دروست و خوازە

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  2097 مشاهده

زۆرتر لە زانایاتی زانیاری بەلاغە بابەتی دروست و خوازەیان پاش قسەکردن لە «مجاز»ەوە کردووە. وە مەبەستیش لەم بابەتە «خوازە» کەیە، چونکە ئەو وشەیە کە ڕاستە «حەقێقەتە» هیچ قسەیەکی تێدا نییە. کە ئەوترێ زانیاری بەلاغە، زیاتر هەر بۆ «مجاز» و خزمەکانی مەجازە.

جا من لە ڕەوانبێژی ئەدەبی کوردیدا ئەوەم بەلاوە ڕەواتر و ڕەوانتر بوو کە ئەم باسی دروست و خوازەیە پێش مەجاز و خزمەکانی مەجاز بکەوێ.

ئەمەو دیسان وەکوو وترا زیاتر لە زانیارییەکانی ڕەوانبێژی لەم دروست و خوازەیەوە پەیدا ئەبێ. ئەمەش مەرج نییە کە هەر وشەیەک بە پێی دانانەکەی دروست - حەقێقی - نەبوو ئیتر ئەبێ بە خوازە و دەست و پێوەندی خوازە، بەڵام زۆرتر لە زمانا هەروا بووە کە ئەگەر وشەکە دروست نەبێ؛ واتە حەقێقی نەبێ لە گوزارەکەیا بووە بە خوازە و بنەماڵەی خوازە. کەوابوو کاریگەری دروست و خوازە بۆ زانیاری خۆشخوانی دەستێکی باڵای هەیە. ئیتر بەو بۆنەوە ئەڵێین:

وشە لە هەر زمانێکا بێ سەرەتا، کە داهاتووە، وە یا یەکەم کەسی ئەو زمانە ئەو وشەیە بەسەر زارا هاتووە و بۆ شتێکی تایبەتی دایناوە -کە بەمە ئەوترێ «دانانی زمانی»- لە پاشا بەرە بەرە پێویستی ئەو زمانە، وە یا خاوەن زمانەکە زیاد بووە، وشەکان بەشی ئەو پێویست و گوزارانەیان نەکردووە، بە ناچاری هێناویانە ئەو وشانە کە سەرەتا بۆ شتێکی تایبەتی دانراون لە گوزارەی ترا و بۆ شتی تریان بەکار هێناوە.

تەنانەت جاری واش هەبووە کە ئاشنایەتی وشەکە لەگەڵ گوزارە بۆ دانراوە بناغەییەکەشیا بڕاوە - کە ئەمەیان لە کردەوەی زەمان و چەرخ بووە -؛ واتە گەلێ جاری وا بووە ئەو گوزارەیە کە لە سەردەمی خۆیا بۆ وشەیەکی تایبەتی بووە، ئەو گوزارەیە لە ناو چووە و وشەکە کراوە بە قاڵب بۆ گوزارەیەکی تر، بەڵام ئەمەیان وە نەبێ زۆر بووبێ، بەڵکوو زۆریی هەر لەوەدا بووە کە وشەکە بێجگە لە گوزارە ڕەسەنیەکەی خۆی گوێزراوەتەوە بۆ گوزارەیەکی تر و ئاشنایەتیشی لەگەڵ گوزارە بناغەییەکەی خۆیا هەر نەپچڕاوە.

جا بە هۆی ئەم تاوتوەوە خوازە و خواستن و درکە و شتی تر پەیدا بووە، وشە داڕێژڕاوە بناغەییەکە پێی وتراوە «دروست - حەقێقەت»، بەوانیتر وتراون «خوازە، درکە، خواستن» بە وێنە:

«سەر، دەست، ڕاست، ئازاد، بەراو، ڕووت، یانەی تاریک، نەوباوە، ڕووپۆش ... هتد».

کە لە بناغەدا بە دانانی زمانی «سەر» بۆ ئەو سەری مرۆڤ و گیانلەبەرەیە. «دەست» بۆ ئەو دەستەیە کە دیارە و بە مرۆڤەوەیە. «ڕاست» پێچەوانەی لارە، «ئازاد» بۆ ڕێکوپێک و ڕاستە. «بەراو» بۆ بەردەمی ئاوە. «ڕووت» بۆ ئەوەیە کە هیچی لەبەرا نەبێ. «یانەی تاریک» دانراوە بۆ ماڵی تاریک. «نەوباوە» مێوەی تازە پێگەیشتووە. «ڕووپۆش» بۆ ئەو کەسەیە کە ڕووی خۆی دائەپۆشێ.

کەچی ئەمانە هەموو گوێزراونەتەوە بۆ جێگایانی تر:«سەر» بۆ سەردار، وەکوو ئەڵێ: ئەو خێزانە، وە یا ئەو لەشکرە بێ سەردار ماوەتەوە». وە یا وەکوو «شوکری فەزڵیشخص» ئەڵێ:

قەومی بێ سەر نییە ئیمڕۆ لە هەموو عالەمدا
دەتەوێ تاجی سەری بی بە هەوا گێژی نەکەی

«دەست» ئەڵێ: دەست درێژە، واتە بە دەسەڵاتە. وە یا وەکوو «پیرەمێردشخص» ئەڵێ:

ئەو کەسەی کەوا دەستی درێژە
لەگەڵ ئەو دەستەی سەریشی گێژە

«ڕاست» واتە پێچ و پەنای تێدا نییە. وە یا وەکوو «شێخ ڕەزاشخص» ئەڵێ:

لە هەر لایە کە ڕاستت دی سەلامی لێ بکە قوربان
گوریسی ناو هەمانە پێم ئەڵێ ڕاستیی منم قوربان!

«ئازاد» بووە بە ناو بۆ مرۆڤی تایبەتی و بۆ سەربەستی. وەکوو «چرۆستانیشخص» ئەڵێ:

کە بۆ لاوانی ئازادی، بە ئازادی ژیان دەرکەوت
ئەڵێن ئەو ڕۆژە نەورۆزە، گوڵی دڵخوازی خۆیانە

«بەراو» ناوە بۆ ئەو زەویە کە ئاوێک ئاوی ئەدا. وەکوو «دڵدارتخلص» ئەڵێ:

بەراوی ماڵی ئاغایە بەراتم
سڵاوی ماڵی کوێخایە خەڵاتم

«ڕووت» بۆ هەژار و نەدارە. وەکوو «نالیتخلص» ئەڵێ:

هەرچەندە کە ڕووتم بە خودا مائیلی ڕووتم
بێ بەرگییە عیللەت کە هەتیو مەیلی هەتاوە

وە یا «سافیتخلص» ئەڵێ:

ئەگەر ڕووتم، ئەگەر قووتم، ئەگەر دێوانە و و پووتم
نییە چارەم، نییە چارەت ئەمن هەر مائیلی ڕووتم

«یانەی تاریک» بۆ گۆڕ، وەکوو «حەماغای دەربەن فەقرەشخص» ئەڵێ:

دیم دەنگێ ئاما نەتۆی خاکەوە
نەو یانەی تاریک حەسرەتناکەوە

«نەوباوە» بۆ یەکەم کۆرپەی ئافرەت؛ واتە نۆسکە کە ئەمە زۆر خۆشەویست و بەنموودە لە لای باوک و دایک. لەم ڕووەوە وەکوو «حەمدیتخلص» ئەڵێ:

نەوباوەیە ئەو شاسوارە وا لە مەیدانی جەنگا
شێری نەڕ، پڵنگی نەبەز، ئازا و چابوک، سەف دڕە

«ڕووپۆش» بەکار ئەهێنرێ بۆ پەچەی ژنان. وەکوو «نوری شێخ ساڵحشخص» ئەڵێ:

ئەیوت ئەو ڕووپۆشە تەنها ڕووی نەپۆشیوین و بەس
ڕوو بە ڕووی خۆتان حقووقی ناینە ناو نسیانەوە

سەیر ئەکەین ئەمانە هەموو لە گوزارە بناغەییەکەی خۆیان گوێزراونەتەوە و بۆ شتی تر بە کار هێنراون؛ واتە لە دروستەوە چوون بۆ خوازە.