بەحری «مقتضب»

از کتاب:
بەدیع و عەرووزی نامی
اثر:
ملا عبدالکریم مدرس (1901-2005)
 2 دقیقه  822 مشاهده
بەحری «مقتضب» وا باس کراوە
بە شەش تەفعیلە وەزنی تەواوە
بۆ هەر «مصرع»ێ یەک «مفعولاتن»
دوو «مستفعلن» لە دووی یەک هاتن
«عروض»ی یەکە «مجزء» و «مطوی»یە
«ضرب»ی یەکێکە وەها مەروییە
«جزء» دیارە و موعاملەی «طی»
بۆ «مستفعلن» وەهای لێ بکەی
کە «مفتعلن» دانیشێ لە جێی
بیخوێنەرەوە حاڵی ببە لێی
***
دڵبەری من نەوجەوان
شاگوڵی باغی گوڵان
نێرگسی مەستی چاوی
وێنەی چاوی ئاهووان
قەد عەرعەرە، موو کەمەرە
سینە بلوور، ڕوو قەمەرە
دەمی وەکوو غونچە گوڵە
دەرمانی ئازاری دڵان
گەردەن بلووری دڵبەرە
شەوقی لە بۆ ماڵ و دەرە
هەتاوی ڕووی کە کەوتە دەر
ڕووناک ئەکا دڵی جوان
ئەبرۆی ڕەشی کەچی بوو
وەنەوشە ملکەچی بوو
ڕێحانە حەیرانی ئەوە
وا بە هەوا دێتە تەکان
سۆسەن لەبەر مەغارێ
سەر دەر ئەخا بەهاران
لە عەشقی ڕووی بەجارێ
وەختە بێتە وتاران
شەقایەقی کۆساران
ئەبا دڵی دڵداران
زوەقی ڕوی ئەوە یاران
خۆی دەر ئەخا بەهاران
غونچە بەسەر شاتەوە
بۆچ لێوی ناکاتەوە
خەجاڵەت ئەیباتەوە
خۆ دەر بخا لە یاران
سەحەر لەسەر هەردەوە
گوڵ کە دەمی کردەوە
وتی بەدەم دەردەوە
لە کوێیە شای دڵداران
دڵ بولبولی گوڵزارە
عاشقە بەو ڕوخسارە
تو خودا وەرە ئەمجارە
بتبینم وەکوو جاران
لەبەر دەردی دەروونم
بەخوا گەلێ زەبوونم
لە خەمدام چەشنی نوونم
لوقمانی دەردەداران
حوببت گەر دڵ داگرێ
تاولەرزی خەم نایگرێ
هەروا ئەژی تا ئەمرێ
ئەیبەن لەبۆ مەزاران
نامیتخلص بەقوربانی تۆ
قوربانی دەربانی تۆ
عاشقە بە چاوانی تۆ
قەسەم بە گوڵی ڕوخساران