خەبەر و واقیع

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  898 مشاهده

وە یا لە باسی خەبەر و ئینشادا ئەمە زانیاری نەحۆ زیاتر چووەتە ناویەوە. بۆ وێنەیەکی کورت لێرەشا هەر ئەوەندە وەکوو مستێک لە خەروارێک ئەڵێ:«ئازاد کتێبەکەی هێنا».

ئەمە خەبەرێکە ئەیدا، ئەم خەبەرە دوو لا هەڵ ئەگرێ؛ ئەوە هەڵ ئەگرێ کە ڕاست بێ و هێنابێتی، ئەوەش هەڵئەگرێ کە ڕاست نەبێ و نەیهێنابێ. لەکاتێکا کە ڕاست بێ ئەمە لەگەڵ واقعدا ئایا بەرامبەریی کردووە؟ یا نەیکردووە. بەرانبەریی کردووە لە کاتێکا کەسی یەکەم -کە متکلمه- چاوی بە کتێبەکە کەوتووە و هێناویەتی، کەسی دووەم -کە مخاطبە- کە چاوی بە کتێبەکە نەکەوتبێ بەلای ئەوەوە لەگەڵ واقعدا یەکی نەگرتەوە، بەڵکوو هەر خەبەرێک بووە و گوێ لێی بووە.

زیاد لەمەش واقع دوو جۆرە؛ واقعێک هەیە لەگەڵ ڕاستی و حەقێقەتی شتەکە «یەکە»، واقعێکیش هەیە لەگەڵ دڵی قسەکەرەکەدا یەکێکە با لە ڕاستییشدا لەگەڵ حەقێقەتەکە یەک نەبێ. وەکوو ئەوە:

دوو کەس لە دوورەوە تاپۆیەک ئەبینن، یەکێکیان ئەڵێ ئەوە «دار»ه، یەکێکیان ئەڵێ «گا»یە، وە هەردووکیان شێرگیرن لە سەر بڕوای خۆیان، یەعنی هەردووکیان بە هەموو قەناعەتێکیانەوە وا ئەڵێن. ئەمجا ئەچنە سەر تاپۆکە بزانن چۆنە؟ ئەگونجێ دار بێ، ئەگونجێ گا بێ، ئەگونجێ هیچیان نەبێ، ناگونجێ هەردووکیان بێ.

کە چوون سەیریان کرد دارە و «گا» نییە، ئەوە واقعە بنەڕەتییەکە لەگەڵ واقعی ئەو کەسەیانا کە وتوویە «دارە» یەکی گرتەوە. واقع بە چاو ئەوەوە دووپاتە بووەوە و بوو بە دوو واقع؛ یەکێ واقعی «نفس الامری»، یەکێ واقعی بڕواکەی خۆی.

بە چاو ئەوی تریانەوە کە وتبووی «گا»یە، تا نەچووبوونە سەر تاپۆکە خاوەنی باوەڕی گا هەر بە گای زانیوە، ئەگەر تەڵاقی لەسەر بخوا تەڵاقی ناکەوێ، چونکە هێشتا نەچووە تا بۆی دەرکەوێ ئەمە گایە یا گا نییە، واقعی دڵی ئەو و باوەڕی ئەو هەر بە گای داناوە، بەڵکوو ئەو تاپۆیە هەر گایە تا واقعی ڕاستەقینە دەر ئەکەوێ.

ئەمە بەرانبەر بە ڕاستیی یەکێکیان و نەهاتنی ڕاستیی بۆ ئەوی تریان. ئەوە مایەوە کە ئەو تاپۆیە لەگەڵ باوەڕی هیچیانا یەک نەگرێتەوە. واتە نە «دار» بێ و نە «گا». ئەوە تا ئەو ساتە واقعی هەردووکیان ڕاست بووە، واقعی بنەڕەتی لە پاش پەیجۆربوونی، واقعەکەی ئەوانی بە هیچ دەر کرد.

ئەگەر خۆ جەوهەری تاپۆ هەروا بەو تاریکییە مایەوە و تەحقێق نەکرا ئەوە تا ڕۆژی قیامەت واقعی هەردووکیان هەر ڕاستە، با لەگەڵ واقعی ڕاستەقینەشا یەک نەگرێتەوە.

ئەگەر هی یەکێکیان لەگەڵ ڕاستەقینەکەدا لە ڕاستییدا یەکی گرتبوو، با ئەمانیش هەر لەسەر ئەو تاقی نەکردنەوەیە مابووبنەوە، ئەوە واقعی ئەو یەکەیان لەگەڵ واقعی ڕاستیی یەکی گرتووە، ئەویکەشیان هەر لەگەڵ دڵی خۆیا یەکی گرتۆتەوە.