گوزارشتێک

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  1661 مشاهده

زمانی کوردی ئەبێ ڕەوانبێژیی تێدا هەبێ، ئەم کتێبەش قسە لە ڕەوانبێژییەوە ئەکا.

بابەت جیایە و «ناو» جیایە، بابەتەکە بریتییە لەو هونەرە بەلاغییانە کە لە زمانەکەدا هەن، ناوەکە بریتییە لە «ناو» بۆ بابەتی ئەو هونەرانە. وێنەی ئەمە، وەکوو ئەوە کە «دانا، نەوزاد، تارا» ناوی ناون، ناو بۆ دانراوەکە، واتە «مسمی»کان، ئەوان شتێکی ترن کە جیان لە ناوەکان.

لێرەشا بابەتی هونەرەکان شتێکن و ناوەکان شتێکی ترن کە جیان لە یەک.

لە نێوانی ڕەوانبێژی و خۆشخوانی، وە یا بەلاغە و ڕەوانبێژی، وە یا بەلاغە و خۆشخوانی گەلێ شت هەیە، ڕستەی ڕەوانبێژی، واتە وتنێک کە بێ گرێ و قۆرت بوترێ، هەمووی ئەگرێتەوە.

وشەی «ڕەوان» ڕۆیشتنێکە کە هیچ کۆسپی نەیەتە بەر. «بێژی» بە مانا وتن. تێکڕاکەی وای لێ دێتەوە:

وتنێک، قسەیەک کە بە بێ قۆرت و بە ڕەوانی بوترێ. ئەو ڕستەیەش کە ئەوترێ:

«دەرسەکەی ڕەوانە» ئەو ڕەوانەش هەر لەم ڕەوانەوە هاتووە.

«خۆشخوانی» واتە: جوان و شیرین خوێندن، کە وتت خوێندن هەموو جۆرە خوێندنێک ئەگرێتەوە؛ خوێندنی بەرز و نزم، ڕەوان و ناڕەوان، هی ئەو زمانە و غەیری ئەو زمانە، بەڵام زاراوە، تایبەتییەکی دایە و کردی بە ناو بۆ شتە نووسراوەکە؛ واتە نووسراوێکی خۆش خوێن. ئەمجا تایبەتییەکی بۆ دروست کرا، کرا بە ناو بۆ ئەو بابەتە بەلاغییانە کە زمان کۆک ئەکەن بۆ ڕاهاتن بە ڕستە و قسەی جوانەوە، وە یا بۆ ئاشکرا کردنی وتنی بەنرخ و بەجێ.

ئەمجا من هاتم دەستکارییەکی ترم تیا کرد؛ واتە زاراوەیەکی ترم دروست کرد. ئەمەش کە ئەیڵێم وەنەبێ زۆر ڕۆیشتبم! هەموو زاراوەیەک سەرەتا یەکێک دای ئەنێ و پاشان بڵاو ئەبێتەوە.

هێنام ڕستەی «خۆشخوانی»م کرد بە وشەیەک و کردم بە ناو بۆ ئەو کتێبە کە قسە لە ڕەوانبێژییەوە ئەکا، وەکوو لە کاتی خۆیا ڕستەی «نرخ شناسی»م کرد بە ناو بۆ ئەو کتێبە کە باس لە لێکۆڵینەوەی ئەدەبی کوردییەوە ئەکا. ئەم جۆرە ئیشکردنەش لە هەموو زمانێکا هەیە و هیچ جێگای سەرسووڕمان و ڕەخنە لێ گرتن نییە.