پێکەوەنان و دابڕین

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  1322 مشاهده

دابڕین و پێکەوەنان ئەوەیە کە ڕستەیەک بگێڕیتەوە بۆ سەر ڕستەیەکی تر؛ واتە عەتفی بکەیتەوە، وە یا وشەیەک بۆ سەر وشەیەکی تر.

دابڕین بە پێچەوانەی ئەمەیە؛ واتە داببڕدرێت و عەتفی نەکەیتەوە.

لە کاتێکا کە تۆ شتێک لە شتێک دائەبڕی و عەتفی ئەکەیتەوە سەری، ئەبێ حوکمێک لە بەینیانا هەبێ کە بیانگونجێنێ بە یەکەوە، واتە تۆ کە دووەم عەتف ئەکەیتەوە بۆ سەر یەکەم ئەبێ شتێک هەبێت کە کۆیان بکاتەوە. وەکوو ئەوە کە تۆ ئەڵێیت «بەختیار ئەنووسێ و هۆنراو دائەنێ» لە نێوانی نووسین و هۆنراودا موناسەبەیەکی ئاشکرا هەیە. وە یا ئەڵێ: «بەختیار شت ئەدا و نایدا» لە بەینی دان و نەداندا دژیەکیەک هەیە. بەڵام ئەگەر ئەو شتە نەبوو، عەتفەکە و لێکدابڕینەکە نابێت. وەکوو ئەوەی لێ دێتەوە کە مشک و ماسی پێکەوە بۆ حوکم کۆ بکەیتەوە، چونکە مشک بخەیتە ئاوەوە ئەخنکێ، ماسی لە ئاو دەرچێ ئەو بە لە ئاو دەرچوونەکە ئەمرێ.

ئەگەر خۆ ئەم هاوبەشی کردنی یەکەم و دووەمە نەبوو لە حوکما، ئەوە لێکیان جیا ئەکەیتەوە و دایان ئەبڕی. دیسان ئەمەش هەر جێگای خۆی هەیە. وێنە؛ لە کاتێکا ئەو لێت ئەپرسێ: چویت بۆ بازاڕ؟ یا نەچویت؟ تۆئەڵێی: «نەوەاللە» ئەم عەتف کردنەوەیە مەعنای دابڕینی نییە، بەڵکوو هەر پێکەوەنانەکەیە، چونکە کە وتت «نە» ئەمە وەڵامی پرسیارەکەیە کە ئەڵێی «چویت»؟ تۆیش ئەڵێی «نە»، «و»، کە لە «وەاللە» دایە ئەمە بۆ سوێندە، بۆ عەتف نییە.

هەروەها لە کاتێکا کە شتێکیش عەتف ئەکەیتەوە بۆ سەر شتێکی تر ئەبێ دیسان ئاشنایەتیەک هەبێت، ئەگەر ئەو ئاشنایەتیە نەبوو عەتفەکە بە هیچ دەر ئەچێ. کاتێ کە تۆ بڵێیت «دانا هۆنەرە و دارا نووسەرە» ئەگەر موناسەبە لە نێوانی دانا و دارادا نەبێ لە دۆستایەتیا، وە یا لە دوژمنایەتیا عەتفەکە هیچ پەیوەندیەکی نابێ، با دانا هۆنەر بێ و داراش نووسەر بێ، بەچاو گوێگرەوە کە نەیانناسێ و ئاگای لە موناسەبەکە نەبێ، ڕستەکە بە بێ سوود دەر ئەچێ و هیچ کەڵکێکی نابێ.

ئەگەر بابەتەکە پێکەوەنان بوو جوانتر بۆ ئەو شوێنە ئەوەیە کە ڕستەی ئیسمی بۆ ئیسم و فعلی بۆ سەر فعل بگەڕێتەوە، بە وێنە بڵێ:

«نەوزاد ئەخوێنێ و ئازاد ئەنووسێ» ئەمە جوانترە لەوە کە بڵێ: نەوزاد ئەخوێنێ و ئەنووسێ ئازاد، هەروەها ئەگەر ڕستەکە کردەوەیی بوو ئەمە باشترە کە بڵێ: «هەڕا ئەکا شێرزاد و دائەنیشێ بهزاد» تا بڵێ: «شێرزاد هەڕا ئەکا و دائەنیشێ بهزاد».

***

بۆ زیادە ڕوونکردنەوە:

وشەیەک تاک بێ، یا ڕستە -کە ئەڵێین تاک بێ، یا ڕستە، واتە ناو بێ نەوەک کردەوە، چونکە کردەوە با، لە ڕواڵەتیشا یەک وشە بێ، بەڵام لە ڕاستیدا زیاتر لە وشەیەک دەر ئەچێ، کە زیاد بوو ئەبێ بە ڕستە-

یا ئەمە لە گوزارەدا ئەگێڕدرێتەوە بۆ ئەوەی پێشەوەی، واتە لە حوکما عەتفی ئەکەیتەوە بۆ لای ئەو و ئەیانکەی بە هاوبەش، یا ئەم ئیشە ناکەی.

ئەگەر کردت ئەمە پێکەوەت نووساندن، ئەگەر نەتکرد ئەمە لێکت دابڕین، واتە «وصل و فصل» ت کرد. ئەبێ ئەوەش بزانرێ کە دابڕین بناغەییترە تا پێکەوەنان، چونکە پێکەوەنانەکە ڕووتووشێکە بەسەر دابڕینەکەدا دێت.

لە شێوەی هەموو زمانێکا ئەم دەستوورە باوە و هەیە. زمانی کوردیش یەکێکە لەو زمانانە کە ئەم تەحرە شتەی تێدا ئەبێت.

ڕەوانبێژی ئاشنایەتی لەگەڵ ئەم بابەتەدا بۆیە هەیە چونکە چەمکێکی زانیاریی ئەو زمانە دەر ئەخا، لە دەرخستنەکەی کەسیەتی زمانەکە ئەدا بە دەستەوە.

ئەمجا دیسان وێنە بۆ هەندێک لەمانە وەکوو ئەڵێ:

«نەوزاد و بهزاد و تارا چون بۆ قوتابخانە»، ئەو سێ کەسە هاوبەش بوون لە کردەوەیەکدا -کە چوونیانە بۆ قوتابخانە و فێرگە- لەبەر ئەمە هەر سێکیان پێکەوە ئەڵێت و پێکیانەوە ئەبەستێت. بەڵام لە کاتێکا کە ئەڵێت: نەوزاد هەستا، بهزاد دانیشت، تارا خوێندی، لەبەر ئەوە کە هاوبەشیەک نییە لە نێوانی ئەو دەستەیەدا؛ واتە حوکمێک لە ئارادا نییە کە پێکیانەوە ببەستێت نایانگێڕیتەوە بۆ سەر یەک، بەڵکوو هەر یەکە بە جیا حوکمی خۆی ئەدەیتێ، ئەمە بوو بە دابڕین و ئاشنایەتییان ئیتر پێکەوە نەبوو.

لە دەستووری پێکەوەنان و دابڕیندا گەلێ لقی لێ ئەبێتەوە، سا، یا بە هۆی ڕاناو، وە یا پاشکۆ، وە یا سفەت، وە یا یەکبوونی مەوسووف کە هەر یەک لەمانە ئەگونجێ هاوبەش وە یا سەر بەخۆ بن.

پاکژیی بابەتەکە دێتە سەر ئەوە کە هەر یەک لەم شتانە؛ واتە لە دوو ڕستەی ئەم شتانە، یا پێکەوە ئەبەسترێن، یا لێک جیا ئەکرێنەوە. وێنەکانی سەرەوە کلیلێکن بۆ خستنە سەر گازی پشتی دەروازەی گشت بابەتەکانی پێکەوەنان و دابڕین.

ئەو کەسانەی کە تا ئەم شوێنە سەریان بردۆتە ناو ئەنجومەنی ڕەوانبێژییەوە، وە بە تایبەتی بابەتی پێکەوەنان و دابڕینەوە، لام وایە بابەت ئەوەندە ئاشکرایی تێدا هەیە کە زۆر کەم بۆ چەسپاندن و بتەو کردنی، پێویست بە زیادەوێنە بن و وێنەی تریان بۆ بهێنرێتەوە.