ئاشنایەتی ڕەوانبێژی و لێکۆڵینەوە

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  2911 مشاهده

مەبەست بە لێکۆڵینەوە لەم شوێنەدا ئەوەیە کە لە پارچەیەکی ئەدەبی ورد ببینەوە بۆ ئەوە بزانین دروست و تەواوە، یا خەوشێکی تێدا هەیە و ڕاستییەکەی ون بووە. بۆیەش مەبەست ئەمەیە چونکە لێکۆڵینەوە بۆ شتی تری غەیری ئەدەبییش بە کار هاتووە؛ واتە بۆ شتی کردەوەیی، وە یا بێژراوی. لێرەدا مەبەست بێژراوییەکەیە و مەبەست ئەوەیە لەو جەوهەرە مەعنەوییەوە قسە بکرێ بۆ ئەوە پەردەی تاریک لە ڕوویا هەڵبدرێتەوە.

ئەدەب خۆی لە مەعنەویاتە، کە ئەڵێن لە مەعنەویاتە؛ واتە ئەو چەمکانەی کە لەودا هەن وەنەبێ شتێک بن کە بە چاو ببینرێن، وە یا بە دەست بگیردرێن، لێکۆڵینەوەکە ئەو جەوهەرە حەقێقییە دەر ئەخا.

بەلاغە بۆ چییە؟ دیارە بۆ ئەوەیە کە ئەدەبەکە ڕوون بکاتەوە، واتە زانیارییە جەوهەری ئەدەبەکە پیشان ئەدا. دوور نییە بوترێ هەر شتێک لە زانیاری بەلاغەدا باس بکرێ لە زانیاری «نەحۆ»یشدا هەیە. بەڵێ ئەمە ڕاستە بەڵام زانیاری نەحۆ شتێکی ترە و زانیاری بەلاغە شتێکی تر. شتی وا ئەبێ بەلای بەلاغەوە ڕاستە، کەچی زانیاری نەحۆ دانی پیا نانێ، هەروەها پێچەوانەکەشی.

جا ئەم بەلاغەیە ئەدەبەکە بەش بەش ئەکاتەوە؛ هەندێکی بە جوانکاری، هەندێکی بە ڕەوانکاری، هەندێکی بە گوزارەکاری. چۆن دەغڵێک سەرەتا «کەو» پاشان «سەرەن» پاشان «بێژنگ» ئەکرێ تا پوختەکەی بە تەواوی دێتە دەست، بەلاغە و ئەدەبیش وایە؛ ئەدەبەکە هەیە، بەلاغەکە ئەو ئەدەبە پوختە ئەکا و دیمەنێکی جوانتر لە قسەکانا پەیدا ئەبێ.

لێرەدا مەرج نییە هەر شتێک -بەتایبەتی قسە و نووسین- ناو برا بە ئەدەب «بلێغ و پاراو» بێت، بەڵام مەرجە لەم ڕووەوە هەر شتێک بەلێغ بوو ئەبێ بە ئەدەب و ئەدەبە. زانیاری بەلاغەکان «تان» و «پۆ»یەکی ئاوریشمە بۆ پارچەی خۆماڵیی ئەدەبەکە.

ئەمجا بەلاغە و لێکۆڵینەوە.

ئەبێ ئاشنایەتییەکی تەواو هەبێ لەنێوانی ئەم بەلاغە و لێکۆڵینەوەدا، چونکە بەلاغەکە بۆ ئەدەبەکەیە، لێکۆڵینەوەش هەر بۆ ئەدەبەکەیە. ئەتوانین بڵێین لێکۆڵینەوەکە بە دوو چاو سەیری ئەدەبەکە و سەیری بەلاغەکە ئەکا. لێکۆڵینەوەکە لەسەر بناغەی ئەو زانیارییە کە هەیەتی وەکوو چۆن سەیری گرانی و سووکی، بەرزی و نزمی ئەدەبەکە ئەکا، بەو جۆرەش ئەچێتە پارێزەوە بۆ سەیر کردنی بەلاغەکە. بەڵکوو بەلاغە، کە بریتی بوو لەو سێ بابەتەی پێشوو، وە هاتە سەر ئەوە کە ئەدەبەکە لەناو ئەوانەدایە، بوو بە وەکوو هەڵم لەناو ئاودا و بوو بەوان. لێکۆڵینەوەکە ئیتر لەوانەیە بەتەواوی گۆڕی خۆی ببەستێتەوە بۆ پەلاماردان لەو بابەتانە.

ورد ورد تەماشای ئەوە ئەکا کە ئایا ئەو ئەدەبەی کە بەلاغە بە جوانکاری، وە یا ڕەوانکاری، وە یا گوزارەکاری داناوە ڕاستە وانە یان نە؟ ڕاستە هونەرە قسەییە ئاشکراکان لەو بەشەدا هەن؟ ڕاستە ئەو زانیارییە کە چۆنیەتی وشەی پێ ئەزانرێ، ئەو زانیارییەی تێدا هەیە؟ ڕاستە گوزارەی بەرز و ناسک لەو ڕستەیەدا هەیە؟ ڕاستە جوانیی وشە لەو شوێنەدا هەیە؟ ڕاستە کە یەک گوزارە بە هۆی وشەی جۆراوجۆرەوە باس بکرێ؟ وە یا یەک وشە چەند گوزارەی لێ وەر بگیررێ؟ ڕاستە لە باری گوزارەکارییەوە ئەزانرێ کام وشە وە یا ڕستە جوان و دڵگیرە وە یا جوان نییە؟

لێکۆڵینەوە سەیری ئەوە ئەکا کە هەر یەک لەمانە شوێنی خۆیانیان گرتووە؟ یان نە؟ بە دوو چاوی تیژ و وردبین تەماشا ئەکا. ئەوەی کە قوتابخانەی بەلاغە بەخوازە، یا خواستن، یا درکە، یا وەک یەک، وە یا کورتبڕی، یا لێکدان، وە یا هونەرەکانی تری داناوە ئایا وانە یان نە؟ وەکوو وەستایەکی گڵکاری لێ دێ کە وا خشت و نەخشی زێڕین لەخەلفەکە وەر بگرێ و دای بڕێژێ، چونکە لێکۆڵینەوە سەیری دەق ئەکا، سەیری چەشنی نووسینی ئەو دەقە ئەکا.

سەیری ئەوە ئەکا کە ئەم دەقە هی کێ، وە هی چ سەردەمێکە. سەیری ئەوە ئەکا کە دەقی ڕەسەنی لە هی لاوەکی جیا ئەکاتەوە، وشەی زبر و نەرم لە یەک ئەکاتەوە، ئەزانێ چ وشەیەک بۆ چ شوێنێک دەست ئەدا، چ ڕستەیەک بۆ چ جێگایەک بەکەڵکە، کام وشە و ڕستە کاریگەرییەکەیان زیاترە بۆ جێگای خۆیان، ئەم لێکۆڵینەوەیە بۆمان ڕوون ئەکاتەوە کە خاوەنی دەق توانیویە سەرکەوێ لە بەرهەمەکەیا، یان نە؟

گومانی تێدا نییە ئەو دەقە کە لێکۆڵینەوە ئەم بژارەی تێدا ئەکا ڕستە و هۆنراو و وشەیە، خاوەنی بەلاغە ئەو ڕستە و هۆنراو و وشەیە کە هێناویە و ناوی گوزارەکاری و ڕەوانکاری و جوانکاری بۆ داناوە، ئەم ئەتوانێ -واتە لێکۆڵینەوە- لەپاش وردبوونەوە ڕەخنە لە خاوەن بەلاغە بگرێ بڵێ: ئەوەی کە تۆ لە زانیارییەکەی خۆتا بە کارت هێناوە، لەبەر ئەم هۆیە و ئەو هۆیە ئەو وشە، وە یا ئەو ڕستەیە بە کەڵکی ئەو شوێنە نایە.

کەوا بوو ئاشنایەتی لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەلاغەدا وەکوو ئاشنایەتی بەردی مەحەکە لەگەڵ زێڕدا؛ چۆن ئەو بەردە زێڕێکی پوختەت بۆ ئەدۆزێتەوە و ئەیدا بە دەستتەوە. ئەمیش کرۆکێکی پوختەی ئەدەبی ئەدۆزێتەوە و ئەیخاتە بەر چاوی ئەهلی بەلاغە.

لەمەوە ئەوە دەرکەوت کە چەندە ئاشنایەتی ئەدەب و ڕەوانبێژی پێکەوە هەیە، ئاشنایەتی لێکۆڵینەوە و ڕەوانبێژی گەلێ بەتینتر و بەهێزترە لەو، چونکە بەلاغەکە هەر ڕوو لە ئەدەبەکە ئەکاتەوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکە ڕوو لە بەلاغەکە و لە ئەدەبەکەش ئەکاتەوە و لە پارێزایە بۆ هەر دوو لایان.