جێگۆڕکێ لە گوزارەکاریدا

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  1108 مشاهده

وە یا لە باسی جێگۆڕکێ (قەلب) لە گوزارەکاریدا -نەک لە باری جوانکاریدا- کە ڕواڵەت بکرێ بە پەنامەکی و پەنامەکی بکرێ بە ڕواڵەت هەڵگەڕاندنەوەیەک پەیدا ئەبێ. بە وێنە وەکوو «نووحی» ئەڵێ:

جەنگی مەغڵووبە لە دەشتی کەربەلا نەوعێکی وای لێ هات کە وا
ئاسمان ڕەنگی زەوی بگرێ و زەوی بڕواتەوە داری فەنا

ڕەنگی ئاسمان شینە، ڕەنگی زەوی تۆزکارە. ڕەنگی ئاسمانەکە بوو بە ڕەنگی زەوی، واتە لەبەر زرمە زری سواران ئەوەندە تۆز کەوتۆتە ئاسمان، ڕەنگی ئەو وەکوو ڕەنگی زەوی لێ هاتووە. هووشەکاریەکە بە جۆرێکە، کە گوایە زەوی لەبەر چەپۆکانی ئەسپی جەنگاوەران هیچی نەماوەتەوە و لەناو چووە!

هەروەها لە پەخشانیشا لەبەر مەبەستێک ئەم جێ گۆڕکێیە هەیە، وەکوو ئەڵێ:

«دەوارەکە هەشت هەستوونی ئەوێ بۆ ئەوە لەنگەریان بخاتە سەر» لە ئەسڵا ئەبێ بووترێ:«بۆ ئەوە لەنگەر بخاتە سەر سەریان» ئەم ڕستەیە بە جێ هێشتووە -واتە زمان- چووە بۆ ئەو ڕستەی پێشوو، هێنای لەبەر ئەوە کە ئەو «سەر»ەی لابردووە و ڕستەکەی کورت کردۆتەوە «ان»ی جەمعەکەی پێش خستووە. بەم ئیشەی هەم ڕستەی کورت کردەوە، هەم حەسرێکێشی دروست کرد. حەسرەکە ئەوەیە هەر چێ گرانایەتی خۆی هەیە بیخاتە سەر ئەوان، بەڵام «بیخاتە سەریان» یا «سەر سەریان» ئەو حەسرە نابێ بەڵکوو ئەتوانێ بەشێکی لەو لەنگەرە بخاتە سەر شتێکی تریش، تەنیا سەرەکەی ئەوان لەم بارەدا شتی تری ناخرێتە سەر و تەرخان ئەبێ بۆ ئەو.

ئا ئەم دەستوورەش زمانەکە دروستی کردووە، من و تۆ دروستمان نەکردووە، من و تۆ تەنیا ئەوەیە لێی ئەکۆڵینەوە. دەستوور لەسەر زمان دائەنرێ، زمان لەسەر دەستوور دانانرێ.