ئیشکیلە ئەدا.

لەگەڵ ئەمەشا ئەبێ ئەوە بزانین کە ئەم خوازەی ژیرییە لە ڕاستیدا ئەبێ بە چوار بەشەوە؛ لە کاتێکا کە وترا کردەوەکە بدرێتە لای شتێک، وە یا یەکێک کە لە ڕاستیدا ڕەوا نەبێ بدرێتە لای ئەو، ئەمە ئەم بەشکردنەمان بۆ دروست ئەکا؛ چونکە کردەوەکە کە ئەدرێتە لای شتەکە یا دروست «حەقێقی»یە. کە ئەڵێن دروستە، واتە ئەو نیسبەتە کە ئەدرێ «زمان» هەردوو سەرەکەی بە حەقێقی دائەنێ، وەکوو ئەوە ئەڵێ «بەهار نێرگسی ڕواند».

لێرەدا «بەهار» هەیە، «نێرگس» هەیە، «ڕواند» هەیە. بەهار ڕواندی. چی ڕواند؟ نێرگس. کەوابوو لێرەدا «ڕواندن موسنەدە، بەهار موسنەدالیە» ئەمانە هەردووکیان حەقێقەتی زمانین چونکە چ ڕواندنەکەیە، چ بەهارەکەیە لە شوێنی خۆیانا بە پێی دانانی زمان بەکار هێنراون. ئەوەندە هەیە خوازەکە لەوەدایە کە نیسبەتی ڕواندن دراوەتە لای بەهار، کەچی ئەبوایە بدرایەتە لای خوا.

وە یا ئەو کردەوەیە کە ئەدرێتە لای شتەکە، زمان هەردوو سەرەکەی -موسنەدالیە-کە هەر بە خوازە دائەنێ، واتە «وضعی لغوی»؛ وەکوو ئەوە ئەڵێ: «بووکی چوار وەختە ئەرزی ژیاندەوە». لێرەدا «ژیاندنەوە» و «بووکی چوار وەختە» هەیە، هەردوو لایان لە غەیری شوێنی ڕاستەقینە و حەقێقەتی خۆیانا بەکار هاتوون، هەردووکیان بوون بە خوازە. «ژیاندنەوە» خوازەیە لە «ڕواندن». «بووکی چوار وەختە» خوازەیە لە «بەهار»؛ واتە بەهار ئەرزی ڕواندەوە، بەڵام ئەسڵی ئیسنادەکە خوازەیەکی ژیرییە. لەگەڵ ئەمەشا دیسان ئەم ڕستەیە هەر پڕیەتی لە خوازە، وەلێ بە هۆی لابردنی وشەو دانی سفەتی ئەو وشەیە بە وشەیەک، کە ماوە؛ چونکە ئەسڵەکە ئەبێ وای لێ بێتەوە «بارانی بەهار گیای ئەرزی ڕواندۆتەوە».

وە یا موسنەدەکە حەقێقەت بێ و موسنەدالیە کە مەجاز. وەکوو ئەڵێ: «بووکی چوار وەختە نێرگسی ڕواند»، «ڕواند» موسنەدە و حەقێقەتە، «بووکی چوار وەختە» موسنەدالیە و مەجازە؛ واتە حەقێقەتێکی لوغەوییە، چونکە «ڕواندن» کاتێ کە دانەری زمان دایناوە هەر بۆ ئەو مەعنایە داناوە کە هەیە و بە مەعنا «شین» بوونە. «بووکی چوار وەختە» موسنەدالیە و خوازەیە لە «بەهار»، چونکە دانەری زمان ئەو وشەیە بۆ «بەهار» دانەناوە، بەڵکوو بۆ «وەوی»یەکی داناوە کە لە هەموو دەمێکا هەر بووک بێ؛ یا لە بەهار و هاوین و پاییز و زستانا یا لە بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە و شەوانا، ئەگونجێ بۆ هەمووی.

وە یا بە پێچەوانەوە، ئەڵێ: «بەهار ئەرزی ژیاندەوە». «ژیاندنەوە» موسنەدە و مەجازە،

«بەهار» موسندالیە و حەقێقەتە. ژیاندنەوە نیسبەت دراوەتە لای بەهار، بەهار حەقێقەتە بۆ ئەو کژەی کە کەوتۆتە نێوانی زستان و هاوینەوە، دانەری زمان وای داناوە. «ژیاندنەوە» «واضعی» زمان دایناوە بۆ زیندووبوونەوەی گیانلەبەر، ئێستە لە غەیری شوێنی خۆیدا بەکار هاتووە، نیسبەتی ئەم زیندووبوونەوەیە بۆ لای بەهار وەنەبێ حەقێقەت بێ. بەهار لە ڕاستیدا خوا نییە کە شت زیندوو بکاتەوە، بەڵکوو ئەو بارانە کە لەو کاتەدا ئەبێ، ئەبێ بە هۆی ئەوە کە ڕووەکی زەوی ئەبووژێنێتەوە.

***

زمانییەکەش کە -لوغەویی-یەکەیە مەبەست بەم گوزارشتە ئەوەیە وشە لە کاتی خۆیا کە دانراوە بۆ شتێکی تایبەتی دانراوە، پاشان گوێزراوەتەوە بۆ گوزارەیەکی تر، وە ئەبێ پەیوەندی لە نێوانی هەردوو گوزارەکەدا هەبێ، ئەم پەیوەندیەش پەیوەندیەک بێ هەست بۆی بچێت و بیدۆزێتەوە، نەوەک پەیوەندی ڕاستەقینە کە جیانەبوونەوەیە.

بەوێنە باسی خۆشی و سازگاری شوێنێک ئەکا ئەڵێ: «چوومە ناو بەهەشتێکەوە» دیارە گوزارەی ڕاستەقینەی بەهەشت ئەو شوێنە تایبەتییەیە کە خوا بەڵێنی داوە بیدا بە چاکان و پارێزگاران.

لە وێنەکەی ئێمەدا پەیوەندیەکی هەست پێکراو هەیە لە نێوانی گوزارە ڕەسەنیەکە و گوزارە بۆ گوێزاوەکەدا - کە خۆشیی هەردوو لایە - نیشانەش هەیە کە نایەڵێ گوزارە ڕەسەنیەکە بگرێتەوە، ئەو نیشانەیەش باسکردنی شوێنە تایبەتییە خۆشەکە و نەبوونی بەهەشتی ڕاستەقینە لەبەر دەستدا.

دیسان ئەوەش هەر ئەبێ بزانرێ کە زیاتر «خوازە» بەسەر «خوازەی بەڕەڵا - مجازی مرسل»دا سەرەونخوون ئەکرێتەوە، ئەم خوازەی بەرەڵایەش جیاکردنەوەی لەگەڵ خواستندا ئەوەیە کە ئەگەر پەیوەندی لە نێوانی دوو شتەکەدا؛ واتە لێی خواستراو و بۆ خواستراو لێکچوون بوو، ئەوە خواستنە، وێنە وەکوو «تاهیربەگتخلص» ئەڵێ:

لە ڕووی ئەو ماهەدا وەستام بە ئومیدی حەیاتی تر
کەچی دەردی «پوان» لێی دام، نەما بۆم ئەو حەیاتەش بووم

لێرەدا «مشبەبە» هەیە کە «کەتان»ە و نەوتراوە. «مشبە» هەیە - کە خۆیەتی و بە «وەستام» گوزارشتی لێی داوەتەوە. لە ملائیماتی «مشبەبە» کە هەیە - کە «ڕزان»ە. کەتان کە، لەبەر مانگدا ڕابگێڕی ئەڕزێ.

ئەگەر لێکچوون نەبوو ئەوە خوازەیە، خوازەی بەرەڵاش ئەوەیە کە نەبەسترابێ بە هیچ پەیوەندییەکەوە.

لە وێنەیەکی وەکوو «کابرا دەستێکی درێژی هەیە» لێرەدا دەست بۆ دەسەڵات بەکار ئەهێنرێ. لە نێوانی دەست و دەسەڵاتدا وەنەبێ پەیوەندییەکە لێکچوواندنی دەست بێ بە دەسەڵات، بەڵکوو دەستەکە «بایسێکی هۆیی - عیللەتێکی سەبەبی»یە بۆ دەسەڵات و زەبەر بە دەستی، چونکە بە هۆی دەستەوەیە کە هەموو جۆرە فرمان و بەڵکوو فەرمانێک دێتە ئەنجام.

ئەگەر خۆ مەبەستیش ئەوە بێ کە «دەست» وەربگیرێ بۆ دەسەڵات و مەبەست بە دەسەڵات زەبەر بە دەستی بێ، ئەوە لێکچوون هەیە - کە هێز و تواناییە لە هەر دوو لایانا - لێرەدا ئەبێ بە خواستن.

لە سەر ئەم ناساندنە و بەم جۆرە، هەر یەک وشە ئەتوانرێ گەلێ جار بە خواستن و بە خوازەش دابنرێ، دیارە ئەمە نیازە کە ئەیانگۆڕێ و ئێعتبارات دروستی ئەکا.