گوزارەکاری

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  946 مشاهده

گوزارەکاری لەسەر ڕەوانکاری پێش ئەکەوێ چونکە ئەم گوزارەکارییە بەچاو ڕەوانکارییەوە وەکوو کەرتێک وایە لە ڕەوانکارییەکە، لەبەر ئەوە پێویستە بە پێشکەوتنی.

ئەمە و لەبەر ئەوە کە بە تایبەتی لەم گوزارەکارییەدا بەرانبەریکردن لەگەڵ «مقتضی ی حاڵ» بەشێکی هەرە گەورەیەتی. ئەمەش هۆیەکی تر بوو بۆ پێشکەوتنەکەی. ئەمەش مەعنای وا نییە کە لە ڕەوانکاریدا ئەم بەرانبەریکردنە نییە، لەوێشا هەیە، بەڵام لەمدا توندوتیژترە و ئەبێ بە کلیلێکیش بۆ ئەو، چونکە لەودا مەعنایەک بە گەلێ جۆر دێتەوە، پێویستە لە پێشا چاوڕوونییەک هەبێت لە باری «مقتضی ی حاڵ»ەوە.

دیسان یەکێکی تر لە ئیشی ئەم گوزارەکارییە ئەوەیە کە ئاگادارییەک بە سەر وشەدا پەیدا بکرێ؛ ئەو وشەیە کە لەگەڵ «مقتضی ی حاڵ»ەکەدا بەرامبەری ئەکا.

جا ئەم شتانە بوون بە هۆی ئەوە کە بابەتی گوزارەکاری پێش بابەتەکانی تر بکەوێ.

باسی گوزارەکاری بەچاو بەشی تێکڕای بەلاغەوە باسێکی فراوانە، ئێمە لێرەدا چەند بابەتێکمان گرت بە دەستەوە و ئەوانی ترمان واز لێ هێنا.

ئەم بابەتی گوزارەکارییە لەڕاستیدا هەشت لقی لێی ئەبێتەوە؛ «ئەحواڵی ئیسنادی خەبەری، ئەحواڵی موسەندالیە، ئەحواڵی موسنەد، ئەحواڵی دەست و پێوەندی فعل، قەسر، ئینشا، فەسڵ و وەسڵ، ئیجاز و ئیتناب و مساوات.»

بەلاغەی عەرەبی ئەمانەی هەموو گرتۆتەوە، بەڵام ئێمە لە پاش لێکدانەوە و وردبوونەوە ئەوەمان بە لاوە چاکتر بوو لەو ئەندازەیە کە باسمان کردووە زیاتر باس نەکەین. ئەوەش ڕاستە کە بەلاغە زانیارییەکە و چەمکی ئەو زانیارییە لە هەموو زمانێکا هەیە، وە ئەبێ لە زمانی کوردیشدا هەبێ، بەڵام وەکوو وترا زیاد لەوە بە زیاد ئەزانم.

بەڵێ! هەندە شت لەو باسی گوزارەکارییەدا هەیە ئەتوانرێ بە مەفهوومێکی کەم هەمووی وەر بگیررێ، وەکوو باسی خەبەر، ئینشا، واقع، جگە لە پێنج باسە سەرەکییەکە کە تا ئەندازەیەک بە درێژی باس کراون.

من بەلامەوە وایە پێویست ناکا لە شوێنێکی وەکوو ئەم شوێنە کە ڕەوانبێژییە وەختێکی زۆر بەوەوە خەریک بکرێ کە چۆن موسنەد نیسبەت ئەدرێتە لای موسنەد الیە؛ بە فعل ئەبێ با بە حەرف، بۆ نەفی ئەبێ یا بۆ ئیسبات.

بەڵێ! زانینی ئەمانە ئەبێ بزانرێن، بەڵام کتێبی «نەحۆ» واڵایە بۆ ئەم زانینانە. ڕاستە شتەکان هەن، وێنەش هەیە، ئەوەندە هەیە لەوانە گرنگتر هەیە، من باسی گرنگەکانم کردووە.