تایبەتی

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  1506 مشاهده

تایبەتی دوو جۆرە؛ حەقێقی و غەیری حەقێقی. تۆ کە شتێک تایبەتی ئەکەی بە شتێکی ترەوە. ئەمە یا لە ڕاستی و «نفس الامر»دا وایە و تێی ناپەڕێ بۆ بێجگە لەو، یا بە هۆی ئیزافەوەیە و تێی ئەپەڕێ بۆ شتێکی تر. ئەمە بوو بە ئیزافی و غەیر حەقێقی. وەکوو ئەڵێ: «هوشیار هەر دانیشتووە» مەبەست ئەوەیە تێی ناپەڕی بۆ وەستان، مەعنای ئەوە نییە ئیتر تێی ناپەڕی بۆ سفەتێکی تری غەیری ڕاوەستان.

هەر یەکە لە حەقێقی و غەیر حەقێقی دوو جۆرە؛ یەکەم تایبەتی مەوسووفە بە سفەتەوە. دووەم تایبەتی سفەتە بە مەوسووفەوە. مەبەستیش بە سفەت مەعنایەکە کە لە شتێکی ترا بێ، مەبەست سفەتی قوتابخانەی «نەحۆ» نییە.

یەکەم کە تایبەتی مەوسووفە بە سفەتەوە لە حەقێقیدا وەکوو ئەڵێ: «هوشیار تەنیا نووسەرە» یا «هوشیار هەر نووسەرە». دووەم کە تایبەتی سفەتە بە مەوسووفەوە هەر لە حەقێقیدا. وەکوو ئەڵێ: «کەس لە ماڵا نییە تەنیا نەوزاد نەبێ»، یا «هەر نەوزاد لە ماڵایە».

ئەمجا تایبەتی مەوسووف بە سیفەتەوە لە غەیری حەقێقیدا؛ تایبەتی شتێکە بە سفەتێکەوە لە باتی سفەتێکی تر.

پاش ئەوە تایبەتی سفەتە بە مەوسووفەوە لە غەیری حەقێقیدا تایبەتی سفەتێکە بە شتێکی مەعنەوییەوە، نەک بە شتێکی ترەوە، یا جێگای شتەکەی ترەوە.

جا هەر یەکە لە تایبەتی مەوسووف بە سفەتەوە و تایبەتی سفەت بە مەوسووفەوە ئەبن بە دوو بەشەوە؛ یەکەم تایبەتی شتێک بە شتێکەوە، دووەم تایبەتی سفەتێک، یا ئیشێک بە سفەت، یا ئیشێکی ترەوە.

***

بۆ زیادە ڕوونکردنەوەی بابەت دیسان ئەڵێن:

مەبەست بەم تایبەتییە وەکوو هەر لە داڕشتنی زمانی کوردیدا خۆی پیشان ئەدا، کردەوە، وە یا سفەتێکە هەر تایبەتی بێ بە شتێکی ترەوە، وە یا بە کەسێکەوە و لە غەیری ئەو کەسەدا بەو سۆزەوە پەیدا نەبێت.

ئا ئەم ناساندنە بەم جۆرە یەکێکە لە هونەرەکای ڕەوانبێژی و بەر گوزارەکاری ئەکەوێ. ئەمە لە دەستووری بەلاغەی عەرەبیدا بە «قصر» ناو براوە.

ئەم تایبەتییەش گەلێ چەشنی هەیە؛ یا یەکێک تایبەتی ئەکرێ بە شتێکەوە، وە یا شتێک تایبەتی ئەکرێ بە یەکێکەوە، وە یا کۆمەڵێک بە شتێکەوە، وە یا شتێک بە کۆمەڵێکەوە. دیارە ئەمە لە پەخشانیشا ئەبێ و لە هۆنراویشا، ئەوەندە هەیە لە پەخشانا زیاتر بەکار هێنراوە تا هۆنراو، چونکە هۆنراو هەندە تایبەتیەکی تری تێدایە لە پەخشانا نییە، بە هۆی ئەو تایبەتیانەی خۆیەوە ئەوەندە پێویستی بەم تایبەتییە ناکەوێ.

ئەمجا وێنە بۆ هەندێک لەمانە وەکوو ئەوە کە ئەڵێ:

«هۆنەر ناڵییە» لێرەدا خاسەوێژیەک -کە هۆنەریەتییە- هەر تایبەتی کراوە بە ناڵییەوە؛ واتە ئەم سفەتە لە کەسی ترا نییە، هەر لە ناڵیدا هەیە و تایبەتییە بەوەوە، ئیتر مەرج نییە کە ناڵی ئیشی تری نەبێت، وە یا سفەتی تری نەبێت. شتی تری هەبێ، یا نەیبێ، سفەتێک کە هۆنەریەتییە هەر بۆ ئەوە و لە کەسی ترا نییە.

وە یا ئەڵێ:

«ناڵی هۆنەرە»، وە یا «ناڵی هەر هۆنەرە». ئەمە پێچەوانەی پێشووە. ناڵی تایبەتی کراوە بە هۆنەریەتییەوە، واتە ئیشێکی تری نییە تەنیا هۆنەری نەبێ، ئیتر مەرج نییە کە ئەم هۆنەریە لە کەسی ترا نەبێت، بەڵکوو هەر ئەو ڕێگەیە گیراوە کە ناڵی ئیشی تری نییە تەنها هۆنەری نەبێ.

ئەوەندە هەیە لە کاتێکا کە وشەی «هەر» لە ڕستەکەدا نەبێت، ئەو وشەیە تایبەتییەکە لە ڕواڵەتا بتەوتر ئەکاتەوە، ئەگەر وشەکەش نەبێ -وشەی «هەر»- تایبەتییەکە هەر هەیە، بەڵام لە ڕێگایەکی دوورترەوە.

یانی وشەی «هەر» لە ئەوزاری تایبەتییە، کە لە ڕستەکەدا بوو، زانا و نەزان بە زانیاری ڕەوانبێژی چەمکەکە وەکوو یەک وەر ئەگرن، بەڵام کە نەبوو زاناکە تێ ئەگاو نەزانەکە بێ ئاگا ئەمێنێتەوە.

ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە ئەوەش هەیە کە ئەگەر ڕستەیەکی کورت و چەشنی ڕستە بە درێژتر بۆ یەک گوزارە بەکار هێنران، دیارە هی ڕستە کورتەکە باشترە تا درێژەکە.

لەسەر ئەم دەستوورە ڕستەی «ناڵی هۆنەرە» مادام لەگەڵ «ناڵی هەر هۆنەرە» لە ڕووی ڕەوانبێژییەوە یەک گوزارەیان هەیە، گومانی تێدا نییە کورتترەکە -کە «ناڵی هونەرە»- چاکترە، بەڵام لەبەر ئەوە کە نەزانێک بە زانیاریی ڕەوانبێژی درەنگتر تێی ئەگا، وە بەڵکوو وا ئەزانێ کە ڕستەی «ناڵی هەر هونەرە» زیاتر لەوانەیە گوێگر وریا کاتەوە، ئەو بەلایەوە وایە کە ئەم بەهێزترە.

«وەستا ئەحمەد خەیاتە» هیچ ئیشێکی تری نییە، بەڵام ڕێگا لە وەستا بەکر نەگیراوە کە ئەویش خەیات بێ و خەیاتی بکا.

«پیرەمێرد» ئەڵێ:

من گوڵی سوورم بۆیە خۆش ئەوێ
مژدەی شەفەقی لێی دەر ئەکەوێ

هۆنەر خۆشویستنی خۆی تایبەتی کردوە بە گوڵی سوورەوە، ئیتر گوڵی سوور با یەکێکی تریش خۆشی بوێ مەبەست نییە مەبەستەکە هەر ئەوەیە کە ئەم هیچی تری خۆش ناوێ تەنیا گوڵی سوور نەبێ.

وەکوو وترا ئەم تایبەتی بوونە گەلێ جۆری هەیە، بەڵام بە هێنانەوەی ئەو چەند وێنانە، با بۆ ئەوانیتری وێنە نەهێنرابێتەوە ڕێگاکە پاک کرایەوە بۆ دەرکەوتنی جۆرەکانی تریشی هەر لەم بابەتە.