وەک یەک

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 9 دقیقه  1557 مشاهده

یەکێک لە هونەرە قسەییە ئاشکراکان «وەک یەک - تەشبیە».

کەڵک لە وەک یەک دا ئەوەیە کە شتێک هەیە، ئەو شتە بەلای تۆوە ئاشکرا نییە و نایزانی، ئەو کەسە کە قسەت لەگەڵ ئەکا دێنێ ئەو شتە ئەچوێنێ بە شتێک کە ئەوەیان بەلای تۆوە ناسراوە و ئەیزانی.

کەوابوو «وەک یەک» بۆ هەڵدانەوەی پەردەیە لەسەر شتێکی نادیار، ئەمەش بۆ ئەوە کە شتی نادیار لە ئارادا نەمێنێ و ئاشکرایی بێتە مەیدانەوە.

وەک یەک چوار هەستوونی ئەوێ بۆ ئەوە لەنگەریان بخاتە سەر، یەکەم «لێیچوون»، دووەم «لەوچوون»، سێیەم «لێکچوون»، چوارەم «ئەوزار» واتە؛ «مشبە، مشبەبە، وجە الشبە، ادات».

هەر چەندە مەرج نییە کە ئەم چوارە هەموویان لە ڕستەکەدا هەبن، بەڵام نابێ خاڵی بێ لە هەموویان، وە یا لە هەندێکیان. بەڵکوو وەک یەک ێ کە هەر لێی چوون و لەوچوونی تێدا هەبێ ئەوە لە هەموویان بەهێزترە.

ئەوراز کە «ادات»ە لە زمانی کوردیدا ئەمانەن:

«وەک، گوایە، گۆیا، چما، ئاسا، ئەڵێی». «چەشن، وێنە، تەرز، چون»، یش بەکار ئەهێنرێ.

ئەمجا ئەو وەک یەکەی کە هەر چوار پایەکەی تێدا هەبێ وەکوو ئەم هۆنراوەی «کوردیتخلص» کە ئەڵێ:

دێ بە تاو ئەشکی دووچاوم هەر وەکوو دجلە و فوڕات
مەزرەعەی غەم سەوز و تێراوە لەبەر ئەم دوو شتە!

«دجلە و فوڕات» لەوچوونە، «ئەشکی دووچاو» لێیچوونە، «تاو» لێکچوونە، «وەکوو» ئەوزارە.

وێنە بۆ وەک یەکێ کە سێ پایەی تێدا هەبێ وەکوو ئەم هۆنراوەی «ئەحمەد موختارتخلص» کە ئەڵێ:

هیلالی یەکشەوەم دی سەجدەبەر بووم بێ تەئەممول من
موبارەک بوو لە لام چونکە ئەڵێی تاقی برۆی یارە!

«برۆی یار» لەوچوونە، «هیلال» لێیچوونە. «ئەڵێی» ئەوزارە.

وە یا هەر ئەو ئەڵێ:

بەخوا شیشەی دڵم دایم لەبارەی عشقی تۆ کەیلە
لە داخی سەروی باڵات ئەشکی چاوم هەر وەکوو سەیلە

«سەیل» لەوچوونە. «ئەشکی چاو» لێیچوونە. «وەکوو» ئەوزارە.

ئەوەی کە سێ هەستوونی هەبێ و ئەوراز نەبێ وەکوو «نالیتخلص» ئەڵێ:

عاشقی بێدڵ دەناڵێ مەیلی گریانی هەیە
بێشکە هەورەتریشقە تاوی بارانی هەیە

«هەورەتریشقە» لەوچوونە. «گریان» لێیچوونە. «دەناڵێ» لێکچوونە.

وەک یەکێ کە هەر لێیچوون و لەوچوونی تێدا هەبێ دیسان هەر وەکوو «نالیتخلص» ئەڵێ:

سەهمی نگەهت خستمی هەستامەوە ڕامکرد
ئەگریجە و زوڵفت بە جەفا هاتنە یاری

«نگەهت» لەوچوونە. «سەهم» لێیچوونە.

لە هەردوو بەشەکانی وەک یەکدا «لێکچوون» با ڕاستەو ڕاست لە ڕستەکەدا زەق نەبووبێتەوە لە ڕاستیدا هەر هەیە و ئەبێ هەبێ، چونکە هەر ئەوە کە لەوچوون و لێیچوونەکە پێکەوە ئەبەستێت.

ئەمەو هەر چەندە وتراوە وەک یەکێ کە تەنیا هەر لەوچوون و لێیچوونی تێدا هەبێ ئەوە لە هەموویان بەهێزترە، بەڵام ئەمە بە چاو چوار بەشەکەوەیە، ئەگینا وەک یەکی هەڵە و گەڕاوە هەیە کە لەوچوون ئەکرێ بە لێیچوون و لێیچوون ئەکرێ بە لەوچوون ئەمە لە هەموو وەک یەکێ بەهێزترە، با ئەوزاریشی تێدا هەبێ.

وێنە وەکوو «مەولەویتخلص» ئەڵێ:

گوڵ چون ڕووی ئازیز نەزاکەت پۆشان
وەفراوان چون سەیل دیدەی من جۆشان

لە هەموو وەک یەکێکدا ڕوومەتی ئازیز و یار ئەچوێنرێ بە گوڵ، وە فرمێسکی خۆشی و شادی - کە ساردە - ئەچوێنرێ بە بەفراو، کەچی ئەم هەڵیگێڕاوەتەوە ئەڵێ: نەزاکەت و نازکیی گوڵ وەکوو ڕووی ئازیزە، هاژەی بەفراوان وەکوو لافاوی چاوی منە. ئەمە لێرەدا ئەوپەڕی بەلاغەی نواند!.

***

ئەنجام و ڕوونکردنەوەیەک

مەبەست بە وەک یەک ئەوەیە کە خواستنی «تحقیقیە، مکنیە، تجریدیە» نەبێ، چونکە لەم سێیەدا هاوبەشی کردنی فرمانێکە لەگەڵ فرمانێکی ترا لە گوزارەدا، واتە «لێکچوون»، لەگەڵ ئەوەشا ئەمانە هیچیان بە وەک یەک دەزانرێن.

وەکوو وترا لە وەک یەکدا چوار هەستوون هەیە؛ لێیچوون، لەوچوون، لێکچوون، ئەوزار.

لە کاتێکا کە ئەڵێین: لێیچوون و لەوچوون - کە ئەم دووە هەر دوو سەری وەک یەکەکەن -

«حسّی» بن، وەکوو: «ڕوومەت، گوڵ، پێستی نەرم و نیان، شەرابی ئاڵ و گەش» وە یا «عەقڵی» بن، وەکوو «زانین، ناسین، ژیان»، وە یا جیا بن؛ واتە لێیچوونەکە عەقڵی بێ و لەوچوونەکە حسّی بێ وەکوو «مردن، دڕندە»، دیارە مردن عەقڵییە و دڕندە حسّییە، وە یا پێچەوانەی ئەبێ، واتە لەوچوونەکە عەقڵی بێ و لێیچوونەکە حسّی بێ، وەکوو «بۆن» و ڕەوشتی چاک کە ئەمانە عەقڵین.

مەبەست بە «حسّی» ئەوەیە کە خۆی یا «مایە - ماددە»کەی بەچاو، یا گوێ، یا بۆنکردن، یا چەشە، یا دەست لێدان پەیدا ببێ، لەبەر ئەمە ئەوی بە ئەندێشەش پەیدا ببێ هەر لەمانەیە و تێکڵاویان ئەبێ.

بەڵێ ڕاستە خەیاڵ خۆی بارساییکی نییە و لە مەحسووسات نییە، بەڵام ناوەڕۆکی خەیاڵەکە؛ واتە ئەو شتانە کە لە خەیاڵەکە دروست بوون لەوانەن کە بە «حسّ» هەست ئەکرێن.

وێنە وەکوو هۆنەرێکی شارەزووری ئەڵێ:

گوڵاڵە سوورەی دەشتی «بێ ڕەشکە»بێ ڕەشکە دێیکە لە شارەزوور
کە «با» لێی ئەدا ئەکا کەروێشکە
سووریەکەی ئەوان بەو شەپۆلدانە
ئەڵێی یاقووتە و لە ناو گەردانە؟

سووریە کە چوێنراوە بە یاقووت، یاقووت لەوچوونە و مەحسووسە - ئەسڵی سووریەکە، نەوەک گوڵەکە، چونکە جەوهەری سووری عەرزێکە بەسەر «مایە» کەوەیەکە ئەسڵی گوڵەکەیە - ئەم ئەسڵی سوورییە خەیاڵییە و غەیر مەحسووسە و لێیچوونە، تەماشا ئەکەی غەیر مەحسوسێک چوێنراوە بە مەحسووسێک.

مەبەستیش بە عەقڵی ئەوەیە کە وەرگرتنەکەیان بەهۆی پێنج هەستە ڕواڵەتیەکانەوە نەبێ، بەڵکوو بەهۆی حەواسە پۆشراوەکانەوە بێ، ئەوەی کە بە ویژدان هەستی پێی بکرێ ئەچێتە ناو عەقڵیەکەوە، وەکوو خۆشی و ئێش و ئازار.

ئەمجا لێکچوون:

لێکچوون شتێکە کە لێیچوون و لەوچوون تیایا هاوبەشن؛ واتە لەو مەعنایەدا کە ئەویسترێ هەر دوو تەرەفەکە تیایا هاوبەش بن. کە ئەڵێین هاوبەشن؛

یا ئەمەیە بە هیچ جۆر لە حەقێقەتی لێیچوون و لەوچوونەکە دەرنەچوون، وەکوو کەوایەک ئەچوێنی بە کەوایەکی تر لە ترۆم و ڕەگەزیانا. بە وێنە ئەڵێ: هەر دووکیان فاسۆنن.

وە یا دەرچوون، واتە دروستکردنەکەی بە ئەندێشە دروستکراوە.

وەکوو لەم وێنەدا «ناریتخلص» ئەڵێ:

جریوەی ئەستێرەی ئاسمان لە شەوێکی ساف و تاریکا
نەڵێی ڕێبازی ئەهلی بدعەیە بە ناو ڕێگایەکی باریکا

ئەمە وێنەیە بۆ ئەوە کە لێیچوون و لەوچوون لە شتێکی خەیاڵیدا هاوبەش بن؛ یەعنی ئەم مەعنا خەیاڵییە نە لە هیچ یەک لە دوو تەرەفەکەدا هەیە، وە نە لە هەردووکیشیانا هەیە، مەگەر بەوە نەبێ کە ئەندێشە دروستی بکا.

لێرەدا جریوەی ئەستێرە لێیچوونە، «ڕێباز» لەوچوونە. جریوەی ئەستێرەی چواندووە بە ڕێبازی ئەهلی بدعەت، لێکچوون، واتە ئەو شتەی کە دوو تەرەفەکە ئەگەیەنێ بە یەک، ڕووناکی و ڕێی پێشاندانی مەعنەوییە. ئەمە لە ڕێبازەکەدا خەیاڵییە، چونکە سپێتی و ڕووناکی و تاریکی چواندووە بە داهێنانی شتی نابەجێ لە دینا - کە ئەوەش ڕێگای ئەهلی بدعەتە-. لێکچوون - کە کۆکەرەوەی دوو تەرەفەکەیە - خەیاڵییە لە داهێنانەکەدا.

وە یا بەهۆی سفەتێکەوە لەو حەقیقەتە دەرچوون؛ واتە سفەتێک لە لێیچوون و لەوچوونەکەدا هەیە، پێویستە لێکچوونەکە لەو سفەتەدا لەگەڵ ئەوانا هاوبەش بێ.

جا ئەم سفەتەش یا حەقیقییە، یا ئیزافییە. حەقێقیەکەش یا ئەمەیە حسّییە،؛ واتە بە یەکێ لە پێنج هەستە ئاشکراکان دەرئەکەوێ و وەرئەگیرێ. وە یا عەقڵییە، وەکوو: زیرەکی و زانیاری و لێبوردن. ئەو سفەتەش کە ئیزافییە؛ واتە لێکچوونەکە سفەتێکی ئیزافییە و لە زاتی «بابەت - موضوع». کەدا نییە، بەڵکوو مەعنایەکە بەستراوە بە دوو شتەوە. وەکوو تەشبیهی دەلیل ئەکرێ بە ڕۆژ. تەماشا ئەکەی ئەم لابردنی پەردەیە شتێک نییە کە لە زاتی دەلیلەکە، وە یا ڕۆژەکەدا ببێ، بەڵکوو ئەمە مەعنایەکی ئیزافییە؛ ئیزافە ئەکرێتە لای دەلیلەکە، وە یا ڕۆژەکە، وە یا بەلای نەفسی پەردەکە.

بە کورتی ئەم لابردنی پەردەیە لە بەینی دەلیل و ڕۆژ و پەردەکەدایە، کە ئەوان نەبن ئەم نابێ.

***

ئەنجام ئەوەیە؛ لێکچوون (وجەالشبە) یا یەکێکە لە جێگای یەکێک دانراوە وەکوو ئەوە ئەڵێ «ئازاد وەکوو نەوزاد وایە» چوواندنی ئەم دووە بە یەک لەوەدایە کە هەردووکیان لە ڕەگەزەکانی ماددە - ئاو و خاک و باو ئاگر - دروستکراون.

وە یا زیاترە لە یەکێک. ئەوەی کەوا یەکێکە، وە یا لە شوێنی یەکێک دانراوە، یا، ئەمەیە بە حسّ و هەست وەرئەگیرێ، وە یا بە عەقڵ مرۆڤ هۆشی بۆ ئەچێ. واتە دەرک ئەکرێ، ئەمە چوار لق.

ئەوەی کە زیاترە لە یەکێک یا حسییە، یا عەقڵییە، یا جیاوازییان هەیە، واتە ئێختلافیان هەیە. ئەمە بوو بە حەوت، سێیە عەقڵیەکە دوو تەرەفەکەی - لێیچوون و لەوچوونەکەیە - یا حسّی ئەبن یا عەقڵی ئەبن. یا لێیچوونەکە حسّی ئەبێ و لەوچوونەکە عەقڵی ئەبێ، وە یا لێیچوونەکە عەقڵی و لەوچوونەکە حسّی ئەبێ. ئەمە هەمووی بوو بە شانزە بەشەوە.

لەگەڵ ئەم هەموو شتانەدا و لەگەڵ ئەم هەموو بەشکردنانەدا کە لە بابەتی «وەک یەک»ەوە کران و دروست ئەبن ئەبێ ئەوەش بزانین کە ئیشی وەک یەک زیاتر بۆ پەخشانە لە ڕاستیدا نەوەک بۆ هۆنراو، چونکە وەک یەک بۆ «ایضاح» و ئاشکراییە، ئەم ئاشکرایی و ئیزاحە فرمانی پەخشانە، ئەوەندە هەیە تۆ کە لە هۆنراودا «ایضاح» پێک دێنی بۆ ئەوەیە کە لە پەخشانی نزیک بخەیتەوە.