زمانپاراو

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  2580 مشاهده

ئەوە بوو وترا کە گرێلێدان خۆی لە خۆیا ناکەوێتە بەر زانیاریی ڕەوانبێژییەوە، بەڵام باسکردنیشی لەبەر ئەو شتانە کە وتران بوو بە پێویست. هەروەها وترا «زمانپاراو» وە یا «زماندار» بۆ «فصیح» و «فصاحە» ئەگونجێن. پێویستە بەو ناوەوە کە ئێمە لە دەستووری ڕەوانبێژییەوە قسە ئەکەین ئەبێ تۆزێ بە درێژتر بزانین کە ئەم «زمانپاراوی»یە وە یا «زمانداری»یە چییە و چۆن دروست ئەبێ. هەروەها ئەم شتە کە لێرەدا باسی ئەکەین زیاتر بۆ «دوان» «خطابە»یە بەڵام هەر بەو ناوەوە کە بابەتەکە بابەتی ڕەوانبێژی و زمانپاراوییە پێویستە سەرە دەزوێکی لێ بگرین بە دەستەوە.

زمانپاراوی، وە یا «فصاحە» زیاتر ڕوو لە وشە ئەکاتەوە، چونکە ئەگەر ئەو وشەیە، وە یا ڕستەیە پاراو بوو، گوزارە بەبێ گرێوگۆڵ ئەچێتە ناویەوە.

ئەم پاراوی وە یا «فصاحە»تە چەند مەرجێکی هەیە؛ ئەبێ ڕەوینەوەی تێدا نەبێ، هەڵەی تێدا نەبێ، لەگەڵ ڕێزمانی ئەو زمانە و قسەی زماندارەکانیانا جووت ببێ، ئەو واژەیە مەعناکە بە پوختی بگەیەنێ. بیانی و غەرابەی تێدا نەبێ، پێچە و دەورە و گرێلێدراویی تێدا نەبێ.

کە ئەڵێ ڕەوینەوەی تێدا نەبێ، واتە وشە و ڕستەکە زبر و تفت نەبن، بە ڕەوانی لە دەم بێنە دەرەوە و گوێی گوێگر ئازار نەدەن، وشەی وای تێدا نەبێ کە گوێگرەکە دانی ئاڵ ببێتەوە و مووچڕکی پێدا بێت.

کە ئەڵێ هەڵەی تێدا نەبێ و لەگەڵ ڕێزمانی ئەو زمانە و قسەی زماندارەکانیانا جووت ببێ، ئەمە ئەوەیە کە تاکە تاکەی وشەکان دروست بن و لەوانە نەبن کە زماندارانی ئەو زمانە بە کاریان نەهێنابن، پێچەوانەی ڕێزمانەکە نەبن. بەلای منەوە ئەم بەشەیان گرنگییەکی زیاتری هەیە، چونکە لەم سەردەمەدا -بە تایبەتی- کە تا ئەندازەیەک دەست دراوە بە نووسینی کوردییەوە، وە یا لە کوردەکان ئەچنە دەرەوەی وڵاتی خۆیان و هەندێ لە وشەی ئەو وڵاتانە دێننەوە، تاکە تاکەی ئەو وشانە تێکڵاوی زمانەکەی خۆیان ئەکەن، بەبێ ئەوە بیر لەوە بکەنەوە کە قسەکردنیان لە شوێنێکی ترایە و بەرانبەرەکەی لەوانەیە لە دوانەکەی تێ ناگا، ئەو لەسەر قسەی خۆی هەر دەڕوا. ئەمە بەپێی ڕاوێژی زمانپاراوی دوورە لە فەساحەتەوە بەرانبەر بەو زمانە، چونکە ئەو زمانە کەسیەتییەکی خۆی هەیە، ئەو بە خستنەناوەوەی ئەو وشانە کەسیەتی زمانەکە ئەشکێنێ!

ئەمە ئەمان وا، ئەمجا ئەوانەش کە نەچوونەتە دەرەوە، بەڵام دەستیان داوە بە نووسینەوە، ئەوانەش وشەی وا ئەخەنە ناو ڕستەکەوە، کە بەرانبەر بە هیچ جۆر گوێی بۆ نازرنگێتەوە و لێی تێ ناگا. ئەمەش دیسان پێچەوانەی زمانپاراوییە. سادەتر و پاراوتر لە زمانا ئەوەیە کە ئەهلی ئەو زمانە بەبێ گێرەوکێشە لێی تێ بگەن. ئەمەش وەکوو وترا بۆ کاتی وتاردانە، ئەگینا نووسین ئەتوانرێ وشەیەک تا ئەندازەیەک دوور نەبێ بیخاتە ناو نووسینەکەیەوە و لەگەڵیا موتوربەی بکا، واتە لەگەڵ زمانە ڕەوانەکەدا.

کە ئەڵێ واژەکە بە پوختی مەعناکە بگەیەنێ؛ واتە وشەکان لەوانە نەبن -با هەر لە ئەسڵی زمانەکەشا بن- وەکوو بێگانە وابن. وەکوو ئەوە ئەگەر دوو وشە هەبوو، یەکێکیان لەبەر هەر شتێک بوو خەڵکەکە تێ نەئەگەیشتن، یەکێکیکان بەتەواوی بەسەر زارەوە بوو، خەڵک بە پوختی لێی تێ ئەگەیشت. ئەو ئەمەیان بە کار بێنێت، نەچێ بۆ ئەوی کەیان، مەگەر لە کاتێکا نەبێ کە ئەمەی باوەکەیانی بە کار هێناوە، کەچی کوتوپڕ ڕستەیەکی تر دێ بە شوێن ئەو ڕستەیەدا، پێویستی بە وشەکە ئەبێتەوە. لێرەدا بۆ ئەوە دوو وشەی وەکوو یەک بە شوێن یەکا نەڵێتەوە، ئەتوانێ وشەکەی تر بەکار بێنێ. بەم ئیشەی، نە خۆی، نە ڕستەکەی، نە وتارەکەی لە پاراوی ناکەون.

کە ئەڵێ بیانی و غەرابەی تێدا نەبێ، ئەمەش ئەوەیە کە وشەکە بە پوختی گوزارەکە بدا بە دەستەوە، چونکە ئاشکرایە هەر مەعنایەک تا ئەندازەیەک وشەیەکی هەیە. هەتا ئەتوانێ ئەو وشەیە بە کار بێنێ. کە ئەمەی کرد ئەهلی زمانەکە بە پوختی و بەبێ گیروگرفتی لێی تێ ئەگەن.

کە ئەڵێ پێچە و دەورە و گرێلێدراویی تێدا نەبێ. لێرەدا و بۆ ئەم بەشە ئەبێ چەند شتێک بێنینە بەر چاو؛ ئەبێ پێچە و دەورە و کنایاتی وا نەهێنێتە بەر چاو کە زەین تێک بدەن و گوێگر نەتوانێ زوو مەعناکە وەر بگرێ. شتی وا نەڵێ کە چەند مەعنایەکی هەبێ و شاکارێکیش نەبێ بۆ بەدەستەوە نەدانی مەبەستەکەی ئەو، شتیش زۆر دووپات نەکاتەوە، نە زۆریش درێژی کاتەوە، نە کورتیش.

لێرەدا هەر مەبەست ئەوە بوو کە باسی فەساحەت بکرێ زیاتر بۆ دوان و وتاردان. ئەگینا ئەگەر بچینە سەر حەقێقەت، هونەرە قسەییەکان ناچنە ناو ئەم چەنبەرەوە، چونکە ئەو هونەرانە بۆ باسی زانیارییەکە، کە لە زمانەکەدا هەیە و بە نووسینی بۆ عیلمەکە ڕیز ئەکرێ.