ئەدەب چییە و ڕەوانبێژی چییە؟

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  14777 مشاهده

چ ئاشنایەتییەکیان پێکەوە هەیە؟

ئەدەب بە چەمکی گشتیی گوزارەیەکی زۆری هەیە، بەڵام بە جۆرێکی تایبەتی و بۆ قسە لێوە کردن لەم شوێنەدا بریتییە لەو شتە نایابانە کە پێشینان هێشتوویانەتەوە و بەجێیان هێشتووە بۆ دوای خۆیان؛ ئەوانەش وەکوو هۆنراو و پەخشان، پیشەی قەشەنگ، مووزیقا و ساز و ئاواز و وێنەی بە پەرداخ. ئەمانە بە قسەی جوانی مرواری ئامێز -نووسراوە بووبن یا نەنووسراوە- بەڵگەی کۆنی سەر بەردەکان کە داستانی ئادەمیزاد ئەگێڕنەوە، ئەو نەوا کاریگەرانە کە لە تەلی مووزیقاکانەوە دەر ئەچن و مێشک و دڵ و دەروون گوڵاوپاشی ئەکەن.

جا ئەم ئەدەبە بەم جۆرە وەنەبێ تایبەتی بێ بە نەتەوەیەک و نەتەوەیەکی تری لێی بێبەش کرابێ، چونکە ئەمانە لە کرد و کۆشی زانکۆی ئادەمین، بەڵکوو وەکوو تیشکی خەتەکانی ڕۆژ چۆن هەموو لایەک ئەگرنەوە ئەویش وایە، ئەگەر نەتەوەیەک بۆی نەلوابێ بەشەکەی خۆی شارۆ بکا ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە نەیبووە، بەڵکوو ئەوە ئەگەیەنێ کە بەرهەڵستێک لە ئارادا بووە بۆ ئەو شارۆ نەکردنە، کە بەرهەڵستەکە نەما مەیدان فراوانە بۆ کۆ کردنەوەی، وەکوو ڕووناکی ڕۆژەکە کە لە ناو ژوورێکی بە چوار دیوار گیراوا دەر ناکەوێ، هۆیەکە دیوارەکانن - کە بەرهەڵستەکەیە - کاتێ ئەو بەرهەڵستە لاچوو ڕووناکییەکە جێگای خۆی ئەگرێتەوە.

ئەمە ئەدەب، ئەمجا «ڕەوانبێژی» «تان»ی ئەو ئەدەبەیە.

لە زمانی عەرەبیدا بەو قسە و باسەی ڕەوان و گەوارا بێ ئەڵێن «بليغعربی» و پاشان «بلاغةعربی»ی لێ وەرگیراوە بۆ هەمووی و بووە بە ناو بۆ زانیارییەکە.

لە زمانی کوردیدا ئەو چەمکە کە «بلاغةعربی»ی لە زمانی عەرەبیدا بۆ دانراوە وشەی «ڕەوانبێژی» بە تەواوی پڕی ئەکاتەوە و بەڵکوو زیاتریش. وە بۆ «بليغعربی»ەکەش من بەلامەوە «پاراو» جێگای خۆیەتی.

جا لەبەر ئەوە وشەی «ڕەوانبێژی» بۆ ئەو زانیارییە دانراوە، وە تەنانەت ئەتوانرێ بوترێ وشەی «خۆشخوانی»ش هەر چەشنی مەبەست ئەدا بە دەستەوە.

ڕەوانبێژی، وە یا خۆشخوانی ڕوو لە سووچێک لە سووچەکانی ئەدەب ئەکاتەوە؛ واتە ڕوو لە قسە بە هەر دوو چەشنەکەیەوە -هۆنراو و پەخشان- ئەکاتەوە، ئەو هۆنراو و پەخشانە ئەبێ بەپێی پلە تێگەیشتنیان تێدا هەبێ، تێگەیشتنەکەش بە هۆی هونەرە قسەییە ئاشکراکانەوە ئەبێ، ئەمانەش لە ناو چوارچێوەی ڕەوانبێژیدان کەوا بوو ئاشنایەتی ئەدەب و ڕەوانبێژی وەکوو ئاشنایەتی مرۆڤ و گیانلەبەرە؛ مەرجە هەموو مرۆڤێک بەر گیانلەبەر بکەوێ، بەڵام مەرج نییە هەموو گیانلەبەرێک مرۆڤ بێ.

وترا کورد ئەدەبی هەیە، کە هەیبوو ئەبێ ڕەوانبێژیشی هەبێت، ئەمیش هەر وەکوو ئەدەبەکە وەنەبێ تایبەتی بێ بە زمانێکەوە، بەڵکوو هەموو زمانێک بۆی هەیە لە سەر ڕێچکەی زمانەکەی خۆی بەشی خۆی لێ وەر بگرێ. لەبەر ئەوە ئێمەش ئەتوانین بلێین: ڕەوانبێژی لە زمانی ئێمەشدا هەیە. جا بەو بۆنەوە ئەڵێین:

ڕەوانبێژی لە سەر ئەو چەمکە کە زمانی کوردی وەری ئەگرێ لەگەڵ باسی زانیاریی زمانەکانی تردا -کە هەر یەکە بۆ خۆیان کردووە- بریتییە لە دەربڕینی کۆمەڵە گوزارەیەکی فراوان لە قاڵبی چەند وشەیەکی کەمدا.

ڕاستە وشە لە دایەخی ئەوە دەر نایە کە بە فراوانی باوەشی خۆی بۆ گوزارە واڵا بکاتەوە، بەڵام ئەو جارانە کە تا ئەندازەیەک لە دایەخی دەردێت ئەتوانرێ بە ڕەوانبێژی ناو ببرێ.

ئەم لە دایەخ دەر نەهاتنە هەندێ جار ڕوو لە تام و چێژی خاوەن قسە و گوێگر ئەکاتەوە، کە ئەو خاوەن قسە، وە یا بڵێین قسەکەرە بە جۆرێکی تایبەتی گوزارە پەنگ خواردووەکانی دەروونی ئەڕژێنێتە ناو قاڵبی وشەوە، گوێگریش بە سۆزێکەوە وەکوو هەنگ چۆن شیرەی گوڵ ئەمژێ، ئەویش پەردەی دڵ و دەروونی هەڵئەداتەوە بۆ وەرگرتنی ئەو وشە و گوزارانە وەریان ئەگرێ و هەڵیان ئەمژێ.

هەندێ جاریش یا ڕوو ئەکاتە ناوەڕۆکی شتەکە و بە تەواوی ئاراستەی ئەو ناوەڕۆکە ئەبێ بۆ هەڵسەنگاندنی، یا ڕاستەوڕاست ڕوو ئەکاتە وشە و گوزارە بۆ ڕازاندنەوەیان.

- یەکەمیان لە زانیاری ڕەوانبێژیدا من بەناوی «گوزارەکاری - مەعانی».

- دووەمیان «ڕەوانکاری - بەیان»

- سێیەمیان «جوانکاری - بەدیع»ەوە ناویان ئەبەم.

دیارە ئەم سێ لقەش خۆیان لە ناو وشەکانی خۆیانا ئەتوێنەوە؛ واتە هەر یەکەیان ئەبن بە چەند هونەر و بەشەوە.