گرێ لێدان

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 8 دقیقه  1703 مشاهده

لە زمانی کوردیدا ڕستە، وە یا «واژە»ی «زمان پاراو» هەیە، ئەمە بەلای منەوە ئەو چەمکەیە کە لە زمانی عەرەبیدا بە وشەی «فصیح» و «فصاحە» گوزارشتی لێی دراوەتەوە. ئەڵێ:«زمانێکی پاراوی هەیە»، واتە فەسێحە و هیچ گرێ و گۆڵی نایەتە بەر زمان. دیارە یەکێ کە زمانی پاراو بوو بە ڕەوانی قسەکانی لە دەم دێتە دەرەوە و هەڵەی تێدا نابێ، وە یا کەم ئەبێ. ئەوەی کە هەڵەی تێدا نابێ ڕەوانبێژی و بەلاغەکە ئەگرێتەوە. ئەم ڕەوانبێژییەش لە هەموو سەردەمێکا ئەوەیە کە ئەو قسانە شان بە شانی چۆنیەتی بابەتەکە بڕوا بەڕێوە، واتە لەگەڵ «مقتضیی حال»دا بەرانبەریی بکا، لەم بەرانبەریی کردنە بەشەکانی ڕەوانبێژی دروست بوون.

باسی «گرێ لێدان» کە دێتە پێشەوە ئەوەیە کە ڕەوانبێژییەکە ئەو گرێ و گۆڵیەی کە بە «گرێ لێدان» گوزارشتی لێ دراوەتەوە تێدا نەبێ، بەڵام ئەبێ بزانرێ کە ئەم گرێ و گۆڵیانە چین؟ بۆ ئەوە تۆ کاکڵەکەت بۆ دەر کەوێ.

ئەگەر هەموو شت چاک بوو خراپت بۆ دەر ناکەوێ، پێچەوانەکەشی: ئەگەر هەموو شت خراپ بێ، چاکت بۆ دەر ناکەوێ، کە وا بوو ئەبێ بڵێین ئەو شتە و ئەو شتە خراپە بۆ ئەوە چاکەکەت بۆ ڕوون ببێتەوە، وە یا ئەو شتە و ئەو شتە چاکە بۆ ئەوە خراپەکەت بۆ دەر کەوێ.

ڕاستە گرێ لێدان بەلای زانایانی ڕەوانبێژییەوە لە هونەرەکانی ڕەوانبێژی نییە، بەڵام ئەبێ ئەوە بزانین کە ئەم گرێ لێدانە کامەیە و چییە؟ هەتا تۆ بتوانی ڕاستییەک بخەیتە ڕوو. جا لەبەر ئەوە بەلای منەوە باسکردنی گرێ لێدان لە باسی بابەتەکانی ڕەوانبێژیدا باس بکرێ. کە ئەڵێن باس بکرێ مەبەست ئەوە نییە کە خودی گرێ لێدان لە کرۆکی ڕەوانبێژی و زمانپاراوییە، بەڵکوو مەبەست بابەتەکەیە. پێچەوانەی ئەم گرێ لێدانە ئەبێ بە یەکێ لە بابەتەکانی ڕەوانبێژی. وە بە تایبەتی تر پێچەوانەی ئەم گرێ لێدانە -کە گرێ کوێرەی تێی ئەکەوێ- «ئاشکرا - وضوح»ە. وضوح خۆی بە هۆی «تەغلیب»ەوە بوو بە یەکێ لە بابەتەکانی ڕەوانبێژی؛ ئەو بابەتانە کە ئەبێ ڕەوانبێژی لەمانەی تێدا نەبێ.

ئەمە و دیسان ئەگەر ڕاستت ئەوێ، ئەوی ئەم خێوەتی ڕەوانبێژی و بەلاغەیە دایگرتۆتەوە هەمووی لە «نحو» و «منطق»دا هەیە، هەر ئەو قسانەی نەحۆ و مەنتقە ئەم ئەیانکا بە ڕەوانبێژی. ئایا ئەمە ئەشێ کە بوترێ: قسەکانی ڕەوانبێژی هەموو لە زانیارییەکانی نەحۆ و مەنتقدا هەن، کە وا بوو ئیتر پێویست بەوە ناکا زانیارییەکی سەربەخۆی بۆ دابنرێ و بە ڕەوانبێژی ناو ببرێ؟! دیارە ئەمە ناشێ، چونکە هەر زانیارییەک کەسیەتی خۆی هەیە و ئەبێ لە ناو چوارچێوەی ئەو کەسیەتیەدا باسی ورد و دروشتی بکرێ.

بابەتێکی وەکوو گرێ لێدان ئەگەر لەناو چەنبەری ڕەوانبێژیدا باس نەکرێ، ئەی ئەبێ لە کوێدا باس بکرێ؟! هەر ئەبێ لە ڕەوانبێژیدا باس بکرێ، کە ئەمە هەبوو ئەویش خۆی بوو بە بابەتێک لە بابەتەکانی ڕەوانبێژی، بەڵام بۆ دوورکەوتنەوە لێی، نەوەک بۆ نزیکبوونەوە.

ئیتر لەبەر ئەمە من هاتم لە پێش هەموو بابەتە سەرەکیەکانا «گرێ لێدان»م دانا، بۆ ئەوە ئەمە ببێ بە دەروازەیەک بۆ چوونە ناو هەموو بابەتەکانی ڕەوانبێژییەوە. وە لە باوەڕی منا ئەبێ بایەخ بدرێ بە گرێ لێدان. جا زانایانی بەلاغەی عەرەبی گوێ ئەدەنێ، یا نایدەنێ، من گوێ بەو گوێدان و نەدانە نادەم!

دیسان دوور نییە بوترێ شتێک کە بە کێشە بوو بۆ تێگەیشتنەکەی بۆچ ئەبێ ئەمە بەر هونەر بکەوێ؟

لە وەڵامدا ئەوترێ بە جۆرێکی تێکڕایی کەڵک لە هونەری -بەتایبەتی گوزارەکاریدا- ئەوەیە کە نەوس لە باری وشە و گوزارەوە لەزەت و خۆشییەک وەر بگرێ، وەرگرتنەکەش ئەوەیە کە گەلێ شت لە دڵی خاوەن «دەق»دا پەنگ ئەخواتەوە، دێنێ بە جۆرە وشەیەک دەریان ئەبڕێ کە خوێنەر، وە یا گوێگر لەپاش خەریک بوونێک لەگەڵیا و لەپاش زانینی، پشوویەکی خۆشی پیا دێتەوە. دیارە ئەمە بێگومان بۆ نەوسی ئادەمیزاد بەهرەیەکە، کە بە هۆی ئەو وشانەوە وەری ئەگرێ و حەسانەوەیەکە بۆی.

کە وا بوو توانرا بوترێ، «گرێ لێدان» هەر چەندە لە ڕواڵەتا گرێ کوێرەیە بەڵام لە ناوەڕۆکا حەسانەوەی نەفسە و نەفس پێی گەشەدار ئەبێ.

***

جا ئەم گرێ لێدانە وا ئەبێ لە وشەدا ئەبێ، وە واش ئەبێ لە گوزارەدا ئەبێ، کە وا بوو بوو بە دوو بەشەوە.

وشەییکەش ئەگونجێ بە هۆی پێچ و پەنایەک بێ کە لە وشەکانا هەیە، واتە لە ڕیزکردنی ئەو وشانە کە لە ڕستەکەدا هەن پێچ و پەنایەک هەیە بۆ وەرگرتنی گوزارەکە، وە یا ڕاناو و هێمایەکی زۆریان تێی ئەکەوێ، وە یا دانانی جۆرە وشەی وا لە چەشنە ڕستەیەکی وادا ئەبێت کە سڵەماندنەوەیەک ئەدا بە گوێ و تەزوێک بە نەفسەکەدا دێت.

کە وا بوو وشەییەکەش بوو بە چوار بەشەوە.

بەشی دووەم لەو گرێ لێدراوە ئەوە بوو وترا گوزارەیییە. لەم گوزارەییەدا وا دیارە خوازە و درکە و خواستن بە تەواوی دەستیان تێدا هەیە، با ڕستەش پەخشان بێت؛ چونکە خاوەن ڕستە بە بەکارهێنانی هەندێ وشە لە ڕستەکەیا ئیشێکی وا ئەکا کە بە تەواوی خۆی لە گوزارە ڕاستەقینەکە دوور ئەخاتەوە.

لەم بەشەیانا دوور نییە نیازەکە لە دڵی خاوەن دەقا بە تەواوی چەسپ نەبووبێت بۆیە ئەم گرێ لێدراویە پەیدا ئەبێ.

جا ئێمە لێرەدا بۆ بەشەکانی گرێ لێدراوی وشەیی هەر یەک، وێنە دێنینەوە، ئەوەش بەر ئەوەیان ئەکەوێ کە ڕاناو و هێمایەکی زۆر لە ڕستەکەدا بەکار هێنرابێ و گرێ لێدراویەکەی دروست کردبێ، بۆ سێ بەشەکەی تر خوێنەر ئەتوانێ خۆی لێکی بداتەوە.

هۆنەر ئەڵێ -ڕەنگ بێ خاوەنەکەشی «سجادی» بێ-

عەتارد، موشتەری، مەڕیخی دەورانە
نیگاری من لە ناویانا نیشانە سونعی سوبحانە
ئەگەر ئەم بێ، وە یا ئەو بێ، وە یا جوزئێکی ئەم ئەو بێ
وە یا هیچ یەک نەبێ هەر خارجێ ئەوسافی ئینسانە!

تەماشا ئەکەین یەکەم نیوە هۆنراوی دووەم ئەوەندە «ئەم» و «ئەو»ی تێی کەوتووە -کە ئەمانە ڕاناو و هێمان- بە تەواوی لەوانەیە سەریان لە خوێنەر تێک دابێ و گرێ لێدراوییان لە هۆنراوەکانا دروست کردووە.

وە بۆ گوزارەییەکەش «بێخود» ئەڵێ:

غەزالی ئاگرین وەختێ کە بورجی ئاسمانی گرت
نیهالی قامەتی ڕۆمی لەگەڵ زەنگی بەرابەر کرد

مەبەستی هۆنەر بە غەزالی ئاگرین کوورەی «ڕۆژ - خۆر»ە، بە بورجی ئاسمان بورجی «حەمەل»، بە ڕۆمی «ڕۆژ» و بە زەنگی «شەو»ە.

مانای تێکڕای ئەوەیە ئەڵێ:

کاتێ ڕۆژ گەیشتە بورجی حەمەل، شەو و ڕۆژ بەرانبەر وەستان و بوون بە ئەندازەی یەک. دیارە ئەمەش ڕێکەوتی شەوی «٢١ مارت» کە شەوی نەورۆزە.

***

بەرانبەر بە گرێ لێدراو «ئاشکرا» هەیە، ئاشکراش ئەوەیە کە هیچ یەک لە بەشەکانی گرێ لێدراوی تێدا نەبێ، نە وشەیی، نە، گوزارەیی، وێنەش بۆ ئەمەیان وەکوو «پیرەمێرد» لە باسی سەرچاوەی «زەڵم»دا بە هۆنراوە ئەڵێ:

ئاوە جوانەکەی سەرچاوەی زەڵم
بۆ گەڵا ڕێزان سەر بە تەم و هەڵم
ئەڵێی سەرچاوەی بەختی کوردانی
سرەوتت نییە، وێڵی هەردانی
تاڤگەکەت سەر بەرز ساردە وەک تەرزە
دانەی مرواری لەنجەی سەد تەرزە
لەو ئاسمانەوە ئەڕژێتە خوارێ
لە چاوی گەردوون فرمێسک ئەبارێ
وێنەی عاشقێ کە ناڵە کار بێ
سەحرا نەوەرد بێ، پەیجۆری یار بێ
وێڵ و سەرە ڕۆ، بە ڕۆ، ڕۆی پڕ دەرد
لە قەڵبەزەوە سەر ئەدەی لە بەرد
دەست لە ملانی لەگەڵ «تانجەرۆ»
بەسەودای «سیروان» شەیدا و ڕەنجەرۆ
لە «دواوان»دا کە یەک ئەکەوی
دوو «مصرعی» بۆ بەیتی مەولەوی:
«سیروان»ی ئەم چەم، «تانجەرۆ»ی ئەو چەم
بدەن بە یەکدا ئەم چەم تا ئەو چەم
مەوەستە بڕۆ بە لم و خاکا
بگری لە بارگەی سەلمانی پاکا
پێی بڵێ قوربان تۆ ناوت پاکە
بمانخەرە ڕێ یەکیەتی و چاکە
لەبەر ئاودێری ئەو خاکە دێمە
کە پاراو ئەبێ بە ئاوی ئێمە
با گوڵ و نێرگس هەر دوو پێکەوە
شاد بن بە دڵی ڕێک و پێکەوە

وەکوو سەیر ئەکەین هۆنەر باسێکی گرتووە بە دەستەوە کە باسی دیمەنی «زەڵم» و «تانجەرۆ» و «دواوان»ە، بە ڕەوانی هێناویەتە خوارەوە، بە بێ ئەوە هیچ گرێ و گۆڵێکی تێدا هەبێ.

دیارە ئەمە ئەو «ئاشکرا - وضوح»ەیە کە قوتابخانەی ڕەوانبێژی لێی دواوە و هەموو مەرجێکی ئەو ڕەوانبێژییەی تێدا هاتۆتە دی.